Share on facebook
لەهەموو بارودۆخێكدا پرۆسەی خوێندن لەسۆران بەردەوام دەبێ
سێ شەممە, 14 تشرینی دووەم 2017 16:02

زاری كرمانجی-سۆران: سەرپەرشتیاری یەكەمی بنەڕەتی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە سۆران، دەڵێت "پرۆسەی خوێندن لە سنوورەكەمان بەشێوەی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و بۆ پڕكردنەوەی كەمی میلاكات و پێداویستییەكانی قوتابخانەكانیش هەوڵەكانمان بەردەوامە.

م.حیكمەت سەلمان، سەرپەرشتیاری یەكەمی بنەڕەتی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند "بەمەبەستی چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی میلاكی قوتابخانەكانی پەروەردەی سۆران، بەتایبەتی گوندەكانی دەورووبەر، چەند پلەیەكی دامەزراندنی مامۆستایانمان بەشێوەی گرێبەست بۆ دابینكراوە، لەوانە سێ مامۆستا بۆ قوناغی ئامادەیی و سێ مامۆستای بۆ قوناغی بنەڕەتی و فۆڕمان بۆ پڕكردونەتەوە، وەك دیاریشە ئەو دامەزراندنە هەموو پلەكان ناگرێتەوە، بەڵكو تەنیا مامۆستایانی تایبەتمەندی زانستی (بیركاری، فیزیا، كیمیا، زیندەوەرزانی، ئینگلیزی) دەگرێتەوە".

سەرپەرشتیاری یەكەمی بنەڕەتی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە سۆران، گووتیشی، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ پڕكردنەوەی میلاكاتی خوێندن لە قوتابخانەكاندا، مامۆستای وانەبێژمان هەیە كە پێشتر لە هیچ شوێنێك دانەمەزراون، بەمەش توانیومانە تا راددەیەكی باش درێژە بە پرۆسەی خوێندن بدەین و سەرجەم قوتابخانەكانیش بەرووی قوتابیان كراونەتەوە، راستە كەموكۆڕیش هەیە بەڵام نابێت دەستە وەستان بوەستین و كاریگەری بكاتە سەر پرۆسەی خوێندن و قوتابیان باجەكەی بدەن".

جێگەی باسە "لەسنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سۆران 246 قوتابخانە و باخچەی منداڵان هەن، لەو رێژەیەدا 24 قوتابخانەی ئامادەیی و 16 دواناوەندی و 206 قوتابخانەی بنەڕەتی هەیە، لەگەڵ ئەمەشدا 10 باخچەی منداڵان و دوو هەزار و 500 مامۆستای هەمیشەی و 392 مامۆستای گرێبەست پەروەردە فێری ( 51 ) هەزار قوتابی لە سنووری سۆران دەكەن.