بۆچی هاورێیەتی گرنگە ئامانج لێی چیە
دووشەممە, 13 تشرینی دووەم 2017 12:29

زێرەڤان ستوونی- سۆران
هەروەك مرۆڤ بونەوەرێكی كۆمەڵایەتی ، ناتوانێت بەتەنیا بژیت، لەم نێوەندا چەندین  پەیوەندی جۆراوجۆرلەگەڵ تاكەكانی تری كۆمەڵگا دروستدەكات ، یەكێك لەو پەیوەندیانەش هاورێیەتیە ، هاورێیەتی پەیوەندیەكی زیندووە و ڕۆڵی كاریگەری هەیە لەسەر ژیانمان و دەبێت تەواو لێزانانە و دانایانە رەفتاربكەین بۆ هەڵبژاردنی هاوڕێی شیاو و شایستە و دڵسۆز و بەوەفا و خاوەنی رەوشتە بەرز و باڵاكان و پاراستنی ئەم پەیوەندیە بەشێوەیەكی دروست و رێك و پێك بۆ ئەوەی دەرونێكی ئاراممان هەبێت و ژیانێكی بەختەوەرانە بگوزەرێنین و بونمان بۆ یەكتر ببێتە مایەی خۆشبەختی و خۆشەویستی و دڵسۆزی و یەكتردۆستی بگۆڕینەوە.
بەشێك لە هاوڵاتیانیش بەم شێوەیە باس لە هاورێیەتی دەكەن, فەریق كرەم یەكێكە لەو كەسانەی زۆر باوەری بە هاورێیەتی هەیە لەم بارەیەوە دەڵێت" هاورێیەتی واتە پڕكردنەوەی ئەو بوشاییەی كەوا هەستدەكەی لە ژیانتدا هەیە,هاورێیەتی  پردێكە لە نێوان خۆت و دەوروبەرەكەت , كەناهێلێت هەست بە تەنیایی و نائارامی بكەی هەروەك ئەو ووتەیی دەڵێت هاورێیەتی لە پێش رێگایە,هاورێ زۆر مانای هەیە كەناتوانی بە یەك وشە یان دوو وشە دەریببڕی , بۆیە وشەی هاورێیەتی خۆی هەموو شتێكە بۆمن" . خەلات سابر كچە خوێنكارێكی زانكۆ یە ئەویش لە بارەی هاورێیەتیەوە بەم شێوەیەوە دەدوێ " مرۆڤ خۆی هەر لە سەرەتاوە كە لەدایك دەبێ , پێویستی بە كەسێكە بۆ ئەوەی لە زۆرێك بوارەكانی ژیانیدا هاوكار و پاڵپشتی بێت,بۆیە هاورێیەتی ڕۆلێكی گاریگەر هەیە لەسەر ژیانی تاك , هەروەك ووتەیەكی كوردی هەیە دەڵێت (جیرانی باش لە خۆشك و برا باشترە ) بەڵام من دەڵێم "هاورێی باش لە زۆر كاتدا لە خۆشك و برا باشتر و نزیكترە", ئەگەر بتئەوێت كەسێك بناسی ئەوە لە رێی هاورێیەتیەوە ئەتوانی خودی ناوەوەی كەسەكە بناسی , بۆیە زۆر پێویستە هاورێیەكی باش و دڵسوز هەڵبژێرین چونكە پەیوەندی هاورێیەتی وەك هیچ پەیوەندیەكی تر نیە, گاریگەری زۆری هەیە لەسەر گوتار و رفتاری رۆژانەمان ". لەلای خۆشیەوە سەعدوون باڵەكی وەك هەر تاكێكی تری كۆمەڵگە بۆ  زاری كرمانجی پەیڤا:" هاورێیەتی ئەو ئامانجەییە كە دوو تاكی كۆمەڵگە یا زیاتر لە پێناوییدا چەندین قوربانی و كێشمەكێش دەكەن، خۆشی و ناخۆشی و شادی و گریان هەموویان لە هاورێیەتی دووتاك یا زیاتری راستەقینە كۆدەبێتەوە كە ئامانج لێی زیاتر بەژداری پێكردنی یەكتریانە لە هەر رووداوێك و بەسەر هاتێك، لە كوردستان ئێستا ئەوەی دەبینرێت زیاتر هاورێیەتی بۆ ئامانجێكی سود بینین یا بەرژەوەندی دەكرێت، هێندەی خەڵك بەدووای بەرژەوەندی خۆیەتی لە هەڵبژاردنی هاورێكانی هێندە هەوڵی بۆ دیاری كردنی هاورێیەكی دڵسۆز و بەوەفا نیە كە لەگەڵی بەژداری سەرجەم خۆشی و ناخۆشیەكان بێت. یەهمەن موساش وەك تاكێكی ئەم كۆمەڵگایە پێی وایە " زۆربوونی بەرژوەندی تاكە كەسی و كەمبوونەوەی سیلەی رەحم هۆكارێكە بۆ كەمبوونەوەی هاورێیەتی راستەقینە,بەڵام ئەمە نابێتە هۆی لەدەستدانی مانا راستەقینەكەی هاورێیەتی چۆنكە پەنجەكانی دەستیش وەك یەكتر نین, بۆیە ناكرێت بەیەك چاو سەیری هەموو كەسێك بكەی, هاورێیەتی خۆی لەلای من مانایەكی زۆر تایبەتی هەیە .