با قەدری باوك بزانین

با قەدری باوك بزانین

ئازاد محەمەد بەرگركەیی

فرانتس فانون، دەڵێ " ستەمدیدەترین و ماندوترین و لەخۆبوردەترین ئەندامی خێزان، تەنها باوكە" بەرپرسیارییەتی و پاراستنی ماڵ لەئەستۆی باوكە، دابینكردنی بژێوی و ئیدارەدانی ماڵ خەمی باوكە، بۆیە ماڵێك باوكی تێدا نەبێ ئەو ماڵە وەك جەستەیەكی كەم ئەندام وایە، كە ئەندامێكی گەورەو گرنگی لە دستدا بێ و زۆر بەڕونی هەست بە بێنازی بۆشایی ئەكرێت لەو ماڵە، بوونی باوك لە ژیان یەكێكە لە گەورەترین خەڵات و بەخششەكانی خوا بەسەر مرۆڤەوە، بەڵام داخی گرانم زۆرێك لە ئێمە هەست بەو نیعمەتە گەورەیە ناكەین و قەدر و گرنگی و گەورەیی باوك نازانین تا خۆمان نەبینە باوك و ئێش و ئازاری پەروەردەو پێگەیاندنی منداڵ نەبینین، ئەو كاتەش زۆر جار درەنگ كەوتووەو باوكمان یاپیر بووە یانیش لە ژیاندا نەماوە، لە پەیامی پیرۆزی ئیسلامدا گرنگی و بایەخی باوك شتێكی ئەوتۆی كەمتر نییە لە گرنگی و ڕۆڵی دایك، چونكە خوا ڕەزامەندی خۆی بەستۆتەوە بە ڕەزامەندی دایك و باوك، دڵڕاگرتن ڕێزگرتن وخزمەتكردنی هەر دوكیان ئەركێكە لەسەر شانمان، بەڵام جێی داخە زۆرجار هەوڵدراوە بە هەر بڕوبیانوویەك بێ یا هەر مەبەست ومەرامێكی لەپشتەوە بێ لە ئەرك و گرنگی و پێگە و شكۆی باوك كەم بكرێتەوە، باوك ئەو تاكە كەسەی ژیانتە كە حەز ئەكات لەو باڵاتر بی لەو پیاوتر و لە پێشتربی لەو حاڵخۆشتر بی، لێت تێ ئەگات ئەتخوێنێتەوە قەت ڕێی خراپت نیشان نادات، هەرگیز گومان لە دڵسۆزی وخەمخۆری وپەرۆشی ناكرێ.
كاتێ تەمەنم چوار ساڵان بوو، وامدەزانی باوكم دەتوانێت هەموو كارێك بكات، كە تەمەنم گەشتە پێنج ساڵ، وامدەزانی باوكم هەموو شتێك دەزانێت، كە تەمەنم گەشتە شەش ساڵ، وامدەزانی باوكم لەهەموو كەسێك زیرەكترە، كە تەمەنم گەشتە دە ساڵ، بەخۆمم وت ئەوكات كە باوكم مناڵ بووە لەگەڵ ئێستادا هەموو شتێك جیاوازە.
كە تەمەنم بوو بەدوانزە ساڵ، وتم شتێكی ئاساییە باوكم هیچ لەمبارەیەوە نازانێت، ئیتر پیرترە لەوەی كە سەردەمی منداڵی خۆی بیربێتەوە، كە تەمەنم بوو بە چواردە ساڵ، وتم بازۆر گوێ بۆقسەكانی نەگرم ئەو گەلێ كۆنە، كە تەمەنم بوو بە شازدە ساڵ، بینیم زۆر ئامۆژگاریم دەكات، وتم دیارە گوێی بەلاشی دەسكەوتووە، كەتەمەنم بوو بە هەژدە ساڵ، وتم ئای خوایە گیان لەڕەفتارو گوفتار و جل وبەرگمدا دەستێوەردان دەكات، كە تەمەنم بوو بە بیست ساڵ، وتم پەنا بەخوا باوكم خراپ لەدین دەرچووەو هیچی لێ حاڵی نەبووە، كەتەمەنم بوو بە بیست وپێنج ساڵ، وتم دەبێت لێی بپرسم، چۆن ئەم شتانە دەربارەی ئەم مەسەلەیە دەزانێت، كەتەمەنم بوو بە سی ساڵ، بەخۆمم وت خراپ نیە گەر لەم مەسەلەیەدا ڕاوێژی پێ بكەم وبیرو ڕاوو سرنجی وەربگرم، هەر چۆنێك بێ ئەو چەن كراسێكی زیاتر لەمن دڕاندووە گەلێ ئەزمونی هەیە، كەتەمەنم بوو بە چل ساڵ، پێم سەیر بوو باوكم چۆن دەرەقەتی ئەم هەموو كارو كێشەیە دێت!چەندە ئاقڵ وئازاو بەئەزموونە، كەتەمەنم بوو بە پەنجا ساڵ، ئامادەبووم هەموو شتێك بدەم قوربانی تەواو بەژیانی خۆم بدەم تا باوكم بگەڕێتەوە تاك دووبارە لەگەڵیدا بدوێم، دەردە دڵی بۆ بكەم، ڕاۆێژی پێ بكەم، شتی زیاتری لێوە فێر بم و ئەزموونی زیاتری لێوەرگرم، بەڵام ئاخ و مخابن قەدری ئەوم نەزانی، بۆیە گەر باوكتان لە ژیاندا ماوە قەدری بزانن ڕێزی بگرن هاوڕێیەتی لەگەڵ بكەن، ڕێزی بگرن هەست بە گەورەیی و ڕۆڵی گرنگی ئەو بكەن، هەلێكەو دووبارە نابێتەوە.

بابەتى پەیوەندیدار جۆراوجۆر

زۆرترین بینراو