مەلزەمە لە نێوان تەمبەڵی قوتابی و چاولێكەری مامۆستا

جێگر جلال شێخ زادە

بیرمە كاتێك قوتابی بووم ڕۆژێكیان قوتابیێكمان مەلزەمەی هێنابوو بۆ قوتابخانە، كە مامۆستا بینی لێی وەرگرت و پارچە پارچەی كردوو فرێیدا گووتی" جارێكی تر نەبینم مەلزەمە بەكار بێنن " ئێستا رێك پێچەوانەی ئەو كاتەیە، هەموو مامۆستایەك مەلزەمەی تایبەت بەخۆی هەیە و ئەڵێ لەسەر ئەم مەلزەمەییەی من دەخوێنین و دەبێ هەمووتان بیكڕن، لەسەر ئەو مەلزەمەی من بخوێنن بەرزترین نمرە بە دەست دێنن، بەشێك لە مامۆستایان خۆیان مەلزەمەیان نییە، بەڵام رێكلام بۆ مامۆستا هاوڕێكەی دەكات، هەندێك مامۆستا ئەوەندەی پشت بە مەلزەمە دەبەستن، ئەوەندە پشت بە پڕۆگرامی پەروەردە نابەستن، ئەم زۆر بوونەی مەلزەمەش زۆربەی كات بە هۆی چاولێكەری مامۆستایانە، چونكە مامۆستا هاوڕێكەی مەلزەمەی هەیە چۆن دەبێت ئەو نەیبێت، یان مامۆستا هەیە لە دوو سێ بابەت مەلزەمەی هەیە تەنانەت لە هەنێ بابەت مەلزەمەی هەیە كە هیچ پەیوەندی بە بەشی ئەوەوە نییە.
كاتێ قوتابی پۆلی (شەشی ئامادەیی بووم) بە زمانی ئێستا دوازدەی ئامادەیی، لە وانەیەكدا لەسەر مەلزەمەم خوێند، بەلام تەنها لەو وانەیە كەوتمە خولی دووەم، كەچی هەر لەو وانەیە لە خولی دووەم بێ مەلزەمە توانیم سەركەوتووبم، لە ئێستادا قوتابییەكانمان لە هەموو بابەتەكان چوار بۆ پێنج مەلزەمەیان هەیە و هێندەی خەریكی كڕینی مەلزەمەن، هێندە خەریكی خوێندن نین، لە سەر هەموویان دەخوێنن و خۆیان تووشی فشارێكی زۆری دەروونی دەكەن، بۆیە زۆرینەی قوتابییەكانمان یان لە نیوەی رێگا واز دێنن یان نمرەی كەم بەدەست دێنن و سەركەوتوودەبن و چاوەڕێی ناو گەرانەوە دەبن تا تەمەنیان ماوە یان نمرەی باش بەدەست دێنن بێ ئەوەی زانیاری باشیان لابێت، بەرەو زانكۆ و پەیمانگەكان دەڕۆن و هەر لە سەرەتاوە دەكەونە گلەیی و گازندە كردن، ئەڵێن ئەمە زۆر قوڕسە و ئێمە ناتوانین سەركەوتووبین، چون لەوێ پرۆگرامێكی دیاریكراو نییە تا مەلزەمەی لە بازاڕا دەست بكەوێت.
لە هەمووی ناخۆشتر و سەیرتر ئەوەیە، ئێستا مەلزەمە بۆ قۆناغەكانی (چوار و پێنج و شەشی)ی بنەڕەتیش پەیدابووە، باشە منداڵێكی ئاوا مەلزەمەی بۆ چییە؟ ئەو بارگرانی كتێبەكانی خۆی زۆرە، ئیتر مەلزەمەی چی بۆ چاپ دەكەن؟بۆیە دەبینین منداڵ هەر لەو تەمەنەوە فێری مەلزەمە دەكەن، ئازیزم فێری مەلزەمەی مەكە، فێری خوێندنەوەی كتێبی بكە تا كتێبی لا خۆشەویست بێت نەك وەك ئێستا كە قوتابی خوێندنیش تەواو دەكات كتێب بە دووژمنی خۆی دەزانێت، بە داخەوە خوێندن هەمووی بووە بە بازرگانی و پارە كۆكردنەوە لەسەر گیرفانی دایك و باوكی، قوتابی كە مەلزەمەش بەشێكی زۆری لەم بازرگانییە بەردەكەوێت.
من ناڵێم مەلزەمە بە شێوەیەكی گشتی خراپە، بەڵام بەو شێوە زۆرەی كە ئێستا هەیە خراپە، بۆیە پێویستە وەزارەتی پەروەردە ڕێگا چارەیەكی گونجاو بگرێتە بەر، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە چاودێری بخاتە سەر مەلزەمە بۆ ئەوەی هەر كەسێك بە دڵی خۆی مەلزەمەیەك چاپ نەكات تا سەر لە قوتابییان نە شێوێنن، گەر هیچ نەبێت رێگا لەو رێكلامە زۆرەی مامۆستا بگرن لە قوتابخانە و سنوری وەزارەتی پەروەردە، وە پێویستە بە یاسا ئەم بابەتە رێكبخرێت بۆ ئەوەی ئەو زۆر و بۆری و بێ خاوەنی مەلزەمەكان نەبێت و چیتر كەسی بەتاڵ لە زانیاری بەرهەم نەهێنرێ. باشە گەر قوتابیێك بتوانێ چوار بۆ پێنج مەلزەمە بخوێنێت بۆچی ناتوانێت یەك كتێب بخوێنێتەوە؟.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو