كودەتای سەربازی لە عێراق روو دەدات؟

نەجات یوسف

خەریكە عێراق دەبێتە قوربانی كێشە و ململانێی نێوان ئێران و ئەمریكا، لە ماوەی رابردوو حكوومەتی ئەمریكا داوای لە عێراق كرد خۆی یەكلایی بكاتەوە یا پشتگیری لە ئەمریكا بكات یا پشتگیری بۆ ئێران دووپات بكاتەوە، چونكە عێراق نابێتە وڵاتێك جێگای ئەمریكا و ئێرانی تیادا ببێتەوە.
حەشدی شەعبی گەورەترین خاڵی ناكۆكییە لە نێوان ئێران و ئەمریكا، ئیستا عێراق بووەتە گۆڕەپانی میلیشیا ئیرانییەكان حكوومەتی عێراق ناتوانێت ئەم باروودۆخەی ئیستا تێیكەوتووە خۆی لێ رزگار بكات.
ئەمریكا بەردەوام پاڵەپەستۆی خستۆتە سەر حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی لە عێراق نەهێڵێت. لەم رۆژانەدا بۆ جاری پێنجەم عادل عەبدولمەهدی هۆشدارییەكی توندی دایە حەشدی شەعبی یا پەیوەندی بە سوپای عێراقەوە بكەن یا وەك میلیشیایەكی سەربەخۆ نابێت لە عێراق بمێنن.
ئەمباروو دۆخەی ئێستا باشترین دەرفەت بوو بۆ ئێران هاتە پیشەوە كە هانی زۆربەی پارێزگاكانی عێراقیدا تا دەست بە خۆپێشاندان بكەن، لە ژێر ناونیشانی دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری.
ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات كودەتاییەكی مەدەنیانەیە هەر چەندە دەستی دەرەكی لە پشتە بۆ مەبەستی سیاسی و دەیانەوێت كۆتایی بە حووكمی عادل عەبدولمەهدی بێنن.
تاك ئێستا سوپا بێلایەنی خۆی دەربڕیوە و نەچووەتە پاڵ خۆپێشاندەران، بەڵام هەموو چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لە ئامادە باشیدان و پشتگیریەكی تەواوی خۆپێشاندەران دەكەن.
هەندێك لە بەرپرسانی حكوومەتی عێراق داوایان كردووە بە زووترین كات حكوومەتێكی كاتی بە ناوی حكومەت رزگاری دابمەزرێت، بەڵام سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمەی رەتكردەوە.
لە ئێستادا پیلانێكی گەورە لە ئارادایە دەیانەوێت حكومەتی عێراق بگۆڕن تا رادەیەك دەستی ئەمریكا و بریتانیاشی تێدایە، چونكە ئەو دوو وڵاتە پشتگیرییەكی تەواوی خۆپێشاندەرانیان كرد وەك چاودێرانی سیاسی پێشبینی دەكەن ئەم پیلانە خۆی لە دوو هۆكار دەبینێتەوە.
یەكەم: ئەمریكا دەیەوێت كودەتایەك لە عێراق هەڵگیرسێنێت بۆ ئەوەی سووننەكان بێنێتەوە دەسەڵات.
دووەم: هەوڵی ئەوە دەدرێت لە رێگای ئەم كودەتایەوە حەیدەر عەبادی بكەنەوە سەرۆك وەزیران، چونكە لە رابردوو عەبادی زۆربەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكای لەبەر چاو دەگرت.
ئێستا عێراق چووەتە قۆناغێكی زۆر هەستیار و مەترسیدار خەریكە كودەتایەكی سەربازی عێراق دەگرێتەوە، بەڵام دیار نییە هەر لەكاتی روودانی كودەتاكە شیعەكان یا سووننەكان كامیان دەبنەوە حاكمی عێراق.

زۆرترین بینراو