له‌نیا جه‌مال *
ژیان سه‌رابستانێكه له‌جوانیی و خۆشیی و هیوا، له‌به‌ر كورتی باڵای ته‌مه‌ن ده‌ستمان به هه‌ناره‌كانی خۆزگه ناگات و ئه‌م سێبه‌ره خه‌واڵوه‌ی
ته‌مه‌ن به‌شی ئه‌وه ناكات له‌ژێریدا بحه‌وێینه‌وه. كه‌واته ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی هه‌مانه با به رِێزو قه‌درو كه‌سایه‌تی به‌رزو رِێزلێنانه‌وه به‌رێی بكه‌ین.
له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونماندا به‌شێوه‌یه‌ك رِاده‌هێنرێین رِێز له‌م كه‌سانه بگرین، رێز له شته پیرۆز و موقه‌ده‌سه‌كان، رێز له یاسا، رێز له‌كه‌سایه‌تی ئاینی، رِێز له كه‌سی خاوه‌ن پله‌وپایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، رێز له كاربه‌ده‌ست‌و به‌رِێوه‌به‌رو سه‌رپه‌رشتیار، رێز له فێركه‌رو گه‌وره‌كان، رێز له خاوه‌ن فكره جوانه‌كان. ئێمه وا فێركراوین، كه گه‌وره‌كان هه‌میشه به‌رِێز بن لامان، ئه‌گه‌رچی خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی لاواز‌و بیروبۆچوونێكی هه‌ڵه‌و توندوتیژو چه‌وسێنه‌ریش بن، رێز له‌گه‌وره‌یی و ده‌سه‌ڵات و ئاست‌و پله‌و ساماندا به‌رته‌سك ده‌كه‌ینه‌وه له‌كاتێكدا پێویست نییه ئه‌م هۆكارانه پێوه‌ربێت بۆ ده‌ربرِینه‌كانمان له‌ئاستی ئه‌م كه‌سانه‌دا و په‌رده‌پۆشی بكه‌ین له هه‌ڵه‌و تاوان‌و كه‌موكورتییه‌كانیان.
كه‌واته ده‌گه‌ینه ئه‌و برِیاره‌ی، كه له‌هه‌ندێك باردا به‌بێ خواستی خۆمان ناچار ده‌كرێین رِێز له‌كه‌سێك بگرین‌و ملكه‌چی یاسا‌و په‌یرِه‌وو پرِۆگرامه‌كانیان ببین، كه ده‌توانم بڵێم ئه‌مه له چوارچێوه‌ی رِێز ده‌چێته ده‌ره‌وه‌و ده‌چێته قاڵبی ترسه‌وه. هه‌بوونی ئه‌م ترسه‌ش له‌رِووی ده‌رونییه‌وه تاكێكی ساویلكه‌و ترسا‌و و كه‌متوانا دروست ده‌كات .
له هه‌ندێك باری تردا شه‌رمكردن و هه‌ستكردن به‌كه‌میی واده‌كات رِێز له به‌رامبه‌ر بگرین‌و به گه‌وره سه‌یری بكه‌ین و هه‌میشه خۆمان بكه‌ینه جێبه‌جێكاری داواكارییه‌كانی له‌به‌ر شه‌رمكردنمان و پاساویشمان بۆ ئه‌م كاره رێزگرتنه له به‌رامبه‌ر. بۆیه لێره‌دا پرسیارێك دێته ئاراوه: چ كه‌سێك شایسته‌ی رێزلێگرتنه؟؟؟
په‌ندێكی پێشینان هه‌یه ده‌ڵێت: رێزت گرت له مه‌رد شه‌رمه‌زار ده‌بێت، رێز بگره له نامه‌رد هار ده‌بێت. زۆر پێویسته رِێز له كه‌سێك بگریت، كه شایسته‌ی ئه‌و رِێزه بێت، چونكه زۆرجار ئه‌گه‌ر شایسته‌ی نه‌بوو، ئه‌وا ده‌بێته هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی رێزلێگیراو سنووری رِێز به‌رته‌سك بكاته‌وه‌و ئیستیغلالی بكات به‌جۆرێك، كه سنووری كه‌سی به‌رامبه‌ر یان ئه‌و هێڵه سوورانه‌ی له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا دانراون بیانبه‌زێنێت. هه‌ندێك جاریش رِێزی زیاد له پێویست، رێزلێگیراو ده‌كات به دیكتاتۆر به‌سه‌رته‌وه، به جۆرێك ده‌بیته قوربانی ئه‌و رِێزه زۆره‌ی بۆ به‌رامبه‌ر ده‌رتبرِیوه . كه‌واته كه‌سێك شایسته‌ی رِێزلێگرتنه، كه خاوه‌نی فكره‌و بۆچوونێكی جوان بێت، هیج كات هه‌وڵی خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و پێناسه گه‌وره‌یه نه‌دات، كه پێی ده‌به‌خشیت. هه‌میشه هه‌وڵ بدات له ئاستی ئه‌و رێزه‌دا بێت، كه پێی ده‌درێت.
