Share on facebook
وتەبێژی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی‌ كوردستان : حكوومەتی عێراق توانای دەستگیركردنی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی هەرێمی نییە
دووشەممە, 13 تشرینی دووەم 2017 12:49

: وتەبێژی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی‌ كوردستان "شێروان زرار" لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ" كۆمەڵێك هۆكار هەبوون كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا نەكرێت و دوابخرێت، لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی عێراق توانای دەستگیركردنی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی هەرێمی نیە، چونكە هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی سەربەخۆییە و وەكو كۆمیسیۆن پەیوەندیمان بە عێراقەوە نیە. ڕوونیشیكردەوە، تۆماری دەنگدەران بەردەوام كاری لەسەر دەكرێت، لیژنەی بۆ پێكهێنراوە و دەزانین كەموكوڕی هەیە و گلەیی لەسەر هەیە، ئەو كەموكوڕیانە لەگەڵ كەموكوڕیەكانی لە ڕاپرسی هەبوون چاك دەكەین، بۆ ئەوەی ئەو هەڵبژاردنەی كە دەكرێت لە ئاست تموحی هەموو لایەكدا بێت.
وتەبێژی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی‌ كوردستان رایگەیاند" بارودۆخ گونجاو نەبوو كە لە مانگی 11 و لە كاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، نەبوونی كاندید بۆ سەرۆكی هەرێم، بەشێك لە قەوارە سیاسییەكان كاندیدەكانی خۆیان پێشكەش نەكرد لە كاتی خۆیدا، ئەوانە گرفت بوون بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا نەكرێت و دوا بخرێت، لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانیش دانیشتین و ئەوان پێیان باش بوو كە هەڵبژاردن دوا بخرێت و لە كاتێكی دیكەدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ڕەوش ئارام بێتەوە و هاووڵاتیان بە دەروونێكی باشتر روو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن و كاتێكی زیاتریش لەبەر دەستی ئێمە دا بێت كە تۆماری دەنگدەران پاك بكەینەوە.
سەبارەت بە بڕیاری دەستگیركردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران شێروان زرار، ڕوونیكردەوە" ئەو بڕیارە، بڕیارێكی سیاسییە، نەك یاسایی، چونكە خۆمان 7 كەسی یاسایین، دەزانین كە ئەو بڕیارە سیاسییە، نەك یاسایی، ئەوە فشارێكە لەسەر هەرێمی كوردستان، ئێمە ڕاوێژمان لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری و سەندیكای پارێزەران كردووە، ئەوان پێیان باشبووە كە ئەو دۆسیە تانەی لێ نەدەین تاكو ڕێككەوتنێك دەكرێت لە نێوان هەولێر و بەغدا ئەو كات پێمانوایە ئەگەر كێشە سیاسییەكان چارەسەر بوون، بە ئاسانی ئەو كێشانە چارەسەر دەبن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش حكوومەتی عێراق توانای دەستگیركردنی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی هەرێمی نیە، چونكە هەرێمی كوردستان، هەرێمێكی سەربەخۆییە و خاوەن كیانی خۆیەتی و پەیوەندیمان بە عێراقەوە نیە، ئێمە كۆمیسیۆنی كوردستانین، ئێمە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكانی هەموو كوردستان دەكەین، هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێم، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاكان، بەپێی یاسا تەنیا هەڵبژاردنی عێراق لە دەسەڵاتی كۆمیسیۆنی عێراقدایە، بۆیە ئێمە خاوەن كۆمیسیۆنی خۆمانین، لەسەرجەم پارێزگاكان ئۆفیسمان، پرۆسەی ریفراندۆمان بەڕێوەبرد، دەتوانین هەڵبژاردنەكانی دیكەش بەڕێوەببەین و پێویستمان بە هیچ كۆمیسیۆنێكی دیكە نابێت.
شێروان زرار، وتەبێژی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی‌ كوردستان ئاماژەی بەوەش دا" هەستمان بەوە كرد كە ئەو متمانەی ئێمە وەكو كۆمیسیۆن بە قەوارەكانمان دا بۆ هەڵبژاردن، بەشێك لە قەوارەكان وەكو ریكلامێك پارەی خۆیان بەكاردەهێنا، بۆیە ئەنجوومەنی كۆمیسیاران زۆرینە لەگەڵ ئەوەدا بوون كە مۆڵەتی ئەوان هەڵبوەشێنرێتەوە و جارێكی دیكە ئەگەر كاتی هەڵبژاردن دیاری كرا ئەو كاتە داوا دەكەینەوە و قەوارەكان تۆمار دەكەینەوە.
