ئۆخەی شوكر دەوامە تۆزێ لەكۆڵمان ببنەوە.!

حەسەن هاشم باڵەكی

گومان لەوەدانیە كاتێ ئەم ناونیشانەی سەرەوە دەبینین سەرمان سوڕ دەمێنێت كە دەبێ مەبەست یان ئامانج چی بێت لەم ناونیشانەی كە نوسراوە، بەڵام بێگومان ئەم ناونیشانە ڕاستیەكی درك پێنەكراوی ناو كۆمەڵگەی ئێمەیە كە بە گشتی دەبێ بزانین هاوسەرگیری و خێزان پێكهێنان تەنیا بۆ ئەوە نیە منداڵ بنێنەوە و منداڵ لە زەویدا بڵاوبكەنەوە بەبێ پەروەردەكردن و بەبێ بەرهەم و بە خراپی گەورە بكرێت و لەكۆتایی بەدەستیەوە بناڵێنیت و هەزار دوعای خراپ و مردنی لێ بكەیت و لێی بێزار بیت لەماڵەوە لەسەر دەستی ئەو منداڵە ڕووبەروی چەندین كێشە ببیتەوە، بەڵكو پێویستە لەسەر ئەو كەسانەی دەچنە ناوپرۆسەی هاوسەرگیری و منداڵیان هەیە منداڵەكانیان لە تەمەنێكی بچووكەوە بەر لە تەمەنی (٦) ساڵی و بەر لە ناردنی بۆ قوتابخانە لە ماڵەوە پەروەردەیەكی سەركەوتوو جوانی بكرێت و ببێتە منداڵێكی بەڕەوشت و پاك و خاوێن و بەرێز بۆ ئەوەی ئامادە بێت بۆ یەكەم ڕۆژی دەستپێكی خوێندنی لە قوتابخانە.
زۆرجار لە بەشێك لە دایكان و باوكان و هەتا لە خوشك و براكانی ئەو قوتابییانە دەبیستین كە دەیاننێرن بۆ قوتابخانە دەڵێن"ئۆخەی شوكر دەوام هاتەوە تۆزێ لەكۆڵمان ببنەوە، بەو منداڵە دەڵێن كە خۆیان پەروەردەیان كردووە و گەورەیان كردووە و ئامادەیان كردووە بۆ قوتابخانە، ئەوەی جێگای پڕسیارە خێزان لەماڵەوە لێی بێزار بن و بەلایانەوە وابێت كە بەڕێكردن و ناردنی بۆ قوتابخانە حەسانەوە و ڕزگاربوونە لە دەستی، ئەی لە قوتابخانە مامۆستا چۆن بتوانێ لەماوەی سێ بۆ چوار كاتژمێر پەروەردەی بكات و ئامۆژگاری بكات و وای لێبكات كە پۆل و قوتابییان و قوتابخانە لێی بێزار نەبن وەك ماڵەوە.
لەم چەند ڕۆژە گەیشتم بە باوكی قوتابییەك گلەیی ئەوەی دەكرد كە لە قوتابخانە قوتابییەك كێشە بۆ منداڵەكەی دروست دەكات كەچی لەهەمان كاتدا منداڵەكەی ئەو زۆر بزێوەو لەخوێندن ئاستی وەك پێویست نییە، كاتێ پێم گووت منداڵەكەتان ئاوایە گووتی ئەمە دەبێ ئێوە چارەسەری بكەن كاری ئێوەی مامۆستایانە دەبێ فێریان بكەن و پەروەردەیان بكەن، هەرچەندە مامۆستا بێ جیاوازی هەمیشە لەهەوڵدایە بۆ بەجوانی پەروەردەكردن و فێركردن هەروەك چۆن پەروەردە بەر لە فێركردنە، بەڵام كاتێ دایك و باوك ئەتەكێت و بنەماكان و ئەو كتێبانەی تایبەت بە پەروەردەكردنی منداڵیان نەیخوێندبێتەوە چۆن دەتوانێ منداڵ لە تەمەنێكی بچووكەوە بەجوانی پەروەردە بكات، هەروەها كاتێ منداڵ (۲۱) كاتژمێر لەلای دایك و باوكی بێت نەتوانن پەروەردەیەكی جوانی بكەن و ئامۆژگاری بكەن مامۆستا چۆن بتوانێ بە (٤) كاتژمێر هەموو كەموكوریەكان و پشتگوێخستنەكانی ماڵەوەی دایك و باوك چارەسەر بكات.
پێویستە لەسەر دایكان و باوكان و ئەندامانی خێزان لە ماڵەوە بەخۆشەویستیەوە گرنگی زیاتر بە منداڵەكانیان بدەن و كاتی زیاتریان بۆ تەرخان بكەن پشتگوێیان نەخەن تا ببن بە منداڵێكی بەتوانا و زیرەك و سەركەوتوو خاوەن پەروەردەیەكی باش بۆ ئەوەی لە داهاتوو خزمەتی خاك و نیشتیمانەكەی بكات و ببێتە جێگای شانازی بۆ خێزانەكەی.

زۆرترین بینراو