پەیوەندی سیاسی میرنشینی بابان و ویلایەتی شارەزوور (كەركوك)
چوار شەممە, 28 ئازار 2018 06:52

 

نوسینی پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر: بـەختیـار ســەعید مەحمود شـوانی، مامۆستا لە كۆلیژی پەروەدەی بنەڕەتی زانكۆی سەلاحەدین

دوای ئەوەی باشوری كوردستان لەنیوەی یەكەمی سەدەی شانزەهەم بووە بەشێك لە دەوڵەتی عوسمانی، عوسمانیەكان ناوچەكەیان لەچوارچێوەی ویلایەتێكدا ڕێكخست ناوی شارەزووریان لێنا، چونكە لە سەرەتا مەڵبەندەكەی لەشارەزوور بوو، بەڵام لە كۆتایی سەدەی شازدەدا عوسمانیەكان مەڵبەندی ئەم ویلایەتەیان لە قەڵای گوڵعەنبەرەوە  گواستەوە بۆ كەركوك، هۆكاری ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ نزیكی ناوەندی ویلایەتەكە لە ئێرانەوە .

ویلایەتی شارەزوور(یان كەركوكیشی پێدەڵێن) بەدرێژایی سەدەی حەڤدەهەم دەسەڵاتی خۆی پاراست، بەڵام كێش و دەسەڵاتی ویلایەتی شارەزوور لەسەرەتای سەدەی هەژدەهەمەوە كەمبووەوە، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی دەسەڵاتی میرنشینی بابان لە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی شارەزوور كە دەستی بەسەر هەندێ‌ لە ناوچەكانی ئەم ویلایەتەدا گرت، بەتایبەتی لە سەردەمی سلێمان بەبەی بابان. ئەم میرە ویستی كەركوك بخاتە ژێر قەڵەمڕەوی خۆیەوە. لە كۆتایی ساڵی 1689 دلاوەر پاشای والی شارەزوور بەرگریكرد و لە ئەنجامدا لە ساڵی دواییدا كوژرا، بەم شێوەیە كەركوك كەوتە ناو بازنەی دەسەڵاتی میری بابان، بەڵام دواتر دەوڵەتی عوسمانی سلیمان بەبەی لە ساڵەكانی كۆتایی سەدەی حەڤدەدا لەناوبرد.

لەو ڕووداوانە لە سەدەی نۆزدەدا ڕوویانداوە دەردەكەوێ، كە كاریگەری دەسەڵاتی سیاسی میرنشینی بابانی لەسەر ویلایەتی شارەزوور زیادی كردووە. لەوانە لە سەردەمی عەلی پاشای والی بەغدا (1802-1807) كاتێك هەریەك لە جاسم بەگ سەرۆكی هۆزی بنوحەمدان و عوبەید لە ساڵی 1805 لەدژی والی بەغدا هەڵگەڕانەوە . والی بەغدا داوای لێدانی هەڵگەڕاوەكانی لە ئاوەڕەحمان پاشای بابان(1789-1813) كرد، بەڵام بەپێچەوانەوە پاشای بابان دەستیكرد بەفراوانكردنی دەسەڵاتی و محەمەد پاشای فەرمانڕەوای كۆیەی كوشت، دوای ئەمە ئاوەڕەحمان پاشای بابان بەرەو كەركوك كشا و هێرشی كردە سەر هەندێك لە گوندەكانی دەوروبەری كەركوك . والی بەغدا خۆی گەیاندە ناوچەی كەركوك و بڕیاریدا بەلابردنی ئاوەڕەحمان پاشا لەفەرمانڕەوایەتی میرنشینی بابان و سلیمان بەگی نەوەی ئەحمەد پاشای بابانی كردە فەرمانڕەوای بابان. پاشان والی بەغدا داوای لە خالید بەگی برای ئیبراهیم پاشای بابان و فەرمانڕەوای موسڵا و هەولێر كرد هێرش بكەنە سەر ئاوڕەحمان پاشا، لەم كاتەشدا ئاوەڕەحمان پاشا قەرە حەسەنی كردبووە سەربازگەی خۆی. بۆیە كاتێك هێزی خالید بەگ گەیشتە پردێ‌ ئاوڕەحمان پاشای بابان بەسەریدادا و زۆرێك لە سوپاكەی كوشت. لەدوای ئەمە میری بابان توانی دەست بەسەر شارۆچكە پردێشدا دابگرێت، هەربۆیە والی بەغدا بەخێرایی خۆی گەیاندە كەركوك و سەربازگەی تێدا دانا، بەڵام پاشای بابان دەست پێشخەری كرد و هێرشی كردە سەر والی بەغدا لە كەركوك كە لە ئاكامدا شكستی خوارد و كشایەوە دەربەندی بازیان. بەم شێوەیە هاتنی والی بەغدا ئاوڕەحمان پاشای بابانی ناچاركرد لە دەوروبەری كەركوك بكشێتەوە، كە كردبوویە سەربازگەی خۆی.