وتەبێژی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی‌ كوردستان ئاشكرای كرد" كەس هۆكاری ئەوە نەبوو كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا نەكرێت و دوا بخرێت، بارودۆخێك هاتە ئاراوە پێشبینی نەكراو بوو، هاتنی حەشدی شەعبی و گرتنی هەندێك شوێن لەلایەن ئەوانەوە و دروستكردنی فشار لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نا ئارامی سیاسی، لەگەڵ هەندێك گرفتی تەكنیكی، وەك نەبوونی كاندید بۆ سەرۆكی هەرێم، حزبەكان دوو دڵ بوون لەوەی كە هەڵبژاردن دەكرێت، یان ناكرێت، بابەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، یاساكە پێویستی بەوە هەبوو كە هەموار بكرێتەوە، چونكە بەشێك لە فراكسیۆنەكان پێیانوابوو كە دوای ئەنجامدانی ڕاپرسی لەو ناوچانە دەكرێت ئەوانیش لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم بەشدار بن، مادەم چارەنووسیان لەگەڵ هەرێمی كوردستانە، هەموو ئەوانە هۆكار بوون كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا نەكرێت و دوا بخرێت، بەڵام ئەوەی كە هەیە سەرۆكی فراكسیۆنەكان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە و لێك تێگەیشتنێك لە نێوانیاندا هەیە هەوڵبدرێت هەڵبژاردن لە 3 تا 4 مانگی دیكە بكرێت، ئەوەش شتێكی دڵخۆشكەرە، كە خەڵك ئۆمێدی بۆ دروست بكرێت و حكوومەت و پەرلەمانێكی تازە بێنە ئاراوە و گۆڕانكاری بكرێت، بۆیە وەزعی ئێستا ئەوەمان لێ دەخوازێت كە ڕەنگە 8 مانگی دیكە درەنگ بێت بۆ هەڵبژاردن و زووتر ئەنجام بدرێت باشترە، بۆیە هەر كاتێك داوامان لێ بكرێت، ئێمە ئامادە دەبین و بەرپرسیشین بەپێی یاسای ژمارە 4  هەموو ئامادەكارییەكان بكەین.
شێروان زرار، گوتی" بۆ هەڵبژاردن پێویستمان بە بوودجە هەیە، پێویستمان  بە كات هەیە، پێویستمان بە بڕیارێك هەیە، كە لەسەرووی خۆمانەوە فەرمانمان پێ بكرێت كە ئێوە وەكو كۆمیسیۆن ئاماداكاری بكەن و هەڵبژاردن بكەن، هەروەها داوامان كردووە كە سەرنج و تێبینییەكانی ئێمە بە هەند وەربگیرێت، چونكە بەپێی یاسا هەر هەڵبژاردنێك بكرێت دەبێت ڕای كۆمیسیۆنیش وەربگیرێت، چونكە لەوانەیە كاتێك دابنێن كە لەگەڵ كاری ئێمە نەگونجێت، بۆیە داوامان كردووە لە كاتی دیاریكردنی هەڵبژاردنی داهاتوو بە ڕاوێژ بێت لەگەڵ ئێمە بۆ ئەوەی پێكەوە كاتێك دیاری بكەین.
وتەبێژی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی‌ كوردستان ئەوەشی گوت" تۆماری دەنگدەران بەردەوام كاری لەسەر دەكرێت، بۆیە تا ئێستا دیار نیە كە چەند هاووڵاتی مافی دەنگدانیان دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو، لە كاتی هەڵبژاردنەكان رادەگەێنین كە چەند كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام ئەوەی بەڵای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە كە هەموو هەوڵێك دەدەین و بڕیارمانداوە كە لەو ماوەیەدا كار لەسەر پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكەین، لیژنەی بۆ پێكهاتووە و دەزانین كەموكوڕی هەیە لە تۆمارەكەدا و گلەیی لەسەر هەیە، ئەو كەموكوڕیانە چاك دەكەین و لەگەڵ كەموكوڕیەكانی لە راپرسی هەبوون هەموو ئەوانە چاك دەكەین، هەروەها بڕیاروایە بۆ ماوەی سێ رۆژ كۆنفڕانسێك ئەنجام بدەین بۆ هەموو بەشەكانی خۆمان بۆ ئەوەی بزانین ئایا كەموكوڕیەكانی ئێمە چی بوون لە ڕاپرسی بۆ ئەوەی هەموو ئەوانە چاك كەین، بۆ هەڵبژاردن خۆمان ئامادە بكەین و هەڵبژاردنێك بێت كە لە ئاست تموحی هەموو لایەكدا بێت.
شێروان زرار، وتەبێژی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی‌ كوردستان رایگەیاند" تا ئێستا بە سوپاسەوە هەموو حزبەكان ئیحترامی ئیرادەی ئێمەیان گرتووە، ئێمە سوپاسیان دەكەین، وەكو كۆمیسیۆنیش ڕێگەمان بەوە نەداوە كە حزبەكان دەست بخەنە ناو كاروباری ئێمەوە، ئەم ئەركە نیشتمانیە پێویستە دوور بێت لە دەستێوەردانی حزب و وەكو ئەركێكی نیشتمانی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی هەموو حزبەكان بە هی خۆی بزانن، بەوەش بەڕاستی ئیشی دەوڵەتداری بەو شێوەیە دەكرێت".