ژیاننامەی شەهیدی فەرماندە مەغدید هەركی
دووشەممە, 13 تشرینی دووەم 2017 12:35


سوبحان شكۆ- سۆران
بۆ پاراستنی سنوور و خاكی پیرۆزی كوردستان هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەدان و هەزاران قوربانی داوە, شەهید مەغدید هەركی یەكێك لەو شەهیدە قارەمان و دلێرانەیە بۆ پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان لە دژی هێزی داگیر كار و تینوو بە خوێنی كورد و كوردستانیان جەنگاوە و رووبەروویان بۆتەوە, شەهدی فەرماندە لەپاڵ ئەركی پیرۆزی خۆی كە پێشمەرگایەتی بوو كەسایەتیەكی دیاری كوردستان بووە, شەهید لە پێناو پاراستنی خاك و نیشتیمان و پیرۆزیەكانی كوردستان و پاراستنی گیانی كوردستانیان لە دەست هێزی داگیر كاری بەناو دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) گیانی خۆی فیدا كرد و گەیشتە ریزی نەمرانی كورد و كوردستان.
بنەماڵەی مەغدید محەممەد ژیاننامەی پر لە بوێری و چاونەترسی مەغدید هەركی بۆ زاری كرمانجی باس دەكەن.
مەغدید محەممەد عەلی حاجی ناسراوە بە مەغدید هەركی لە 1ی 7ی 1969 لە شاری هەولێر لە خانەوادەیەكی شۆرشگێر و كورد پەرووەر چاوی بە دنیا هەڵێناوە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر تەواوكردووە، مەغدید هەركی لە ساڵی 1985 لەگەڵ مەلا ڕەشی برا گەورەی لە ڕێگای هەڤاڵا حاجی برایانەوە پەیوەندی بە رێكخراوی هێرشی سەربە (م.س)پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە، لە ساڵی1987 ژیانی هاوسەرگیری پێكدەهێنێت و دەبێتە خاوەنی پێنج منداڵ، هەر لە نێوەندی خەباتی سەرەتای ژیانیدا بە كادیرێكی جوامێر و چاو نەترس و دڵسوزی رێبازی كوردایەتی ناوبانگی دەركردووە، ناوبراو لە ڕاپەرینی مەزنی گەلەكەمان لە ساڵی 1991 چەكی بەرگریكردن و رزگاركردنی كوردستانی كردووتە شان و بۆ ئازادكردنی كوردستانی جەنگاوە.
مەغدید محەممەد لەساڵی 1995 لە سوپای دووی قارەمان بووەتە ئەندام بەشی كارگێری، دوای دووساڵ واتە لە ساڵی 1997 لەهەمان سوپا دەكێرتە بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ساڵی 1998 دەكرێتە بەرپرسی عەمەلیاتی هێزی21 سوپای دوو، تێكۆشەری كورد و رێگای رزگاری خوازی كوردستان مەغدید هەركی لەهەمان ساڵدا دەكرێتە فەرماندەی بەتالیون، لە 1ی 12ی 1998 دوای بەشداریكردنی لە خولی فەرماندەیی لە ئەكادیمیای سەربازی زاخۆ توانیویەتی پلەی یەكەم بەدەست بێنێت، شەهیدی فەرماندە هەمیشە نموونەی پێشمەرگە و فارماندەی خاوەن دیسپلین و داستان و چاونەترسبوو، لەبەر لێهاتوویی و قارەمانەتی خۆی ساڵی 2001 بە بڕیاری جەنابی سەرۆك بارزانی بووتە فەرماندەی هێزی25 سوپای سێی فەرماندەیی هەولێر، لە پرۆسەی ئازادكرنی عێراق شەهید مەغدید هەركی لە میحوەری مخموور وەك فەرماندەی هێزی25 ڕۆڵێكی قارەمانانەی گێرا، ساڵی 2004 بە پلەی مقەدەم دەبێتە فەرماندەی بەتالیون لە فەرماندەی زێرەڤانی، ساڵێك دوای ئەمە بە پلەی یەكەم كۆتایی بە خۆلی فەرماندەیی ئەكادیمی سەربازی زاخۆ دەهێنێت.
ساڵی 2006 بۆ جارێكیتر بە بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان مسعوود بارزانی بووەتە فەرماندەی هێزی دووی سوپای پێنجی زێرەڤانی، لەخەباتی پارتایەتیدا نموونەی كادیری دڵسوز و لە خۆبوردەیی بووە و سەركەوتوانە بەشداری لە دوو خولی پێگەیاندنی كادیرانی پارتیدا كردووە، فەرماندە مەغدید لەژیانی سەربازی خۆیدا سەرجەم پلەكانی سەربازی یەك بە دوایەك بڕیوە تاكو پلەی عەمید، بەر لە شەهید بوونیشی قوتابی قۆناغی یەكەمی بەشی كارگێری و یاسا بووە لە زانكۆی لوبنانی فەرەنسی.
عەمید مەغدید وەك پیشەی هەمیشەی خۆی بۆ بەركریگردن لە خاكی پیرۆزی كوردستان لەبەرامبەر دڕندەترین هێزی تیرۆرست و تاریك پەرستی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) و بەرز هێشتنەوەی ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەگەڵ پۆلێك لە قارەمانانی گەلەكەمان رۆژی 16ی 12ی 2015 لە چیایی زەردك گیانی خۆی كردە قوربانی كورد و كوردستان، گەیشتە كاروانی نەمرانی كوردستان.
لەكۆتایدا بنەماڵەی شەهید مەغدید محەممەد عەلی گوتیان:" بەڵێن بە خاك و نیشتیمان دەدەین درێژە بە ڕێبازی پیرۆزی شەهید مەغدید بدەین و لە پێناو خاك و پیرۆزیەكانی كورد و كوردستان تێبكۆشین تەنانەت ئەگەر بە گیانی خۆشمان بێت".