Share on facebook
داخستنی سنووری حاجی ئۆمەران زیان بە رێژەیەكی زۆری كۆمپانیای كوردستان و ئێران و عێراق دەگەیەنێت
دووشەممە, 06 تشرینی دووەم 2017 13:07

ZKW: كەریم سمكۆ: داخستنە تاكلایەنەكەی مەرزە بازرگانییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، كۆماری ئیسلامی ئێران زیان بە سەدان كۆمپانیای بازرگانی نێوەخۆی وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان و عێراق دەگەینێت، هەرچەندە ئێران لە 15-10-2017ـەوە تا ئێستا تەنها مەرزی باشماخی بەرووی سنوورەكانی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان كردۆتەوە, بەڵام وەك سەرچاوە فەرمییەكان ئاماژەی بۆ دەكەن, كردنەوەی دەروازەكانی تری بازرگانی و گەشتیاری پەیوەندە بە گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە، چونكە خودی داخستنی سنوورەكان لەسەر رەزامەندی عێراق بووە وەك كارتێكی سیاسی بەرانبەر بە گەلی كوردستان.
فەتاح ئەحمەد، بازرگانێكی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانە و لەو ماوەیەی كە سنوور داخراوە, ئەو بێكار ماوەتەوە, وەكخۆی دەڵێت هەموو رۆژێك بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ بازرگانان و كۆمیانپا بازرگانییەكانی دیوی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات و زیانەكانی داخستنی سنووریش بە ملیۆنان دۆلار مەزەندە دەكات.
ئەو بازرگانە دەڵێت: لە سنووری حاجی ئۆمەران كۆمپانیاییەكی زۆری ناوەخۆی كوردستان پەیوەندییان لەگەڵ كۆمپانیا بازرگانییەكانی ئێراندا هەیە، رۆژانە مامەڵە بازرگانییەكانیان دەكرد و كاڵا و شمەكی زۆریان بۆ كوردستان هاوردە دەكرد, ئەمانیش بە سەدان و هەزاران كۆمپانیا دەخەملێندرێن، رۆژانە لەم سنوورە نێودەوڵەتییە نزیك بە 500 تا زیاتریش كامیۆنی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری دیكە كاڵا و شمەكی جۆراوجۆریان دەگواستەوە بۆ شارەكانی كوردستان و عێراق، ئەو مامەڵەیە بە هۆكارێكی سیاسی هەمووی وەستا، ئێستا هەموو بازرگانان و ئەو كەسانەی كە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم مەرزە نێودەوڵەتییەیە چاوەڕێین سنوورەكە بكرێـتەوە، بۆ ئەوەی جووڵەیەك بكەوێتەوە نێو كارە بازرگانییەكان و چیتر ئێمە زیانمەند نەبینەوە، چونكە بازرگان هەیە, كۆمپانیا هەیە بە سەدان كامیۆنی بارهەڵگری وەستاوە لەودیوی ئێران و چاوەڕێیە سنوور بكرێتەوە تا كاڵاكانی داخلی هەرێمی كوردستان بكات و بیگەیەنێـتەوە شوێنی مەبەست.
لە رۆژی 15-10-2017 رۆژێك پێش داگیركردنی شاری كەركووك لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان بە هاوكاری چەند بەرپرسێكی سەربازی لایەنێكی كوردستان، ئێران هەرسێ‌ دەروازە بارزگانییەكانی (باشماخ، پەروێزخان، حاجی ئۆمەران)ـی لەسەر داوای عێراق بۆ گووشار خستنە سەر هەرێمی كوردستان داخست و تا ئێستاش جگە لە مەرزی باشماخ، كە هاوسنوورە لەگەڵ زۆنی سەوز، مەرزەكانی دیكەی نەكردوونەتەوە.
بەهۆی ئەوەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران نزیكترین سنووری بازرگانییە كە كۆماری ئیسلامی ئێران بە هەولێری پایتەخت دەبەستێتەوە، پێش داخستنی و لە ساڵانی دوای بەنێودەوڵەتیشبوونیشی بایەخێكی گرنگی ئابووری بۆ هەردوو لا هەبوو، جموجۆڵی بازرگانی تێدا رۆژ دوای رۆژ لە بەرزبوونەوەدا بوو، چەند پرۆتۆكۆڵێكی فەرمی بازرگانیش لەلایەن حكوومەتی هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەری واژۆ كراوە، بەڵام ئێستا وەك بەرپرسی كۆمەڵگاكە بۆ زاری كرمانجی ئاماژەی بۆ كرد: تا ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی بۆ كردنەوەی سنووری حاجی ئۆمەران بەدەست ئێمە نەگەیشتووە تا جموجۆڵە بازرگانییەكان لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێران ئاسایی ببێتەوە.
مەسعود ئەحمەد باتێلی، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران راشیگەیاند: دەنگۆی زۆر هەبوو كە هەفتەی رابردوو سنوورەكانمان دەبوایە بكرابایەتەوە، یاخود دەنگۆی ئەوەیە هەیە كە ئەم هەفتەیە یاخود بەمنزیكانە سنوورەكەمان بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیار و راسپاردە و رێنماییەكمان لەسەر كردنەوەی سنوورەكە پێنەگەیشتووە و تا ئێستاش نازانین كەی سنوور دەكرێتەوە، ئێمە ئێستاش نازانین كە هۆكاری داخستنی سنوورەكە لەلایەن ئێرانەوە لەسەر چی بووە، رۆژانەش ئێمە لەرێی پەیوەندییكانمانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ گومرگی تەمەرچینی ئێران هەیە كە هاوسنوورمانە، ئەوانیش دەڵێن ئێمەش هۆكارەكەی نازانین، بەڵام دڵنیان كە لەسەرووی خۆیانەوە بڕیارەكە بە تاكلایەنە دراوە.