یەكێك لە تەوەرەكانی پەیوەندی نێوان میرنشینی بابان و كەركوك بریتی بوو لە پەیوەندی نێوان هەندێ‌ لە میرانی بابان لەگەڵا هەندێك لەهۆز و عەشایرەكانی دەڤەری كەركوك كە لەسەر بنەمای هاوكاری و یارمەتیدانی یەكتر دامەزرابوو، ئاورەحمان پاشای بابان یەكێك بووە لەو میرە بابانیانەی كە پەیوەندی توند و تۆڵی لەگەڵا دەڤەری كەركوكدا هەبووە، ئەم میرە لە سەردەمی خۆیدا چەندین جار هاوپەیمانی لەگەڵا هۆز و تیرەكانی ناوچەی كەركوكدا بەستووە و عەشایرەكانی ئەم دەڤەرە لە چەندین بارودۆخدا هاوكاری ئاورەحمان پاشای بابانیان كردووە. لە ساڵی 1810دا كاتێك پاشای بابان لەگەڵا نوێنەری ئەستانەدا حالەت سەعید ئەفەندیدا ڕێككەوتن بۆ لابردنی وای بەغدا سلێمان پاشای بچووك(1808-1810) لەسەر دەسەڵاتی ویلایەتی بەغدا، پاشای بابان بە هێزەكەیەوە هاتە كەركوك بۆ ئەوەی لەوێوە بەرەو بەغدا بەڕێ‌ بكەون. پاشای بابان لە دەڤەرەكەدا دەستیكرد بەپەیوەندی كردن بەژمارەیەك لە هۆزو عەشایرەكانی ناوچەكە بۆ ئەوەی هاوكاری بن لەم هێرشەدا بۆ سەر بەغدا، لە ئاكامدا هەندێ‌ لە هۆزەكانی كەركوك چونە پاڵا پاشای بابان و بوونە هاوكاری، پاشای ناوبراو توانی لەم هۆزانە سودمەند بێت.   لە ئاكامی ئەم كردارە سەربازیەدا كە دەسەڵاتدارانی عوسمانی لە ناوچەكە ڕێكیان خست سلیمان پاشای بچوكی والی بەغدا لە ساڵی 1810زدا كوژرا.

ئاورەحمان پاشای بابان لە درێژەی هەوڵەكانیدا لە ناوچەی كەركوك توانی دۆست و لایەنگری زۆر بۆ خۆی پەیدا بكات تەنانەت دەسەڵاتی پاشای بابان لە ناوچەی كەركوكدا لە هاوكاری و هاوپەیمانی لەگەڵا هۆز و عەشایرەكانی ناوچەكەدا تێپەڕی كردوو توانی لەگەڵا ژمارەیەك لە كاربەدەستانی كەركوك هاوپەیمانی و هاوكاری دروست بكات بۆ دژایەتیكردنی دەسەڵاتی والی بەغدا لە دەڤەری كەركوكدا. كاتێك والی بەغدا عەبدوڵڵا پاشا(1810-1813) لە ساڵی 1812دا دوای ئەوەی لە شەڕی كفری دا بەسەر پاشای باباندا زاڵبوو بڕیاریدا هاوكار و هاوپەیمانانی پاشای ناوبراو لە دەڤەری كەركوكدا دەستگیر بكات. بۆیە كاتێك والی بەغدا ڕوویكردە كەركوك بینی تەواوی سەرۆكەكانی شارەكە و دەوروبەری كەركوك و عەشایرەكان لە ژێرەوە بەنهێنی هاوكار و یارمەتیدەری ئاورەحمان پاشای بابان بوون. كە لە ئاكامدا والی بەغدا ژمارەیەكی زۆر لە كاربەدەستانی كەركوكی دەستگیركرد لەوانە موتەسەلیمی كەركوك كە بەرزترین بەرپرسی شارەكە بوو، دواتر هەریەك لە خەلیل ئاغا و قازی شارەكە عەبدولفەتاح ئەفەندی و شێخی شەممەر و ئاڵای بیگی مەحمود بەگ و سەرۆكی هێزی پێشووی یەنیچەری بەغدا قاسم ئاغا دەستگیركران. بوونی ئەم جۆرە هاوپەیمانی و هاوكارییە مانای بەهێزی پەیوەندی نێوان كەركوك و میرنشینی بابان دەگەیەنێت لە سەردەمی ئاورەحمان پاشای باباندا. بەڵام زاڵبوون و باڵادەستی ویلایەتی بەغدا بەسەر ویلایەتی شارەزوور كاریگەری خراپی بەسەر ئەم هاوپەیمانی و پەیوەندی نێوانیان هەبووە.

لە سەردەمی مەحمود پاشای كوڕی ئاورەحمان پاشای باباندا پەیوەندی نێوان كەركوك و بابانیەكان هەر بەردەوام بووە، یەكێك لە ڕووداوە گرنگەكانی ئەو ماوەیە بریتییە لەچۆنیەتی بوونی داود پاشا بەوالی بەغدا. داود پاشا دوای بەجێهێشتنی بەغدا ڕووی كردە كەركوك بەهۆی ئەوەی سەعید پاشای والی بەغدا(1813-1816) چەندین كەسی لە پلەوپایەكانیان لادا ، بۆیە خەڵكی پشگیری خۆیان بۆ داود پاشا دەربڕی، دواتر داود پاشا ڕووی كردە شاری سلێمانی و محمود پاشای بابان بەگەرمی پێشوازی لێكرد و بڕیاری یارمەتیدانی خۆی بۆ داود پاشا ڕاگەیاند چونكە محمود پاشا یەكێك بوو لەو كەسانەی كە سەعید پاشا بڕیاری لەسەر كارلادانی بۆ دەركردبوو. دوای چوونی داود پاشا بۆ سلێمانی بارەگای تێدا داناو چەند كەسێك لە دەوری كۆبوونەوەو لەوانەش موتەسەلیمی پێشووی كەركوك ناوبراو دوای مانەوەی بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە سلێمانی ڕووی كردە كەركوك و لەو دەڤەرە لە ناوچەیەك بەناوی قزل دگیرمن هەوارگەی خۆی دانا، دواتر موتەسەلیمی كەركوك حاجی مەعروف ئاغا هاتە پێشوازی داود پاشا. لەگەڵا ئەوەشدا كەسی وا هەبوون لە كەركوكدا ئامادە نەبوون بچنە پاڵا داود پاش، لەوانە عەبدوڵڵا پاشای میری پێشوی بابان كە ئەوكات لە كەركوك دادەنیشت . بەڵام دواتر لە ڕیزەكانی داود پاشا ئاژاوە دروست بوو، ئەمەش بەهۆی هاتنی فەرمانێك لە ئەستانەوە كە ئەحمەد بەگی برای شیری داود پاشا وەكو والی بەغدا دەناساند، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەندێ‌ لەو هێزانەی لە دەوروپشتی داود پاشا بوون لێی دووركەونەوە. بۆیە ئەحمەد بەگ دەقی فەرمانەكەی بۆ خەڵك خوێندەوە و داوای لێكردن لە ژێر فەرمانی ئەودا كار بكەن چونكە ناوبراو لەلایەن سوڵتانەوە كراوە بەوالی ، دواتر ئەحمەد بەگ بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی داود پاشایدا ، لە ئاكامدا توانی سوپایەك لە كەركوكیەكان دروست بكات بۆ لەناوبردنی داود پاشا. ئەحمەد بەگ بە چوار تا سێ‌ هەزار سەربازەوە دەستیان كرد بەهێرش بۆ سەر داود پاشا، لەڕاستیدا بەرپەرچدانەوەی هێزی كەركوك لەلایەن بابانی و سلێمانیەكانەوە بوو، پاش ئەوەی هێزی كەركوكیەكان زۆربەیان كوژراو بریندار بوون ئەوانی تریان ڕایان كرد. بەم شێوەیە داود پاشا بەیارمەتی مەحمود پاشای بابان توانی هێزی كەركوكیەكان بشكێنێ .

دوای ئەمە داود پاشا بۆ بەغدا بەڕێكەوت بۆ لەناوبردنی سەعید پاشای والی بەغدا ئەوەی كە لێرەدا بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە خالید پاشای بابان دەچێتە كەركوك و لەگەڵا سوارەی كەركوك بڕیاری یەكگرتن دەدەن، پاش ئەوەی عەبدوڵڵا پاشای بابانیش گەیشتە كەركوك ئەویش چووە پاڵیان، ئەمەش بۆ ئەوەی بە هەموو لایەكیان هێرشێكی هاوبەش بۆ سەر سلێمانی ئەنجام بدەن، چونكە لەم كاتەدا مەحمود پاشا سلێمانی بەجێهێشتبوو لە پاڵا داود پاشا بەرەو بەغدا بەڕێ‌ كەوتبوو، بۆیە عەبدوڵڵا پاشای بابان توانی هەزار جەنگاوەر لە كەركوكەوە هێرش بكاتە سەر سلێمانی و گەمارۆی بدات. بەڵام پاش چەند ڕۆژێك گەمارۆدان سەركەوتوو نەبوو بۆیە گەڕایەوە بەغدا.  دوای سەركەوتنی شۆڕشەكەی داود پاشا و كوشتنی سەعید پاشای والی بەغدا لە ساڵی 1816، بڕیاری لێبوردنیدا بۆ ئەو كەركوكی و كەسایەتیانەی بنەماڵەی بابان كە دژی ئەو شۆڕشیان كردبوو.

دوای هاتنی داود پاشا (1816-1831ز) بۆ سەر دەسەڵات لە بەغدا، پەیوەندی لەگەڵا مەحمود پاشای بابان لە ساڵی 1818 تێك چوو، ئەمەش لەبەر ئەوەی داوای لە محمود پاشا دەكرد پەیوەندیەكانی لەگەڵا ئێراندا بپچڕێنێت بەڵام پاشای ناوبراو نەیتوانی ئەم كارە بكات، بۆیە مەحمود پاشا داوای یارمەتی لە حاكمی كرماشان محەمەد عەلی میرزا كرد، ئێرانیەكانیش نزیكەی 10 هەزار چەكداریان بۆ یارمەتیدانی مەحمود پاشای بابان نارد. داود پاشاش هێزێك بۆ كەركوك بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێرانیەكان ڕەوانەكرد. مەحمود پاشای بابان نامەیەكی توندی بۆ كاربەدەستانی كەركوك نارد، سەرەتا لە نامەكەیدا بوونی پەیوەندی لەمێژینەی نێوان كەركوك و بابان بەرز دەنرخێنێت، دواتر بەتوندی ڕەخنە لەوە دەگرێت كە ئێستا كەركوك بۆتە جێگەی پەنادانی نەیارانی بابان و داوا دەكات عەبدوڵڵا پاشای مامی لە شارەكە دەربكرێت لەبەر ئەوەی میری بابان بوونی ئەو سوپایە لە كەركوكدا بەمانای هەڕەشە دەزانێت بۆ سەر بابان كە والی بەغدا پاڵپشتی دەكرد، بۆیە داوا لە كاربەدەستانی كەركوك دەكات هەوڵا بدەن ئەو سوپایە بگەڕێنەوە بۆ بەغدا.

وادیارە بەكارهێنانی خاكی كەركوك دژ بە میرەكانی بابان لە لایەن والیەكانی بەغداوە، زۆر جار كاریگەری خراپی لەسەر پەیوەندی نێوان كەركوك و بابان دروستكردووە. هەر بۆیە دەبینین چەندین جار والیەكانی بەغدا شاری كەركوكیان كردبووە سەربازگەی خۆیان بۆ لێدانی بابانەكان. لە كۆتاییدا داود پاشا بەهێزێكی گەورەوە ڕووی كردە كەركوك هێزی مەحمود پاشا گەڕایەوە سلێمانی.

لە ساڵی 1821 دووبارە ئاژاوە سەری هەڵدایەوە لە نێوان هەردوولادا چونكە ژمارەیەك لە میری بابان ڕایان كردە ئێران و چونە پاڵا شازادە محەمەد عەلی میرزا، لەوانە محەمەد پاشای كوڕی خالید پاشای بابان و سلیمان پاشای كوڕی ئیبراهیم پاشا و عەبدوڵڵا پاشای مامی مەحمود پاشای بابان و محەمەد عەلی میرزاش دەستیكرد پاڵپشتی كردنیان. لەم بارودۆخەدا مەحمود پاشای بابان لایەنگری داود پاشا بوو، چونكە شازادە دەیویست عەبدوڵڵا پاشا بكات بەمیری بابان. هەر بۆیە دوای شەڕێكی تووند لە نێوان هێزی والی بەغدا و هێزی مەحمود پاشا لەگەڵ هێزی عەبدوڵڵا پاشا، هێزی والی بەغدا و مەحمود پاشا دوای شكانیان گەڕانەوە كەركوك. بەڵام محەمەد كەتحودا جێگری والی بەغدا خیانەتی كردوو چووە پاڵا لایەنی ئێرانی ئەم كارە بووە هۆی زیاتر باڵا دەستبوونی هێزی ئێرانی لە كوردستان، ئەم سەركەوتنە بووە هۆی پێشڕەوی هێزی ئێرانیەكان ڕووەو كەركوك لە ساڵی 1821، پاش گەیشتنیان لە نزیك شارەكەدا سەربازگەیان دانا و داوای خۆبەدەستەوەدانیان لێكردن. بەڵام خەڵكی شارەكە خۆیان بەدەستەوە نەدا، بۆیە محەمەد عەلی میرزا كەركوكی بەشێوەی گەمارۆدراوی بەجێهێشت و ڕوویكردە بەغدا بۆ داگیركردنی. دوای كشانەوەی ئێرانیەكان و مردنی محەمەد عەلی میرزا بەهۆی پەتای كۆلێرا. مەحمود پاشای بابان ئەمەی بە هەلزانی بەیارمەتی والی بەغدا لە كەركوكەوە هێرشی كردە سەر عەبدوڵڵا پاشای مامی لە سلێمانی، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، بەڵام پاش دووبارە دەستپێكردنەوەی شەڕ لە نێوان ئێران و دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی 1822 مەحمود پاشا دەستی بەسەر سلێمانیدا گرتەوە.

لە سەردەمی فەرمانڕەوایی محمود پاشای باباندا دەسەڵاتی بابانەكان لە كەركوكدا كەم دەبێتەوە لە چاو سەردەمی ئاوڕەحمان پاشای باباندا، بەهۆی دژایەتی توندی والی بەغدا داود پاشا، كە بەردەوام درێخی نەدەكرد لە بەكارهێنانی خاك و سەربازانی كەركوك بۆ دژایەتیكردنی بابانەكان، ئەمە بێجگە لەوەی لەم سەردەمەدا مەترسی ئێرانیەكان لەسەر كەركوك بەتەواوی زیادیكرد. هەر بۆیە لە سەردەمی مەحمود پاشای باباندا پەیوەندی نێوان كەركوك و میرنشینی بابان ڕووی لە لاواز بوون كرد.

