|
ئیسماعیل خه‌یات
به‌رد و باڵنده‌كانی بیر ناچنه‌وه
رێبوار محه‌مه‌د-سلێمانی
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای تابلۆكانی ئه‌و بكه‌ین هه‌رده‌م باڵنده‌كان بوونی سه‌ره‌كییان
له نێویدا هه‌یه، ئه‌و باڵندانه ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ
سه‌رنجدانی تۆدا گه‌شتت به‌ره‌و رابردوویه‌كی دوور پێ بكه‌ن
كه رۆژێك له رۆژان له نێو ژیان و بوونی ئه‌ودا (ئیسماعیل
خه‌یات)دا بوونیان هه‌بووه.
باڵنده‌كانی نێو كه‌ڤاڵه‌كانی ئیسماعیل خه‌یاتی شێوه‌كار،
تاكه یاده‌وه‌رییه‌كی منداڵی ئه‌و نین بۆ سه‌ر په‌رِۆی
ناو چوارچێوه‌كان، ئه‌و خۆی روونی ده‌كاته‌وه كه به‌رده‌كانی
خانه‌قین یاده‌وه‌رییه‌كی هێنده به‌هێزیان له مێشكی ئه‌ودا
چێ كردووه، كاتێك به‌رده‌كانی پیره‌ری بینیوه هه‌مان ئه‌و
یاده‌وه‌رییانه زیندوو بوونه‌ته‌وه و به‌رده‌كانی پیره‌ر
وه‌ك به‌رده‌كانی خانه‌قین خۆیان پێشان داوه.
ئیسماعیل خه‌یات ساڵی 1944 له شاری خانه‌قین له دایكبووه،
ئه‌و ئێستاش له رێگه‌ی تابلۆكانییه‌وه زه‌مان و كاتێك ده‌گێرِێته‌وه
كه بۆ ئه‌و مانای زۆری هه‌یه.
كه ئێستا سه‌ردانی نێو گه‌له‌رییه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كه‌ی، ده‌كه‌ویته
ناو دونیایه‌ك له یاده‌وه‌ریی ئه‌و و رووخساری ئه‌و گه‌رمیانییانه‌ی
به‌ده‌م هاواره‌وه له بیابانه‌كانی باشووردا كران به
ژێر گڵه‌وه.
گێرِانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی منداڵی ئیسماعیل خه‌یات و
خوێندنه‌وه‌ی هێڵه نهێنییه‌كانی ناو تابلۆكانی و شیكردنه‌وه‌ی
هه‌ناسه نهێنییه‌كانی ناوی، كاری ره‌خنه‌گرانی به سه‌لیقه‌ی
هونه‌ری شێوه‌كارییه، ئه‌مجاره كه ئیسماعیل خه‌یاتم
بینییه‌وه حه‌زم كرد هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر منداڵییه‌تی ئه‌و
و رابردووی ژیانی بكه‌ین.
ئه‌و روونی ده‌كاته‌وه كه یه‌كه‌م مامۆستای وێنه‌كێشانی
برا گه‌وره‌كه‌ی بووه و ده‌ڵێ "برا گه‌وره‌كه‌م كه ناوی
مامۆستا ئیبراهیم بوو، حه‌زی له ئه‌ده‌بیات و نووسین بوو،
هه‌روه‌ها حه‌زی له وێنه‌كێشان بوو و وێنه‌ی ده‌كێشا، من
به‌و سه‌رسام بووم و دواتر كه چوومه قوتابخانه، ده‌ستم
كرد به وێنه‌كێشان و هه‌ر ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌م به‌كارده‌هێنا
كه كاكم كاری پێده‌كردن، مامۆستای یه‌كه‌مم هه‌ر كاكم بوو،
تابلۆكانم هه‌ندێكیان له‌سه‌ر كاغه‌ز و هه‌ندێكی تریان له‌سه‌ر
دیواری ژووره‌كانی ماڵه‌كه‌ی خۆمان ده‌كرد، به‌رِاستی بابه‌تی
تابلۆكانیش ژیانی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه بوو، كاروانی
ناشتنی خه‌ڵك بوو له‌سه‌ر قه‌بران كه رێوره‌سمی تایبه‌ت
به خۆی هه‌بوو، ژیانی خه‌ڵك له نێو گه‌رِه‌كه‌كه‌ی خۆمان".
ئیسماعیل خه‌یات له‌و گه‌شته‌ی ژیاندا باش ده‌رِوات و
دواتر له خانه‌ی مامۆستایانی باقوبه وه‌رده‌گیرێ كه وه‌ك
خۆی روونی ده‌كاته‌وه مامۆستا هونه‌رییه‌كانی ئه‌وێ زۆر
یارمه‌تی ده‌ده‌ن، تا ساڵی 1964 یه‌كه‌م پێشانگای خۆی ده‌كاته‌وه،
ئه‌وه‌ی پرسیاره ئه‌وه‌یه بۆ ئیسماعیل خه‌یاتی بچووك
بووه كه‌سێكی به‌ناوبانگ و شێوه‌كارێكی گه‌وره، به‌ڵام
مامۆستای یه‌كه‌می كه وه‌ك خۆی ده‌ڵێ كاكی بوو، نه‌یتوانی
ئه‌و ناوبانگه‌ی قوتابییه‌كه‌ی به‌ده‌ست بێنێت، خه‌یات ده‌ڵێ
"هه‌ڵه‌به‌ته كه من ده‌ڵێم ئه‌و مامۆستا‌م بوو، كه‌ره‌سته‌كانی
ئه‌وم به‌كارده‌هێنا، به‌ڵام ئه‌و توانایه‌كی تری هه‌بوو
كه ژه‌نینی شمشاڵ بوو، دواتریش ئه‌و سه‌رقاڵی خوێندن بوو
و بایه‌خی به شمشاڵ ژه‌نین و خوێندنه‌وه ده‌دا. من
نازانم له ناو خێزانه‌كه‌م هه‌ندێك كه‌سمان ده‌ست ره‌نگینن،
به‌ڵام كه‌سیان وه‌ك من خوی نه‌داوه‌تێ و خۆی پێوه سه‌رقاڵ
نه‌كردووه. من به‌راستی دواتریش و له ساڵی شه‌سته‌كاندا،
كاكم هه‌ندێك وێنه‌ی دروست كردووه و لای خۆم هه‌ڵم گرتووه".
ئه‌ی گه‌وره‌كانی ماڵ رایان له‌سه‌ر كاره‌كانی ئیسماعیل چی
بوو، ئه‌وان هه‌رگیز نارِه‌زاییان له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌رنه‌ده‌برِی؟
ئه‌و ده‌ڵێ "وه‌ك بیرم بێت نه باوكم و نه دایكم رێگه‌یان
لێ نه‌گرتووم بۆ هونه‌ر، به‌ڵكو من له‌سه‌ر دیواری ژووره‌كانی
خانووه‌كه‌ی خۆمان وێنه‌م ده‌كێشا. ئێمه خێزانێكی هه‌ژار
بووین و هه‌ندێك ئیشوكارم كردووه و یارمه‌تی باوكم داوه
له به‌رگدروویی و جاران شرووبی هه‌بوو بۆ منداڵان
دروستمان ده‌كرد و ده‌مان فرۆشته‌وه، یان فرِۆكه‌م دروست
ده‌كرد و ده‌مفرۆشته‌وه، یاخود ئه‌زبه‌ری و ئه‌وانه‌م
فرۆشتوه، به شانازییه‌وه باسی ئه‌وانه ده‌كه‌م و من و
براكه‌م هاوكاری باوكممان كردووه و له‌وانه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
جلوبه‌رگی گه‌وره".