بەپێی ئاماری ئەو كۆمەڵگە سنوورییە، لەكۆی ئەو كاڵایانەی لەم سنوورە نێودەوڵەتییە مامەڵەی بازرگانی پێوەدەكرێ‌، 97%ـی كاڵاكان هاوردەن، واتا لە سنووری ئێرانەوە بە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان و شارەكانی ناوەراست و خوارووی عێراق دەكرێن، تەنها 3%ـی كاڵان هەناردەن، بۆیە لەكاتی داخستنیشی پشكی شێری زیانەكان بە كۆمپانیا ئێرانییەكان دەكەوێت.
ئارام محەمەد، بازرگانێكی دیكەی ئەو سنوورە نێودەوڵەتییەیە و بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: بە سەدان و هەزاران كۆمپانیای جۆراوجۆر كە پێشتر هەر لە ئۆتۆمبێلی كیلۆمەتر سفرەوە تا مەوادی بیناسازی و كەل و پەلی پێویستی تر و مەوادی جوانكاری و نایلۆناتیان هەناردەی سنووری كوردستان دەكرد، ئێستا تووشی زیانی گەورە بوونەتەوە، رۆژانە تەلەفونم بۆ دەكەن و گلەیی داخستنی ئەم سنوورە دەكەن و ناڕەزاییی دەردەبڕن، لەبەر ئەوەی بازرگانییەكە زیاتر هاوردەیە بۆ كوردستان، كۆمپانیا ئێرانییەكان و كارگەكانی ئەو دیوی ئێران زیانێكی زۆریان كردووە، ئەمە جگە لە بێكاربوونی هەزاران كامیۆنی بارهەڵگری ئێرانی كە لەم سنوورە كاڵاكانیان دەگواستەوە.
بەپێی ئاماری ئەنجومەنی شۆفێرە بارهەڵگرەكانی حاجی ئۆمەران، لەم سنوورە بازرگانییە، نزیك بە 700 لۆری بارهەڵگر لەم سنوورە كار دەكەن، لەگەڵ 300 ئۆتۆمبێلی تەكسی كە رۆژانە گەشتیاریان لەم سنوورە دەگوازنەوە، ئێستا بێكار ماونەتەوە، ئەمە جگە لە داتەپینی بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی سەر سنوورەكان و جوڵەی ئابووری ناوچەكە و بە هەزاران كارمەند و بازرگان و كرێكاری هەردوو دیو، تەنها لە سنووری تەمەرچین نزیك بە هەزار كامیۆنی بارهەڵگر و بە هەزاران كرێكاری ئێرانی و بە سەدان كۆمپانیای رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی داخستنی مەرزی حاجی ئۆمەران بێكار ماون و تووشی زیانێكی زۆر بوونەتەوە.
زیانەكانی داخستنی سنوورەكان، بە تەنها بۆ خودی ئێران نییە، بەڵكو بەشێكی زۆری زیانەكان بە خودی عێراق دەكەوێت، لەبەر ئەوەی جگە لەوەی عێراق بەهۆی قەرزە نێودەوڵەتییەكانی فشارێكی زۆری ئابووری لەسەرە، بەهۆی شەڕە یەكلەدوای یەكەكانیشی لەگەڵ داعش و ململانێی مەزهەبی و ئێستاش شەڕی میلیشیاكانی لەگەڵ كوردستان و هێزی پێشمەرگە، شارەكانی عێراق و ناوچەكە كوردستانییەكانی دەرەوە ئیدارەی حكوومەتی كوردستانیشی تووشی وێرانكاری  كردۆتەوە، بەمەش پێویستی بە سەرمایەی ئاوەدانی هەیە.
بەپێی قسەی بازرگانانی مەرزی حاجی ئۆمەران سەدا شەستی ئەو كاڵایانەی لەم سنوورە هاوردە دەكران، هەمووی كەلوپەلی بیناسازی بوون و دەگەیشتنە ئەو شارە عێراقییانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە وێران كرابوون، بۆ ئەوەی دەستی ئاوەدانی بگاتێ‌، بەڵام ئێستا ئەوەش وەستاوە، بەپێی سەرچاوە ئابووریەكان رەنگە ئەگەر ئەم داخستنی سنوورەكان و بەردەوامی شەڕ لەناو عێراق بەتایبەتی قوڵتربوونەوەی ململانێكانی هێزی میلیشیاكان، عێراق بەرەو زیانێكی ئابووری زۆر گەورەتر لە ئێستا ببات.
داخستنی سنورەكان تەنها لەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیانی نەكردووە، بەڵكو لەرووی هامووشۆی گەشتیاریشەوە زیانی بە چەندان كۆمپانیای گەشتیاری و هۆكارەكانی دیكەی گواستنەوە و گەشتیاران خۆیشیان گەیاندووە، بەتایبەتی ئەو كەسانەی بۆ نەخۆشی لە هەرێمی كوردستان سەردانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان دەكرد و بواری گەشتیاری وڵاتەكە و لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانەی لە سنووری ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ كار روویان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان و یاخود ئەگەر لە گەشتدابن، ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان.