ئێوارەى ئەمڕۆ دووشەم پاڵەوانیەتیی بالەى پارێزگەكانى باكورى عێراق لەسەر ئاستی لاوان بەبردنەوەى هەڵبژاردەكانى مووسڵ و سلێمانى لە شارى هەولێر دەستی پێ كرد.
لە هۆڵی فڕەنسۆ هەریرى شارى هەولێر و لە یاریی كردنەوەى پاڵەوانیەتییەكەدا لاوانى پارێزگەى هەولێر مێوانداریی لاوانى پارێزگەى مووسڵیان كرد، لاوانى مووسڵ جوانتر یارییان كرد و توانییان یارییەكە بە ئەنجامى (3 - سفر) گێم ببەنەوە.
دواى یارییەكە قەهار حوسێن راهێنەرى بالەى هەڵبژاردەى پارێزگەى هەولێر بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، یاریكەرانمان تازەن و زۆر ئەزموونیان نییە، هەوڵ دەدەین كە لە یارییەكانى داهاتوودا ئاستێكی باشتر پێشكێش بكەین.
هەمان هۆڵ یاریی نێوان هەڵبژاردەى پارێزگەى كەركووك و هەڵبژاردەى پارێزگەى سلێمانى بەخۆوەی بینی، لاوانى سلێمانى دواى پێشكێشكردنی ئاستێكی بەرز توانییان یارییەكە بە ئەنجامى (3 – 1) گێم ببەنەوە.
بڕیارە سبەى سێشەم یارییەكانى تری پاڵەوانیەتیەكە بەمشێوەیە بەڕێوە بچن (هەولێر : سلێمانى، كەركووك : مووسڵ).
لاى خۆیەوە مونیر ئیسحاق سەرۆكی لقی هەولێرى یەكەتیی ناوەندیی بالەى عێراق بۆ (ئاكانیوز)ى روون كردەوە، 4 هەڵبژاردەى پارێزگەى باكورى عێراق بەشداریی پاڵەوانیەتییەكە دەكەن، ئەمەش بۆ دیاریكردنی پاڵەوانی ناوچەى باكورە كە هەموو عێراق دابەش كراوە بەسەر چوار ناوچە و 4 تیپ سەر دەكەون بۆ كۆتاكان و لەوێدا پاڵەوانى عێراق و یاریكەرانى هەڵبژاردەى لاوانى عێراق دیاری دەكرێن.
ئیسحاق روونی كردەوە، كێبەركێكان لە ئاستێكی مامناوەندایە و یارییەكانى ماوەى 3 رۆژ بەردەوام دەبن، هەروەها هەڵبژاردەى دهۆك لە پاڵەوانیەتییەكە كشایەوە كە هۆكارەكەى نازانین.
پاڵەوانیەتی بالەى لاوانى پارێزگەكانى باكورى عێراق بەسەرپەرشتبی یەكەتبی ناوەندبی بالەى عێراق بەڕێوە دەچێ و تیپە بەشدارەكان برێتین لە هەولێر، مووسڵ، كەركووك، سلێمانى.