ئه‌و گه‌شتێكی خێرا به نێو منداڵه‌تی خۆیدا له خانه‌قین
ده‌كات و بیری دێته‌وه "له ناوچه‌ی نه‌فتخانه‌بووین و
شوێنێك هه‌بوو كه به‌نگه‌ڵییان پێده‌گوت كه سینه‌ما بوو،
هه‌فته‌ی یه‌ك دوو فیلمیان لێده‌دا و من به‌رده‌وام ده‌چووم
بۆ سه‌یری فیلمه‌كان و هه‌رچه‌نده زۆر سه‌ره‌تایی بوو، به‌ڵام
فیلمه به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌و كاته‌م هه‌مووی بینی و هه‌ندێك
جار ئێستاش له بیرمه له قه‌راخی كتێبه‌كانم وێنه‌ی
كاوبۆی و پاڵه‌وانی فیلمه‌كانم ده‌كێشا و ئه‌وانه هه‌موویان
پێكه‌وه كۆده‌بوونه‌وه و بووبوونه كه‌ره‌سته‌ی كار".
به‌ڵام چۆن قبووڵ ده‌كرا دیواری ماڵ بكرێته تابلۆی
منداڵێك كه ده‌یه‌وێ هه‌نگاوه‌كانی هونه‌رمه‌ندیه‌تی له‌وێوه
هه‌ڵبگرێت؟ "بێگومان ئه‌و ماڵه‌ی كه تێیدا بووین پاش 50
بۆ 55 ساڵ چوومه‌وه و بینیم ئه‌و ماڵه بووه‌ته كه‌لاوه
و له‌و كه‌لاوه‌یه پێشانگایه‌كی تایبه‌تیم كرده‌وه و
تابلۆكانی خۆمم له‌وێ هه‌ڵواسی، وه‌ك چۆن به منداڵی به
كاغه‌ز و پاشماوه‌ی قه‌ڵه‌مه‌كانی كاكم و خه‌ڵوز و چیرۆكی
گه‌رِه‌كه‌كه‌م له‌سه‌ر دیواره‌كان ده‌كرد".
ئه‌ی ئه‌و هه‌موو باڵنده‌یه‌ی ئێستا له تابلۆكانی تۆدا
بوونیان هه‌یه چین و له كوێوه هاتوون "له پۆلی یه‌ك
بووم رۆژێك پێش نیوه‌رِۆ كوترێكمان هه‌بوو كه له ئێرانه‌وه
هاتبوو، سه‌ركه‌وتم به عه‌موودی كاره‌باكه‌دا و هێنامه
ماڵه‌وه و په‌رِو باڵمان لێكرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌رِوات،
ئه‌و كۆتره مایه‌وه لای ئێمه، دوایی كاتێك كاكم شمشاڵی
ده‌ژه‌ند، ئه‌و كۆتره به ده‌م ده‌نگی شمشاڵه‌كه‌وه ده‌هات
و ده‌چووه سه‌ر شانی و سه‌رسه‌ری و كه ئاوازه‌كه ته‌واو
ده‌بوو، ئیتر ئه‌و كۆتره ده‌گه‌رِایه‌وه شوێنی خۆی،
كاتێك ماڵمان برده‌وه بۆ نه‌فتخانه ئه‌و كۆتره مرد و له
بیرمه من و كاكم زۆر كاریگه‌ر بووین به مردنی ئه‌و كۆتره
و له نزیك ماڵی خۆمان ناشتمان. ئه‌و كۆتره‌ی له
تابلۆكاندا هه‌یه و زۆرینه‌ی كۆتره‌كانی نێو تابلۆكانم هه‌مان
كۆترن. باڵنده‌ی تریشم بینیوه و رووداوێكی تری باڵنده هه‌ر
ئه‌وكات له نزیك دووكانه‌كه‌ی باوكم، ئینگلیزه‌كان بۆری
گازیان هێنابووه ده‌ره‌وه كه به‌رده‌وام ده‌سووتا و هه‌ر
