Share on facebook
پەروەردە لە بەردەم مەترسییەكی گەورەی هەرەسهێنان
سێ شەممە, 26 کانونی یەکەم 2017 14:09

 

هەژارشاكر


ئاشكرایە پەروەردە و فێركردن پێشەنگە لە ئامادەكردن و پێگەیاندنی مرۆڤێكی دروست و بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی ڕۆشنبیر، قوتابخانە جیهانی زانست و هونەرو ئەدەب و پەروەردە كردنە، پیرۆزییەكانی لە لووتكەن بۆ مرۆڤایەتی.

مرۆڤ هەمیشە لە هەوڵی فێربوون و باشترین بووە، ویستویەتی ناوازەترین داهێنان بكات، بەدوای شتە وونبووەكان گەڕاوە تاكو بیدۆزێتەوە و بەدەستی بێنێ، بەگشتی لە هەر سوچێكی ئەم زەمینە پەروەردە و فێركردن پێشەنگە وڵاتان باشترین خزمەت ئەگەینن بەم بوارە بۆ ئەوەی كۆمەڵگایەكی دروست و خوێندەوار بەرهەم بهێنن.

ئەوەی لێرە مەبەستمە چۆنیەتی گرنگیدان و بەرەوپێشچونی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنە لە باشوری كوردستان، ئاخۆ تا چەند حكومەت گرنگی پێداوە، ئاشكرایە پەروەردە كۆتا دروشمی پەراوێزخراوە لای حكومەت وەك پێویست نەیویستووە و نەیتوانیوە پەرەی پێبدات و لە بەردەم مەترسی گەورەشدایە!

لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە لە سایەی حكومەتێكی پڕ لە گەندەڵ قەیرانەكان سەریانهەڵداو دواتر سیستەمی چارەگە مووچە بەسەر فەرمانبەران سەپێنرا، مامۆستا و فەرمانبەرانی پەروەردەش بەر ئەم شاڵاوەی چارەگە مووچە كەوتن، ڕۆژ دوای ڕۆژ ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و هاووڵاتییانیش بەگشتی ناخۆشتر بوو، ئەمە بووە هۆكارێك بۆ سەرهەڵدانی چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی و تێكچوونی دەروونی تاك.

پرۆسەی خوێندن بەتایبەتی ئێستا لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە ، ئەمە پێ ئەخەینە ساڵی نوێ خەریكە وەرزی یەكەمی خوێندن كۆتایی پێ دێت تاكو ئێستا نەوت لە قوتابخانەكان دابەش نەكراوە قوتابیان بەم سەرماو سۆڵە لە پۆلەكانیان ئەلەرزن ، بێ كارەبایش لە لایەكی تر!

ئەمە نیشانەی خەمنەخۆری و بەگرنگ نەزانینی پەروەردە و فێركردنە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان تاكو ئێستا نەتوانراوە نەوت دابین بكرێت، كار گەیشتۆتە ئەوەی زۆربەی بەڕێوەبەری قوتابخانەكان لە كۆبونەوەی دایكان و باوكان داوایان لە كەسوكاری قوتابیان كردووە بەپێ ی توانا بڕە پارەیەك كۆ بكەنەوە تاكو بتوانرێت نەوت بۆ قوتابخانە دابین بكرێت ، هەر بەم بۆنەوە كەسوكاری قوتابیان پارەیان كۆكردۆتەوە نەوت بۆ قوتابخانەكان كڕاوە.

كەسوكاری قوتابیانیش بێ گومان هاوشێوەی مامۆستایان دەیان كێشەیان هەیە، ئەوانیش یان فەرمانبەرن یان ئەوەتە پێشمەرگەن ئەمانیش ناڵەی بێ مووچەی لە قورگیان ئەزرنگێتەوە! لەلایەكی تریش مامۆستایانیش لەم بێ مووچەییە ماندوونەناسانە پابەندبوونە بە دەوامی خۆیان، ئەمە كۆتا ڕۆژەكانی مانگی دوانزەیە وا بۆ دوو مانگ ئەچێت مامۆستایان نیو مووچەی مانگی نۆیان وەرنەگرتووە ئەمە بووەتە هۆكار كە مامۆستایان دەیان كێشەی تریان لەسەر كەڵەكە ببێ!

لە وڵاتان مامۆستا لە ڕووی دارایی كێشەی نیە چونكە پێویستی بە دەرونێكی ئارام هەیە ، لە زۆربەی وڵاتان مامۆستا بەرزترین مووچەی هەیە، لای خۆمان مامۆستا لەبەر بێ مووچەیی و دەیان كێشەی تر دەرفەتی ئەوەی نیە بیر لە قوتابخانە بكاتەوە، مامۆستا هەیە كرێچیە مناڵی هەیە ڕۆژانە دەیان خواستی لەماڵەوە ئاراستە ئەكرێت ! خاوەن خانوو داوای كرێ ی لێ ئەكات ! پارەی موەلیدە ! لەكوێ دابین بكات؟ ئەگەر مووچە وەرنەگرێت!

مامۆستا بەم هەموو كێشەوە چۆن ئەتوانێت بچێتە هۆڵی وانە وتنەوە؟! لەم هەرێمە لە سایەی حكومەت شكۆی مامۆستا شكێنراوە!

حكومەت كاری چیە؟ روونە هۆكاری هەموو ئەم كێشە كەڵەكەبوانە شكستی حكومڕانیە لە باشوری كوردستان ، لە بڕی خزمەت كردن بە درێژایی ئەم چەند ساڵە خەریكی دزی و بە تاڵان بردنی خێرو بێری ئەم نیشتیمانە بوونە ! بە دروشمی بریقەدار خەڵكیان چەواشە كردووە و كۆمەڵێك كەس لەسەر حیسابی هەر تاكێكی ئەم گەلە خەریكی پارە كۆكردنەوە بوونە! ئێستاش وا خەریكە پرۆسەی خوێندن هەرەس دەهێنێت ئەوەی تێیدا زەرەرمەندیش ئەبێت قوتابیانن.