Share on facebook
بارزانی بۆ بێ دەنگە؟
شەممە, 23 کانونی یەکەم 2017 07:46


گۆران شاخەوان
ئەگەر تا دوێنی چارەسەری كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئاسان بووبێ، ئەمڕۆ ئاڵۆزترە، ئەگەر ئەمڕۆش نێوماڵەكە ڕێكنەخرێتەوە، ڕەنگە بۆ سبەی زەحمەتتر و ئەستەمتر بێ.
*تەقینەوەی قەیرانەكانی یەكێتیی
چەند جارێك لە بارزانی گوێم لێبوو دەیگووت، كاتێك كێشەیەك لە هەرێمی كوردستان دروستدەبوو، یان لەنێوان پارتی و یەكێتی ئاڵۆزییەك پەیدا دەبوو، بە یەك تەلەفۆنی نێوان من و تاڵەبانی هەموو شتەكان چارەسەر دەكران، بەڵام ئێستا بارزانی لەدوای تاڵەبانی ناتوانێ تەلەفۆن بۆ هیچكام لە سەركردەكانی یەكێتی بكات، چونكە ئەوان نەك هیچیان بە دەست نییە، بگرە هەر كەسەی بەرپرسی باڵێك و كوتلەیەكە، بۆیە لە دوای تاڵەبانی لە نێو یەكێتی هەرچی لێی دەپرسی خۆی بە حاكمی ئەو حزبە دەزانێ و لە بنەڕەتیشدا هیچكامیان دان بەوەی دیكەیان دانانێن.
لە 16 ئۆكتۆبەر كوتلەیەكی نێو یەكێتی ئاشكرایانكرد كە ڕێككەوتنیان لەگەڵ حەشدی شەعبیی و سوپای پاسداران ئەنجامداوە و پەنجا لەسەدی خاكی كوردستانیان بۆ حەشدی شەعبیی چۆلكرد، ئێستاش كە ئەو نوقڵەی ئەوكات دەمیان پێ شیرنكردبوون لێیان دوورخرایەوە، خۆیان بە پیاو چاك وەسفدەكەن، بەڵام تازە كار لەكار ترازاوە، دەبێ دەست لە یەكێتی بشۆین، چونكە ئەوان لە قەیرانی بێ سەركردەیین و لەم پێناوەشدا هەموو شتێك بۆ دروستكردنی دوو ئیدارەیی و لەباربردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن.
*گۆڕان بۆ وادەكات؟
بەهەمان شێوە كاتێك نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە ژیاندابوو، ئاڵۆزییەكانی ‌نێوان پارتی و گۆڕان زوو چارەسەر دەكرا، لە گەرمەی پەیوەندی خراپی نێوان پارتی و گۆڕان بە دانیشتنێكی نێوان بارزانی و نەوشیروان مستەفا هەموو شتێك چارەسەركرا و حكومەت پێكهێنرا و گۆڕان پشكی شێری لە كابینەی هەشتەم بەركەوت و بووە خاوەنی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام لە دوای نەمانی نەوشیروان مستەفا وەك كەسی یەكەمی بزوتنەوەی گۆڕان، ئێستا هەمان ئەو بەزمە بەسەر یەكێتیدا هاتووە، گۆڕانیشی گرتۆتەوە.
لەگەڵ ئەندامێكی جڤاتی نشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆمان دەكرد، ئەو دەیگوت كاتی خۆی كاك نەوشیروان هەرچی گووتبای لە ئەلفەوە تا یائی هەموو گۆڕانخوازان جێبە‌جێیاندەكرد، بەڵام ئێستا ئەگەر عومەری سەید عەلی كە كەسی یەكەمی گۆڕانە بڕیاریش دەربكات، نەك گۆڕانخوازان بەشێكی زۆری ئەندامانی جڤاتیش بە قسەی ناكەن، تەنانەت لە كۆبوونەوەكانیش بە توندی دژی دەوەستنەوە، بۆیە ئێستا ئەركی بارزانی بەرانبەر گۆڕانیش قورستربووە، چونكە بارزانی دەزانێ لەسەر چارەسەركردنی پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان و پارتی ئەگەر‌ لەگەل عومەری سەید عەلییش قسە بكات، هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت و كۆبوونەوەكەش هیچی لێ سەوز نابیت، چونكە عومەری سەید عەلی هاوشێوەی نەوشیروان مستەفا ناتوانێ بڕیار بدات، چونكە نەك لایەنگرانی گۆڕان بگرە خانەی ڕاپەراندن و ئەندامانی جڤاتیش هەموویان پابەندی بڕیارەكەی نین، بۆیە گۆڕانیش لە قەیرانی بێ سەركردەیی، بە هەمان دەردی یەكێتی چووە.
*بارزانی بۆ بێدەنگە؟
لەگەڵ ئاڵۆزبوونی ئەم دۆخە خەڵك هەموو باسی ئاشتەوایی سیاسی دەكات و لەنێو بازاڕ و مەجلیسەكانیش هەرچی گوێت لێی دەبی دەڵێت، ئەگەر حزبەكان یەك دەنگ بن، بە ئاسانی كێشە سیاسی و ئابوورییەكان چارەسەر دەبن.
ڕۆژی هەینی بوو، كزە بایەكی سارد دەهات، خۆر لە دەرەوەبوو، خەڵكەكەش بۆئەوەی خۆیان گەرمبكەنەوە، لەنزیك پاركی شار و بەردەم قەڵای هەولێر لەبەر تیشكی ڕۆژەكە دانیشتبوون، خۆم لە مەجلیسێك نزیككردەوە، دوو پیرە پیاوی بەتەمەن گفتوگۆی نێوانیان زۆر گەرم بوو، كە من گەیشتم، یەكێك گۆچانی لەدەستبوو، بە هاوتەمەنەكەی خۆی دەگووت، باشە بارزانی بۆ هیچ قسەیەك ناكات‌؟ بۆچی هەموو حزبەكان كۆناكاتەوە و ئاوێك بەو ئاگرە دابكەن؟
ئەوەی دیكەم دەناسی، مامۆستایەكی خانەنشین بوو، دیاربوو وەك بڵێی خۆی بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئامادە كردووە، هەر زوو دەستی بە قسەكردن كردو و گووتی، كاتی خۆی كە مام جەلال و نەوشیروان مستەفا لە ژیاندابوون، بارزانی لەگەڵ ئەوان دەیتوانی هەموو كێشەكان چارەسەر بكات، بەڵام ئێستا حزبەكانیان هەرزەكارێك بۆتە دەمڕاستیان، بۆیە بارزانی نازانێ لەگەڵ كامیان قسەبكات و نازانێ كێ بڕیار بەدەستیانە. پیرە پیاوەكە قومێكی لە جگەرەكەی دەستی داو بە دەنگێكی بەرزەوە گوتی، تازە ئەوان قەیرانی سەركردەیان هەیە و بارزانیش بە تەنیا لەنێو گۆڕەپانی سیاسیی ماوەتەوە، گۆڕان و یەكێتیش بەدەستی هەرزەكارە سیاسییەكان خەریكە لە پەل و پۆ دەبێت.