یەكەتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان لەگەڵ سەرجەم ناوبژیوانانى خولەكانى كوردستان لە شارى هەولێر كۆ بووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پێشهاتەكانى یارییەكانى چەند حەوتووى كۆتاییی خولەكان كرا. لەم كۆبوونەوەیەدا كە لە یاریگەى فڕەنسۆ هەریری لە شارى هەولێر بەڕێوە چوو، هەریەك لە سەرۆك و جێگر و ئەندامانى یەكەتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان و لێژنەى ناوبژیوانانى یەكەتییەكە لەگەڵ سەرجەم ناوبژیوانانى تایبەت بە بەڕێوەبردنى یارییەكانى خولە جیاجیاكانى كوردستان كە ژمارەیان 98 ناوبژیوانە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆرى دەزگاكانى راگەیاندن ئامادە بوون. لە دەسپێكی كۆبوونەوەكەدا سەفین كانەبی سەرۆكی یەكەتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان لە وتەیەكدا رای گەیاند، مەبەست لە كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ ئێوەدا ئەوەیە كە یارییەكان لە خولەكانى یانە پلەیەك و نایابەكان بەرەو قۆناغێكی هەستیار و گرینگدا تێپەڕ دەبن و ئەركی ئێمەیە داواتان لێ بكەین كە بە بەرزترین ئاست و دوور لە هیچ كاریگەرییەكی دەرەكی یارییەكان بەڕێوە ببەن. كانەبی گوتی، متمانەمان بەئاستبەرزیی ناوبژیوانانمان زۆرە بۆیە دەبێ رەچاوی چارەنووسی یانەكان بكەن كە ماندووبونی چەند مانگەیان لەسەر بڕیارێكی هەڵەى ئێوە بەفیڕۆ نەڕوات، هەروەها هەموو كات پاڵپشتی ئێوەین و بەرگریتان لێ دەكەین لە بوونی هەر هەڕەشە و پاڵەپەستۆیەك بۆ سەرتان جا هەر كەسێك بێت بە مەرجێك ئێوە راستگۆ بن. سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێى كوردستان جەختی كردەوە، ئێستە تۆپی پێی هەرێمەكەمان لە پلەیەكی باشە و پێوەندییەكى زۆر باشمان هەیە لە ناساندنى خۆمان لەسەر ئاستی ناودەوڵەتی، بۆیە لێرەوە دەبێ خەم لەوە بخۆین كە خولی ناوەخۆییمان زۆر پێشكەوتوو و بەهێز بێ لە هەموو لایەنێكەوە، هەگبەمان دەوڵەمەندە بۆ خزمەتان و رێككەوتووین كە ژمارەیەكی زۆر باشتان بكەین بەراهێنەرى ناودەوڵەتی. لە كۆتایی قسەكانیدا كانەبی پێداگیرى لەوە رد كە بەچڕییەوە بەدواداچوون لە ئاستی ناوبژیوانان دەكەن لە بەڕێوەبردنی یارییەكانى خولی كوردستان و هەڵەكردنیان تووشی سزادانیان دەكاتەوە.دواتر ناوبژیوانانی كوردستان گفتوگۆ و چەند سەرنجێكیان دایە یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان كە گرینگترینیان بایەخدان بەناوبژیوانە لاوەكان و رێنوێنیكردنی تیپەكان بوو. تا ئێستە لە وەرزی ئەمساڵ 2011 – 2012 لە خولەكانى یانە نایاب و پلەیەك و پلە دوو و لاوان و تازەپێگەیشتووان 430 یاریی ئەنجام دراوە و كاری ناوبژیوانەكان لەلایەن لێژنەیەكی تایبەت لە یەكەتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان بەڕێوە دەچێ كە برێتین لە سەركار عەلی خان، مەحموود نوورەدین، محەمەد عەزیز، رزگار بایز، ئەرسەلان قادر، عەبدوڵا عابد.