Share on facebook
عوسمان بایدەمیر: لە ھەرچوارپارچەی كوردستان زوڵم لە كورد دەكرێت
شەممە, 07 نیسان 2018 21:04

ئامادەكردن شێروانی

پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە)، بە شاندێكی فەرمی لە ئاستی باڵا لە ھەرێمی كوردستانە و بارودۆخی كورد لە ھەرچوارپارچە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پارتە سیاسییەكان تاوتوێ دەكات.
عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری ھەدەپە لە ھەولێر رایدەگەیەنێت، لە ھەرچوارپارچەی كوردستان زوڵم لە كورد دەكرێت، دەبێت رێ و رێبازی كورد دیاری بكەین.
عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری ھەدەپە كە ئەندامی شاندی حزبەكەیەتی دەڵێت" دوای تێكچوونی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، ھەروەھا پاش ریفراندۆمی خەڵكی هه‌رێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی و داگیركردنی كەركووك و عەفرین، بەداخەوە لە ھەر چوارپارچەی كوردستان دوژمنایەتی گەلی كورد دەكرێت و ناھەقی و زوڵم لە گەلەكەمان دەكرێت، بۆیە پێویستە لە ھەرچوارپارچەی كوردستان گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە بكەین، بۆ ئەوەی بزانین چۆن رێ و رێباز بۆ رێككەوتنی كورد دیاربكەین".
هه‌روه‌ها له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە رایگەیاند" لەو سەردانەدا پارتە كودستانییەكانی هه‌رێمی كوردستان بەسەر دەكەینەوە، گرنگی پەیوەندی و دیالۆگی نێوان لایەنە كوردییەكان بە بیردەخەینەوە. ھەروەھا بۆچوونی خۆمان لەبارەی گرنگی یەكێتی نەتەوەیی كوردانیش دەخەینەڕوو. ھیوادارین بەو گەشتەمان ئاشتی نێوان لایەنە كوردییەكان بەھێز ببێ و كێشەكانی نێوانیشیان وەلا بنرێن.