هەروەها یەكێك لەو خاڵانەی كە كاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان كەركوك و باباندا هەبووە خۆی دەبینێتەوە لەوەی كە هەندێ‌ لەو میرە بابانیانەی دژایەتی فەرمانڕەوای بابانیان دەكرد ڕایان دەكردە كەركوك، لەئاكامدا والی بەغدا هەڵدەستا بە پاڵپشتیكردنیان بۆ لێدانی میری دەسەڵاتدار لە سلێمانی. جێگەی باسە هەندێ‌ لەو میرە هەڵاتووانە زۆربەی كات لە كەركوك بوون و ئەم شارەیان كردبووە پەناگەی خۆیان بەپاڵپشتی والیەكانی بەغدا لەم شارەدا جۆرێك لە سەربازگەیان هەبووە. ئەوەتا لە سەردەمی ئاورەحمان پاشای باباندا خالید پاشای مامی ئەم ڕۆڵەی بینیووە. ئەم میرە بەپاڵپشتی والی بەغدا و بەهۆی فەرمانی والی بۆ موتەسەلیمی كەركوك بۆ یارمەتیدانی خالید پاشا دژایەتی ئاورەحمان پاشای برازای كردووە. هەروەها هەمان دیاردە بۆ سەردەمی مەحمود پاشای بابانیش ڕاستە، لەم سەردەمەدا عەبدوڵڵا پاشای مامی مەحمود پاشای بابان دژایەتی برازاكەی كردووە لەسەر تەختی بابان هەر بۆیە والیەكانی بەغدا هاوكاریان كردووە و زۆرجار بەهۆی فەرمانی والیەكانی بەغدا موتەسەلیمی كەركوكیش یارمەتی پێشكەش بە عەبدوڵڵا پاشا كردووە. بێگومان ئەمەش كاردانەوەی خراپی لەسەر پەیوەندی نێوان كەركوك و میرنشینی بابان هەبووە لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی بابان بە هیچ شێوەیەك بەبوونی سەربازگەی میرانی بابانی نەیاریان لە كەركوك ڕازی نەبوون، ئەمەش دەبووە هۆی دروستبوونی ئاژاوە لە ناوچەكە و هۆكارێكیش بووە بۆ تێكچوونی پەیوەندی نێوان كەركوك و میرنشینی بابان.

میرنشینی بابان بە یەكێك لەو میرنشینە كوردیانە دادەنرێت كە زۆرترین كاریگەری بەسەر كەركوكەوە هەبووە، هەر بۆیە كاتێك میرنشینی بابان لە سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا لەناوچوو، سەنجەقی سلێمانی كاریگەری ئەوتۆی لە ڕووی سیاسیەوە لەسەر ویلایەتی شارەزوور نامێنێت. تەنانەت بە لەناوچوونی میرنشینی بابان مەترسیەكانی ئێرانیش لەسەر ناوچەی كەركوك نامێنێت، بەجۆرێك لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا هیچ جۆرە دەستدرێژی و مەترسیەكی ئێران لەسەر كەركوك بەدی ناكرێت. جێگەی سەرەنجە دەسەڵاتدارانی عوسمانی لە 22ی ئەیلولی 1872 بەفەرمانێكی ڕەسمی سەنجەقی سلێمانیان كرد بە قەزاو لە ڕووی كارگێڕیەوە بە كەركوكەوە(سەنجەقی شارەزوور)لكاندیان، تەنانەت ئەم بڕیارە لە ڕۆژنامەی(زەورا)دا بە فەرمی بڵاوكرایەوە. بێگومان ئەمەش هەوڵێك بووە بۆ بچوككردنەوەی دەسەڵاتی سلێمانی، بەڵام ئەم بڕیارە زۆری نەخایاند و جارێكی تر سلێمانی كرایەوە بە سەنجەقێكی سەربەخۆ.

