ژیان چیمان فێر دەكات ، چی لێ فێردەبین ؟
سێ شەممە, 20 شوبات 2018 08:20


رسول كەمال مەجید

مۆنتسیكیۆ بیرمەندی فەرەنسی دەڵێت "ئێمە بۆ ئەوە خوڵقاوین تاوەكو بیربكەینەوە ، من بیر دەكەمەوە ، كەواتە من هەم .
ئەوە بەرای من یەكێكە لە وتە هەر جوانەكان بۆ تێگەیشتن لە ژیان ، مرۆڤ هەر كاتێ بیر لەم وشەیە دەكەتەوە دەرگاكانی بیركردنەوەی رابردووی سەبارەت بە ماناكانیەوە بۆ دەكرێتەوە ، ماناكانیش بریتین لە هەڵوێست ( موقف )  و سەردەمی خۆش و ناخۆش ، كە مرۆڤ تێیدا تێپەریوە، بێگومان زۆر شت فێر دەبین ئەگەر لە ژیان بگەین . كەواتە ژیان خۆی قوتابخانەیەكە بۆ مرۆڤەكان تێیدا تووشی چەندەها تاقیكردنەوە دەبنەوە ، نابێ چاوەرێی ئەوە بكەین كەوا لە هەموو تاقیكردنەوەكانی دا سەركەوتووخۆش بەخت دەبین ، چونكە دەبێ ئەوە بزانین كەوا كارەكتەری جیاواز و كات و سەردەم و تەمەن و قۆناغی جیاواز هەن كە دەبێ مرۆڤ تێیدا گوزەر بكات . گوزەر كردن لەم قوتابخانەیە بۆ هەموو مرۆڤێك وەكو یەك نیە ، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ توانایی و بەهرە و زیرەكی و بە ئاگایی خودی مرۆڤەكە  . ژیان فێرمان دەكات كەوا خۆش و ناخۆشەیەكان بە یەكەوە كۆبكەینەوە بزانین كەوا بەرهەمی جوانی و خۆشیەكانی ژیان دەرئەنجامەكەی چی یە ؟. ناخۆشیەكانیش كاتێ توشمان دەبێ ناكرێت وامان لێ بكات دەست بەرداری خۆشیەكانی ژیان بین بەلكو پێویستە بۆ ماوەیەك هەلیگرین وبیرێكی كورتی لێبكەینەوە دوایی لە كەمترین كات و نزیكترین شوێن فێرێی بدەین و بیخەینە ژێر پێیەكانمانەوە . ژیان فێرمان دەكات چاكە دەرئەنجامی چاكەیە ، رووبەرووی خراپەش بە چاكه یە‌ ، فێری ئەوەمان دەكات كەوا قەناعەتمان بە بەشی خۆمان هەبێت لە سەرجەم كاتەكانی دا ، هەوڵی چاك كردنی دەور و بەری خۆمان بدەین و بیرازێنینەوە بە شتە جوان و سەرنج راكێشەكان ، بێگومان ئەو كارەش هەوڵوماندوبونێكی چاكی دەوێت . سەركەوتن لە ژیاندا بە دەست نایەت دەستەكانت لە ناو بەركدا بێت . هەر كەسێك بیەوێت مۆمێك بە دەستەوە بگرێت بۆ ئەوەی رێگاكانی پێ رۆشن بكات پێویستە ئەو شوێنە بگرێت كە بڵسەی ئاگر لێیەوە دوورە مەبەست ئەو شوێنە نەگرێت كە ئاگری پێوەیە چونكە دەبێتە هۆی ئەوەی كە دەستی خۆتی پێوە بسوتێنی . رەشەبا و زریانی بەهێز درەختی زۆر بە هێز لە ناو دەبات ، بەڵام دەبێ ئەوە لە بیر نەكەین كەوا ناتوانێت سەوزایی بەهارەكەی  كۆتایی پێبێنێ . ئەوە بزانە لە ژیانتدا ئەو شتە لە بیر دەكەی كەوا لەگڵتدا پێكەنیوە بەڵام هیچ كات ئەوە لە بیر ناكەی كە لەگەڵت دا گریاوە . پێویستە ئەوە بزانی كەوا دەرگای ژیان كلیلی گەلێك زۆرە و هەر یەكەمان خاوەن یەكێك یا خود چەند كلیلێكین بەڵام لە كۆتاییایە هەر دەكرێتەوە بۆ هەر یەكەمان . ئەوە بزانە مرۆڤ لە جێبەجێ كردنی پلاندا سەركەوتوو نابێت نەوەك لە پلان دانان دا . كورد دەڵێ ( نە ئەوەندە شیرین بە بوخرێیەوە ، نە ئەوەندەش تاڵ بە فرێبدرێی ) ئەگەر وەكو ئەوەی خەلك دەمان بینێت خۆمان ببینیایە ئەوا هیچ كاتێ گفتوگۆمان لە گەڵ نەدەكردن . پێغەمبەری مەزن محمد ( د . خ ) دەفەرمووێت ( الكلمە الگیبە صدقە) ، بۆیە پێبكەنە چونكە پێكەنینیش لە ووشە چاكەكانی بێ پیتە‌. پێویستە ئاگاداری ئەوە بین هەر كەسێ بەرگری لە خۆی  بە ئاگر لە ئاگر بكات ئەوە دەستكەوتەكەی خۆلەمێشە . لێدانی بەهێز بەرداغ دەشكێنێ بەلام بۆ ئاسن تەنها لووسی دەكاتەوە . مرۆڤی زیرەك و هۆشمەند ئەو مرۆڤەیە كە بتوانێت كەشتیەك بۆ خۆی دروست بكات بۆ دەرباز بوون لە مەترسیەكانی لافاوی دەریا نەوەك دیوار بە دەوری خۆیدا دروست بكات لە ترسی هەستانی ئاوی دەریادا . دەربرینی وشەی نازانم یاخود فێری وشەی نازانم كرا بیت ئەوا دڵنیابە فێری وشەی ئەزانم دەبیت بەلام بە پێچەوانە گەر نەزانی و بڵی دەزانم ئەوە كارەساتە چونكە دلنیابە نازانی لە بەر ئەوەی توشی كەسانێك دێت كە پرسیاری ئەوەت لێ دەكەن كە نەزانی . بێهێزی دیوار لە بناغەكەیەتی بۆیە پێویستە بناغە بە هێز بێت بۆ ئەوەی دیوارەكەش بەهێز بێت و دەرز و لەرین ئەوەندە كاریگەری لە سەر نەكات و ببێتە مایەی روخاند و كاول بوونی . هەر كەسێك ماڵ و سەروەت لە دەست بدات ئەوا زۆر شتی لە دەست داوە وە هەروەها ئەوەی هاورێیەك لە دەست بدات زۆرترین شت لە دەست دەدات بەڵام ئەوەی كەسایەتی و بوێری لە دەست بدات ئەوا هەموو شتێك لە دەست دەدات . لە پیاوی توڕە كەمێك بە دوور بكەوە بەڵام لە پیاوی بێدەنگ هەتا هەتا لێی دوور كەوە . پێویستە ئەگاداری ئەوە بین كەوا بیركردنەوە لە بزربووەكان وامان لێ دەكات ئەوەی بونیشی هەیە لە دەستی بدەین . ژیان فێری ئەوەمان دەكات كەوا گفتوگۆ لە گەڵ كەسانی عاقل بكەین چونكە وامان لێ دەكات هۆش و عەقلی بە دەست بهێنین .هەر كاتێ كاتەكانت دابەش كرد ئەوا رۆژەكانت وەكو سندوقێكێكی فراوان لێ دێت كە شوێنی زۆر شت بێتەوە . وشەی چاك تیر نیە و ئازار بە كەس ناگەیەنێ بەلكو دڵەكان نغرۆ دەكات . ژیان فێرمان دەكات ئەو كاتەی شادومان و دەوروبەریشم شادومان دەكەم وە ئەو كاتەی غەمبارم غەمباریەكەی خۆم وەكو وەرزی بەهار لێبكەم كەوا كاریگەری پاشماوەی پایز بزار بكات و كاریگەری لە سەر بە جێ نەهێشتبێت ، ژیان فێری ئەومان دەكات كە وەكو ئەو بم پۆشاكی پاكی لێبوردەیی بپۆشم . فێری ئەوەمان دەكات وەكو خۆڵ و خاك بین ، ئەوەی كە جوتیار دەیچێنێ بۆی بەرهەم بێنین وەكو خۆی بێ چاوەرێ كردنی بەرامبەر. ژیان خۆی بەرهەمی دوو فرمێسكە ئەوانیش فرمێسكی چاوپێكەوتن و فرمێسكی خوداحافیزی و ماڵئاوایی ، گەورەتر لەمە فرمێسكی چاوپێكەوتنە دوای خوداحافیزی و ماڵئاوایی . ژیان فێرمان دەكات كەوا دلم بكەمە مالی خۆشەویستی چونكە ئەوین و خۆشەویستی بەرهەمەكەی بە دەست هێنانی موعجیزەی گەورەیە . رێگاكەشی لێبوردەیی و لێخۆش بوونە . لێبوردن وشەیەكی بێزار كەرە و زۆر كەس رقی لێدەبێتەوە  بەڵام لە گەڵ ئەوەش وشەیەكی ئەوەندە گەورەیە شارەزایانی زمان دەلێن وشەیەكی گەورەتر لە ئەو نادۆزینەوە . ژیان فێری ئەوەمان دەكات كەوا ببەخشین و چاوەرێی وەڵامیشی نەكەین  وە باوەر بە خۆمان بكەین پێش ئەوەی داوای تێگەیشتن لە كەسێك بكەین وە هەروەها فێری ئەوەی كردین كەوا هیچ كاتێ بێ ئومێد نەبین وە هیوا و بروا بكەینە‌ چرایەك بۆ ئایندە وەكو هاورێیەك بێت لە گەڵمان بۆ هەموو شوێنك . لە كۆتاییدا ئەم وتەیەم زۆر لا خۆشە كە دەڵێت ( ژیان ژانە ، ژانیش سەرەتای دەست پێكردنی ژیانە ) .