خۆیان قوتوی خواردنی خێرایان له نزیك ئه‌و بۆرییه فرِی
ده‌دا. باڵنده‌یه‌ك هه‌بوو ناوی سیسكه‌كه‌چه‌ڵه بوو،
رۆژێك ئه‌و باڵنده‌یه هاته نزیك ئه‌و خواردنانه و چه‌ند
پیاوێك ئاگره‌كه‌یان زیادكرد و په‌رِوباڵی ئه‌و باڵنده‌یه‌یان
سووتاند و كه توانای فرِینی نه‌ما گاڵته‌یان پێده‌كرد و
گرتیان. ئه‌وه دواتر بیری منی هێنایه‌وه كه مرۆڤ چه‌ند
تونده به‌رامبه‌ر گیانه‌وه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ری. دوای ئه‌وه
بینینی باڵنده له ئاسمانی خانه‌قین ئه‌و كاته‌ی ده‌چووین
بۆ خوێندن و سه‌عی كردن. ئه‌وانه هه‌موویان له ناخمدا
نوستبوون تا دوای ته‌واوبوونی خانه‌ی مامۆستایانی باقوبه
كه ئیتر ورده ورده جارێكی تر باڵنده‌كان سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه
و به‌پێی ته‌مه‌نی خۆم شێوه‌كانیان ده‌گۆرِا و شێوازی ته‌عبیرییان
وه‌رده‌گرت، من به‌راستی ئه‌و رووداوانه هه‌موو جار
شانازی پێوه ده‌كه‌م و گرنگییه‌كی زۆری هه‌بووه له
ژیانی وێنه‌كێشانی مندا.
خه‌یات له هه‌ڵوێستی ئه‌ودا بۆ وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر
شه‌رِی ناوخۆی كوردستان، له‌سه‌ر به‌رده‌كانی ناوچه‌ی پیره‌ری
نزیك دێگه‌ڵه، كۆمه‌ڵێك ره‌نگ و تابلۆی كێشا، وه‌ك خۆی
باسی ده‌كات، ئه‌و به‌ردانه‌ش بوونیان له منداڵی ئه‌ودا
هه‌بوو"كه منداڵ بووم زۆر حه‌زم له گه‌شت و گه‌رِان ده‌كرد
و ئێستاش هه‌روام، من منداڵێك بووم باوه‌شم بۆ سرووشت ده‌كرده‌وه
و سه‌یری سرووشت و پێكهاته‌كانیم ده‌كرد، به تایبه‌تی به‌رده‌كان
كه له خانه‌قین هه‌ندێك به‌رد هه‌یه زۆر له به‌رده‌كانی
پیره‌ر ده‌چێت و به‌ر له‌وه‌ی پرۆژه‌كه‌ی پیره‌ر بكه‌م، كه
یه‌كه‌مجار پیره‌رم بینی و زانیم شه‌رِی براكوژی هه‌یه،
یه‌كسه‌ر برووسكه‌یه‌ك له مێشكمی دا و پرسیاری ئه‌وه‌ی له‌لا
دروستكردم ئه‌و به‌ردانه‌م له كوێ بینیوه له منداڵی و
له چ ته‌مه‌نێكدا ئه‌و به‌ردانه‌م بینیوه؟ هه‌ستم كرد ئه‌و
به‌ردانه زیندوو ده‌بنه‌وه و داوام لێده‌كه‌ن وێنه‌یان
له‌سه‌ر بكێشم و ئه‌وه پێچه‌وانه بكه‌مه‌وه كه ره‌نگ
ببه‌مه سه‌ر به‌رده‌كان و پێشتر به‌رده‌كانم ده‌برده سه‌ر
كاغه‌ز ئه‌و به‌ردانه هه‌مان به‌رده‌كانی خانه‌قین بوون". |