Share on facebook
وانەیەك بۆ حزبەكان
دووشەممە, 11 حوزەیران 2018 19:25


سەدیق سەعید ڕواندزی


لەمیانەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق كەچەند ڕۆژێك لەمەوبەر ئەنجامدرا، ژمارەیەك كاندید كەپەرلەمانتاری خولی پێشوو بوون و بۆ ئەم خولەش جارێكی تر پاڵێوراوبوون، نەیانتوانی دەربچن و دەنگی پێویستییان نەهێنا. دەرنەچوونەوەی ئەو پەرلەمانتارانە، بۆمن نەك هەر چاوەڕوانكراوبوو، بەڵكو یەقینیش بوو. چونكە پەرلەمانتار نوێنەری خەڵكە، نوێنەری خەڵكیش دەبێ لەنێو كێشەو گرفت و خەمی دەنگدەرەكانی دابێت، نەك تەنها لەڕاگەیاندنەكانەوە بۆ خۆدەرخستن ببینرێت. كەسێك لەماوەی چوارساڵی ڕابردوودا، جێپەنجەی لەهیچ بوارێكەوە دیارنەبێت، كەسێك لەخەمی گشتی و پێداویستی خەڵك و هاووڵاتییان نەكۆڵێتەوە وسەردانی ماڵە شەهیدێك نەكات، بریندارێكی شەڕی داعش بەسەرنەكاتەوە، باربووی چەند قوتابییەكی هەژارو كەمدەرامەت نەكات لەخوێندن، بەدواداچوونێك بۆكێشەی فەرمانگەكانی حكومەت نەكات، چۆن جارێكی تر متمانەی هاووڵاتییان بەدەست دەهێنێتەوە!. تائێستا مەگەر بە دەگمەن، دەنا نوێنەرێكی هەڵبژێردراوم نەبینیوە، بێت لەكێشەو پێداویستی دانیشتووانی شاری ڕواندز بە نموونە بكۆڵێتەوە. لەكاتێكدا هەر چوار ساڵ جارێك لەدەڤەری سۆران چەند كەسێك بە قودرەتی حزب، نەك بەتوانای خۆیان، دەبنە پەرلەمانتار لە عێراق و هەرێم. بەداخەوە بەگشتی پەرلەمانتارانی ئێمە هێندەی پەرلەمانتاری نێو شاشەی تیڤییەكان و هێندەی پەرلەمانتاری كۆنفۆانس و پانێڵە بێ ئەنجامەكانن، هێندەی عاشقی ئەوەن لە دیبەیتێكی بێ مانادا لە شاشەی تیڤییەكان دەركەون، هێندە پەرلەمانتاری نێو خەڵك نین. بەرپرسیاریەتی بەگشتی یەكسانە بە خزمەتكردن. بەتایبەتی نوێنەری خەڵك. چونكە دواجار ئەو بە متمانەی دەنگی ئەوان بۆتە پەرلەمانتار. ئیدی چۆن دەبێت دوای ئەوی دەستی لەپۆست و پارەو پایەگیردەبێت كەسی بەبیر نەمێنێت؟ كەسانێك لەچوار ساڵی ڕابردوودا، هاووڵاتییانیان بەبیر نەبووبێت، نازانم بوێریی وشەرمی ئەوەیان لەكوێ هێنا جارێكی تر داوا لەهاووڵاتییانی دەڤەرەكەیان بكەنەوە دەنگییان پێ بدەنەوە بۆ ئەوەی بۆ خولێكی دیكەش ببنەوە پەرلەمانتار. دیارە ئەوەیان بیر چووە چی بچینیت ئەوە دروێنە دەكەی. لەڕاستیدا، دەرنەچوونەوەی پەرلەمانتارانی پێشوو ئەگەر ئەزموونێكی پڕ لە شكست و دۆڕاندنێكی گەورە بێت بۆخۆیان، ئەوا بەبڕوای من وانەیەكی پراكتیكیشە بۆ حزبەكان بەگشتی و پارتی و یەكێتیش بەتایبەتی. كە هەرگیز كەسێك بۆ دوو خول كاندید نەكەن بۆ پەرلەمانی عێڕاق یاخود كوردستان. بە پێچەوانەوە دەبێ زەمینەو دەرفەت لەبەردەم دەیان كادیری دیكەی بەتواناو دڵسۆز واڵا بكەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش چانسێكییان هەبێت ببنە نوێنەر. دەبێ گەنجی بە توانا، كادیری ئەكتیڤ و بگرە لاو و ڕۆژنامەنووسیش بپاڵێون بۆ پەرلەمان. مانای چییە كەسێك چوار ساڵ پەرلەمانتار بووەو لەهەموو ماف و بەخششێك سوودمەند بووە، جارێكی دیكە و بۆ چوارساڵی دیكە بیكەیتەوە بە پەرلەمانتار. ئەم ئەزموونە زەنگی بەئاگا هێنانەوەیە بۆحزبەكان. پێشنیارم بۆ پارتی ئەوەیە، هیچ پەرلەمانتارێكی خولەكانی پێشوو لەكوردستان و عێڕاق، كاندید نەكاتەوە بۆ خولەكانی داهاتوو. چونكە ئەستەمە جارێكی تر متمانە وەربگرنەوە. بەوپێیەی هاووڵاتییان هەڵسەنگاندنیان بۆ كاروڕۆڵی ئەوان كردووە لە چوار ساڵی ڕابردوو. ئیدی لەپەراوێزی ئەمەشەوە، دەنگییان پێ دەدەن. پارتی نابێ دەنگەكانی خۆی بكاتە قوربانی كاندیدێكی دۆڕاو.بەڵكو ئەو هێزی یەكەمە، بەرپرسیاریەتی یەكەمیشی لە ئەستۆیە لە خزمەتكردن. خەڵك چاوی لەپارتییە، نەك لەحزبەكانی تر.من كە ئەو بۆچوونە دەردەبڕم نە چاوم لەهیچ پۆستێكە، نە لەهیچ شتێك. وەلێ دڵنیام پارتی ڕەخنە وەردەگرێت. ڕەخنەیەك بە گیانی بەرپرسیاریانە. بە پێچەوانەی هەمووی ئەوانەی پێیان وایە پارتی ڕەخنە قبول ناكات و ئەگەر ڕەخنەی لێ بگری ئاسمانت بەسەردا دەڕووخینیت!!.