Share on facebook
لە رواندز هۆبەی پۆلیسی كۆمەڵگە كرایەوە
سێ شەممە, 14 تشرینی دووەم 2017 20:01


سوبحان شكۆ- رواندز : ئەمڕۆ سێشەممە، لە قەزای رواندز لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكومی و حزبی و  رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هۆبەی پۆلیسی كۆمەڵگەی رواندز كرایەوە.

جەوهەر سەدیق ئەفسەری هۆبەی پۆلیسی كۆمەڵگەی رواندز لە لێدوانێكیدا بە زاری كرمانجی راگەیاند:"دوای وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ و بەرێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم، ئەمرۆ بە فەرمی لەلایەن خاتوو كوێستان ئەحمەد، قائێمقامی قەزای رواندز و یاریدەدەرانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران و بەرپرسانی حكومی و حزبی و رێكخراوە ناحكومیەكان هۆبەی پۆلیسی كۆمەڵگەی قەزای رواندز كرایەوە.

ئەو ئەفسەرەی پۆلیس ئاشكراشی دەكات، پۆلیسی كۆمەڵگە دەزگایەكی پۆلیسی سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە، ئەركی سەرەكی بریتیە لە دروستكردنی پەیوەندی و هاوبەشی لە نێوان دەزگاكانی تری پۆلیس و كۆمەڵگە ئەمەش لە رێگەی بڵاوكردنەوە رۆشەنبیری یاسایی بە مەبەستی پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و رێگە گرتن لە هەوڵدانی تاك بۆ تاوان.


هەروەها ئامانجە سەرەكیەكانی پۆلیسی كۆمەڵگە بریتین لە:(جوانكردنی وێنەی پۆلیس لە بەرچاوی هاوڵاتیان بە مەبەستی گەیشتن بە لوتكەی متمانە بە یەكبوون، بەژداری پێكردنی هاوڵاتیان بە گشت چین و توێژەكان لە پرۆسەی خۆپاراستن لە تاوان و رێگەگرتن لە دروستبوونی تاوان، دۆزینەوەی رێگە چارەی گونجاو بۆ گیروگرفتە كۆمەڵایەتییەكان بە لادانی ترس لە دڵی هاوڵاتیان و پەیوەندی كردنیان بە پۆلیس، گرنگیدان بە كێشەكانی( سواڵكردن، دزی، كێشە خێزانیەكان..).