به چ رِێگایه‌ك رێزی خۆت بۆ به‌رامبه‌ر ده‌رده‌برِیت؟
له‌رِووی زمانه‌وانییه‌وه هه‌ندێك كات به به‌كارهێنانی وشه‌یه‌ك، پێشگرێك یان پاشگرێك بۆ ناوی كه‌سێك ده‌بێته هۆی ده‌ربرِینی رِێز وه‌ك: كاك، داده، مامۆستا، مه‌لا، موفتی، خان، میر، شا، خاتوون، هه‌ندێك جار له شێوازی سڵاوكردن‌و به‌ره‌و پیره‌وه‌چوون‌و له‌به‌رهه‌ستان‌و فه‌رمووكردن بۆلای سه‌روو، سه‌رنه‌ویكردن‌و ده‌ست به سنگه‌وه‌گرتن. هه‌ندێك جار به‌هۆی گوێرِایه‌ڵی و جێبه‌جێكردنی ئه‌رك‌و كاره‌كان‌و دڵسۆزی نواندن و په‌یمان نه‌شكاندن و مولته‌زیم بوون، رێزی خۆت ده‌رده‌برِیت .رِێز چۆن به‌ده‌ست دێت؟
1- پاراستنی كه‌سایه‌تی له رِووی رِه‌وشت‌و رِه‌فتارو ئاكارو كردار، چونكه هه‌میشه كه‌سی ده‌ستپاك‌و زمانپاك‌و داوێنپاك له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا رێزی لێگیراوه و متمانه‌پێكراوه.
2- ساده‌یی له دڵ‌و ده‌روون‌و ناخپاكی و نیازپاكی‌و دادپه‌روه‌ری‌و جیاوایزینه‌كردن له نێوان كه‌سه‌كان‌و ئاسته‌كان‌و بیركردنه‌وه جیاوازه‌كان.
3- خۆشی خه‌ڵكت بوێت‌و هه‌میشه هه‌وڵ بده ئاشتی‌و به‌خته‌وه‌ری‌و ئامۆژگاری‌و زانیاری بڵاوبكه‌یته‌وه. له‌م رِێگه‌یه‌وه ده‌توانیت رِێزو خۆشه‌ویستی‌و گه‌وره‌یی به‌ده‌ست بهێنیت.
4- دڵسۆزی‌و وه‌فاو خۆشه‌ویستی بوونی هه‌بێت‌و رِاستگۆیی له و تووێژو گفتاره‌كانتدا هه‌میشه رِه‌نگبداته‌وه. به‌مه ده‌توانیت ببیته كه‌سێكی رِێزلێگیراو .
5- لێبورده به و هه‌ڵه‌كانی به‌رامبه‌ر په‌رده‌پۆش بكه‌و نهێنی كه‌سه‌كانی ده‌وروپشتت بپارێزه‌و به‌مه گه‌وره‌یی‌و رِێزی خۆت بسه‌لمێنه و به‌ده‌ست بهێنه.
چۆن پارێزگاری رِێزو قه‌درو كه‌سایه‌تی خۆمان بكه‌ین؟ ئه‌وه خۆتیت، كه خه‌ڵكی فێر ده‌كه‌یت چۆن مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌ن:
هه‌رگیز نه‌كه‌یت له‌رێگه‌ی بێرِێزیكردن به خه‌ڵكی‌و كاره‌كانیان‌و به مرۆڤایه‌تی، رِێز بۆ خۆت به‌ده‌ست بهێنیت، چونكه دڵنیابه به زوویی له‌ده‌ستی ده‌ده‌یت. هه‌رگیز نه‌كه‌یت به پاره‌و سامان و پله‌و كورسی و ده‌سه‌ڵات‌و چاوسووركردنه‌وه خه‌ڵكی ناچار بكه‌یت رێزت لێ بگرن، چونكه دڵنیابه ئه‌م شتانه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیین و له‌گه‌ڵ نه‌مانیان رێزت له ده‌ست ده‌ده‌یت. هه‌رگیز بیر له‌وه مه‌كه‌ره‌وه كاتێك رِێزت لێ ده‌گیرێت، خۆت لا گه‌وره بێت و هه‌ستی خۆبه‌زلزانی له ناخت‌دا دروست ببێت، چونكه دڵنیابه مرۆڤی خۆبه‌زلزان زۆر زوو رِێزو خۆشه‌ویستی خۆی كاڵ ده‌كاته‌وه لای كه‌سانی ده‌وروبه‌ر. كه‌واته: هیچ كات به‌گه‌وره‌ییت رِێز به‌ده‌ست مه‌هێنه، هه‌وڵبده به رِێزت گه‌وره‌یی به‌ده‌ست بهێنـــی.
*خوێندكاری كۆلێژی ده‌روونناسی-ئه‌مه‌ریكا