هەروەها پێویستە ئەوە بزانین كە پەیوەندی نێوان بابان و كەركوك هەر تەنها لە چوارچێوەی میرنشینەكەو ویلایەتی شارەزووردا نەبووە، بەڵكو هەندێجار گەیشتۆتە ئاستی پەیوەندی بنەماڵەی بابان و شاری كەركوك. بۆیە هەندێجار میر و میرزادەكانی بابان بۆ دووركەوتنەوە لە كێشەو هەرای ناو میرنشینەكەیان پەنایان بردۆتە بەر شاری كەركوك بەمەبەستی نیشتەجێبوون و دووركەوتنەوە لە مەترسی بۆ سەر ژیانیان، بەڵام كێشەیان بۆ كەركوك دروستكردووە. ئەمەش بە هۆی ئەوەی لایەنگرانی ئەم میرانە بە ئارامی دانەدەنیشتن، وەك ئەوەی لایەنگرانی محەمەد پاشای كوڕی خالید پاشای بابانی دەستیانكرد بەدەست درێژیكردن بۆ سەر خەڵك و هەندێ‌ ڕەزو باخیان وێرانكرد لە گوندەكانی كەركوك. هەر بۆیە خەڵكی سكاڵایان بەرزكردەوە بۆ لای موتەسەلیمی كەركوك. بەڵام بە هۆی دووبارە بوونەوەی ئەم جۆرە كارانە سەرەڕای ئەوەی موتەسەلیمی كەركوك ئاگاداری كردبوونەوە لە دەرەنجامەكەی، لە ئاكامدا موتەسەلیمی كەركوك لە ساڵی 1820 محەمەد پاشای بابانی لە سەرای كەركوك دەستگیركرد، بەڵام دواتر لایەنگرانی محەمەد پاشا بە 200 تا 300 سوارەوە بە شەو هێرشیان كردە سەر بەندیخانەكە و ئازادیان كرد. كاتێك موتەسەلیمی كەركوك بەم كارەی زانی خالید پاشای بابان و كوڕە مامەكەی سلیمان پاشای كوڕی ئیبراهیم پاشای بابانی دەستگیركرد. بەڵام دواتر كە محەمەد پاشا لە كارەكانی پەشیمان بۆوە دەسەڵاتدارێتی كەركوك وەكو مەرج بۆیان دانا كە دەبێت لە دەرەوەی كەركوك نیشتەجێ‌ بێت، بەڵام دوای ئەوەی بەڵێنی بەموتەسەلیمی كەركوكدا كە واز لە جوڵانەوەكانیان بهێنن، موتەسەلیمی هەریەك لە خالید پاشا و كوڕە مامەكەی ئازاد كردوو و ڕێگەی بە محەمەد پاشاش دا بێتەوە ناو شار نیشتەجێ‌ ببێت.

لەو سەرچاوانەی لەنوسینی ئەم بابەتە سودیان لێوەرگیراوە

احمد جودت، تاریخ جودت، از ترتیب جدید، ج1، مگبعە عپمانیە، استانبول 1301هـ/1303رومی.

محەمەد ئەمین زەكی، تاریخی سلێمانی و وڵاتی، ئامادەكردنی: رەفیق سالح، بەرگ سێ‌یەم، چ2، چاپخانەی شڤان، سلێمانی، 2006.

حسین ناڤم بیگ، تاریخ الإمارە البابانیە، ت: شكر مصگفی و محمد الملا عبدالكریم المدرس، گ1، مگبعە وزارە التربیە، اربیل، 2001.

رسول حاوی الكركوكلی، دوحە الوزار‌و فی تاریخ  وقائع بغداد الزورا‌و، ت: موسی كاڤم نورس، مگبعە كرم، بیروت، د.ت.

د.عماد عبدالسلام رۆوف:الموصل فی العهد العپمانی/ فترە الحكم المحلی 1139-1249هـ/1726-1834م، مگبعە اڵاداب النجف الاشرف، 1975.

عپمان بن سند الوائلی البصری، مگالع السعود/ تاریخ العراق من سنە(1188-1242هـ/1774-1826م)، تحقیق: د.عماد عبدالسلام رۆوف و د.سهیلە عبدالمجید القیسی، مگبعە دار الحكمە للگباعە والنشر، بغداد، 1992.

سلیمان فائق بگ، تاریخ بغداد، ت: موسی كاڤم نورس، مگبعە المعارف، بغداد، 1962.

ستیڤن هیمسلی لۆنگریك: اربعە قرون من تاریخ العراق الحدیپ، ت: جعفر الخیاگ، بیروت، 2004.

یاسین افندی العمری ابن خیرالله الحگیب الموصلی:غایە المرام فی تاریخ محاسن بغداد دار السلام، مگبعە دار البصری، بغداد، 1968.

نڤمی زادە مرتچی فندی، گلشن خلفا‌و، ت: موسی كاڤم نورس، مگبعە الاداب، النجف، 1971.