Share on facebook
مەزەفەر ساڵح... یاریزانێكی گەورە و بەهێز و بەتوانا و خێرا و لێهاتوو
یەک شەممە, 17 کانونی یەکەم 2017 14:53

جەلال سەعید
یاریزان مەزەفەر ساڵح خوای لێخۆشبێت، یەكێك لە باشترین یاریزانانی رۆژگاری خۆی بوو، بە تایبەت لە شوێنی یاریكردنی، هێرشبەرێكی ترسناك، خێرا، بیر تیژ، بەهێز لە دەرچوون و برینی یاریزانان و گۆلكارێكی بەتوانا، یاریزان مەزەفەر ساڵح هەر چەند بەژن و باڵای كورت بوو بەڵام كاتێك تۆپ لە بالەكانی گۆرەپانی بۆ نێو هێڵی سزا ئاراستە دەكرا، هەڵستانێكی بێ‌ وێنەی لێ‌ بەدی دەكرا، یاریزانانی هێڵی بەرگری تووشی شۆك دەكردن لە بەرامبەر بەرزبوونی و لێدانی تۆپ بەسەر بۆ گۆڵ یان كۆنتڕۆلكردنی تۆپ بە سینگ.
مەزەفەر ساڵح كاتێك تۆپ لە بەر قاچەكانی دەبوو، بەهۆی لێهاتوو و ئاستبەرزی و توانای برین و دەرچوونی بەشێوازێكی هونەری بەرز و خێرا یاریزانی ركابەر ترس و دڵەراوكێیان بۆ دروست دەبوو.
ئاشنایەتی من بۆ كاك مەزەفەر ساڵح، بەهۆی یاریزانی هێڵی ناوەراستی تیپەكەمان كاك جەبار ساڵح بوو، لەگەڵ كاك مەزەفەر كورە پلكی یەكتر بوون، ئەوكات من راهێنەری تیپی لاوانی رزگاری بووم، هەر چەند كاك مەزەفەر ماڵی لە هەولێر بوو وەلی هەر كاتێك تیپی لاوانی رزگاری بەشداری خولێك یان پێویستی بە توانیەكانی ئەو هەبووایە، بەشداری دەكرد، كاك مەزەفەر وەك یاریزانێكی تیپەكەمان هەمیشە ئاماە هەبوو.
كاك مەزەفەر ساڵح مرۆڤێكی نەرم و نیان، خۆشەویست و دەم بەخەند، قەسە خۆش و گوێ‌ راییل، هێمن و لە سەرخۆ، زۆر میهرەبان بوو، لەجێبەجێكردنی رێنمایەكان لەكاتی یاریكردن، هەمیشە بەبێ‌ دەنگ دەبندرا لە نێو یاریدا، جگە بیركردنەوە لە یاری و لە سەركەوتنی تیپەكەی و بەجێگەیاندنی پلان و تەكتیكی یارییەكە هیچی دیكەی لە ناخدا بەدی نەدەكرا.
كاتێك پلان و تەكتیكی یاریمان باس دەكرد زۆر بە هێمنی و وریایەوە گوێی لە رێنمایەكان دەگرت و لە نێو گۆرەپانی یاری جێبەجێی دەكرد، هەر چەند كاك مەزەفەر بەهۆی ئاستبەرزی و لێهاتووی لە مەیدانی یاریكردندا كەمتر پێویستی بە رێنمای و ئامۆژگاری هەبوو بۆ جێبەجێكردنی پلان و تەكتیكی یاری، یاریزانێكی هۆشمەند و ئەستێرە و خێرا و گەورە و مەترسیدار لە یاریكردندا، هەموو یاریزانانی بەرگری و گۆڵپارێزەكان بەچاوی ترس و دڵە راوكێ‌ سەیری شێواز و جولە و دەرچوون و برینی یاریكردنی كاكە مەزەفەریان دەكرد.
كاتێك پێكهاتەی تیپی لاوانی رزگاری لە گۆڵپارێزدا سەردار ئەنوەر غەریب، لە هێڵی بەرگری" رەسول محەمەد، كەمال سەعید، سەمیر ئیسقێل، عزەت سۆفی، مشیر ساڵح، لە ناوەراست" جەبار ساڵح، حەكیم جەمال، حەمید سەلیم، ئیدریس رەحمان، لە پێشەوە خوالێخۆشبوو مەزەفەر ساڵح، جۆنسن سیاوەش، یان ئیدریس رەحمان چونكە یاریزان ئیدریس رەحمان یاریزانێكی بەتواناو لێهاتوو بوو وەك جۆكەر بوو بۆ تیپ لە هەموو شوێنێك دەتوانی یاری بكات بە تایبەت لە هێڵی هێرشبەر بەڵام كاتێك پێویست دەبوو لە ناوەراست یاریم پێدەكرد، هەمیشە یاریزانی كۆچكردوو مزەفەر ساڵح بەپلان و تەكتیكی ئازاد یاریم پێدەكرد بۆیەش بەردەوام لە كات و ساتەكانی ترسناك تۆپی بەر دەكەوت و سوودی لە تۆپەكانی یاریزان جەبار ساڵح و ئیدریس رەحمان وەر دەگرت و تۆری گۆڵپارێزەكانی دەهەژاند
بەڵام زۆر زۆر بەداخەوە مەرگ رێگای نەدا چیتر لە ژیان بەردەوام بێت و كۆچی كرد و كۆچەكەی ناوەخت بوو، تەمەنی هێشتا لە یاریكردن لەگەڵ هاوتەمەنەكانی خۆی لە یاریزانە دێرینەكان درێژەی هەبوو، ئێستا یاریزانانی تیپەكە ناوی تیپەكەیان نا تیپی مەزەفەر ساڵح بۆ یاریزانانی دێرین و هەڵگری ناوی خوالێخۆشبووە.