میدیا و ئاسایشی كۆمەڵایەتی

بەرەڤان شاكر سلێمان لاچ

 

لە دونیای سەردەمدا میدیا(بینراو، بیستراو، خوێنراو)، ڕۆلێكی بەرچاوی هەیە لەسەر كۆمەڵگا، هەڵبەت ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كەوا مرۆڤی سەردەم زیاتر ئارەزووی زیاتر زانین دەكات دەربارەی دەوروبەر. بەڵام لێرەدا زیاتر مەبەستمە تیشك بخەمە سەر میدیای كوردی، كەوا چەندە كاریگەری كردووتە سەر كۆمەڵگا، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بگەرێینەوە بۆ میدیای كوردی كوا چ جورە بەرنامەیەك بڵاو دەكەنەوە، چۆن بڵاوی دەكەنەوە.
هەڵبەت لە كوردستاندا زیاتر میدیای بینراو باوترە و زیاتر لای خەڵكی بووەتە سەرچاوەی زانیاریەكانیان. بەڵام ئەوەی پێویستە بپرسین ئەوەیە ئایا چ جۆرە بەرنامەیەك بڵاو دەكرێتەوە لە میدیای بینراوی كوردی؟ هەڵبەت ژمارەیكی زۆری تیڤی خۆماڵیمان هەیە كەوا دوای ئازاد بووی كوردستان دەركەوتوون و كاریگەریان خستوتە سەر هزر و ژیانی خەڵك. بەڵام ئەوەی میدیای كوردی خۆی لێ بە دوور دەگرێت بوونی بەرنامەی تایبەتە بە بواری كۆمەڵایەتی و دەروونی، ئەمەش لە كاتێكدایە كەوا زۆربەی خەڵكی كوردستان لە ڕووی دەروونیەوە كێشەیەكی گەورەیان هەیە. چونكە كورد لە ژێر دەسەڵاتێكی دیكتاتورەوە راستەوخۆ دەرباز بوو بۆ ناو جیهانێكی ئازاد و سەربەست، هەر بوویەش خەڵك زیاتر گرنگی بە بواری ئابوری و خزمەتگوزاریەكانی داوە لەوەی بە بواری كۆمەڵایەتی و دەروونی بدات، بوویە دەبوایە لە پلانێكی داڕێژرادا میدیای كوردی هەوڵی ئەوەی دابووایە كەوا هەوڵ بۆ باشتركردنی دۆخی دەروونی و كۆمەڵایەتی هاوڵاتیان بدات، چونكە ئەو شەڕ و ژێر دەستیەی كەوا كورد تێیدا ژیاوە كاریگەری زۆری خستوتە سەر بواری دەروونی و كۆمەڵایەتی هاوڵاتیان، گونجاو نیە كەسێك لە ژێر دەستیەوە بێنی راستەوخۆ ئازادی بكەی بێ ئەوەی بزانێت ئازادی چیە و چونە، بوویە وەكو دەستەڵاتی چوارەم بە ئەركی میدیا دەزانم كەوا كار بۆ باشتر كردنی بواری دەروونی و كۆمەڵایەتی هاوڵاتیان بدات ئەمەش لە رێگەی بڵاوكردنەوە بابەت و بەرنامەی دەروونی و كۆمەڵایەتی و ڕەچاوكردنی دۆخی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردستان لە بڵاوكردنەوەی ئەو بابەت و بەرنامانەی بڵاو دەكرێنەوە، چونكە كوردستان كۆمەڵگایەتی فرە كولتووی و فرە نەژاد و خێلەكییە، ناكرێت میدیا ببێتە هوكار بۆ چاندنی تووی دووبەرەكی و ئاژاوە و تێكدانی ئەو پێكەوە ژیانەی كەوا لە كوردستان بوونی هەیە، بەڵكو دەبێت لە رێگەی پلانی درێژخایەنەوە كار بۆ ئەوە بكات تووی پێكەوە ژیانێكی تەندروست لە كۆمەڵگا بچێنێت،
بوویە ناكرێت رێگەپێدراوبن ئەو تیڤیانەی كەوا هەوڵ بۆ تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەدەن لە ژێر هەر ناو و ناونیشانێك بێت، وای لێهاتووە شكاندنی كەسایەتی و كەڕامەتی هاوڵاتیان و چاندنی تووی دووبەرەكی و ئاژاوە و تێكدانی بواری دەروونی و كۆمەڵایەتی هاوڵاتیان بووەتە بازار گەرمییەكی تیڤیەكان، ئەمە ئەوە ناگەینێت كەوا ئازادی هەیە بەڵكو لە سنووری ئازادی دەردەچێت و دەكەوێتە قاڵبی پێشێلكردن و بەزاندنی سنوری ئازادی.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو