Share on facebook
شوێنە گەشتیاریییەكانی دەڤەرێ سۆران چاوەرێی هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیار دەكات
دووشەممە, 11 حوزەیران 2018 19:52


بارزان محەممەد: بەپلانێكی تۆكمەوە بۆ جەژن ئامادەین

سوبحان شكۆ- سۆران

بارزان محەممەد، بەرێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران لە سازدانێكی تایبەت بە  زاری كرمانجی ڕایگەیاند"ڕێگری دەكەین خاوەنكارەكان جەژن و بۆنەكان بقۆزنەوە بۆ بەرز كردنەوەی نرخی شتومەك و خواردەمەنی و شوێنە گەشتیارییەكان. لیژنەیەكی هونەری بەبەردەوامی كار بۆ ئەم بابەتە دەكات، لە جەژندا پرۆسەكە توندتر دەبێت و سەرپێچی كاران سزای توند دەدرێن".
لە سەرەتای سازدانەكەدا بارزان محەممەد بەرێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران باسی لە ئامادەكارییەكانی بەرێوەبەرایەتییەكەی كرد بۆ هاتنی گەشتیاران لە جەژنی ڕەمەزان: "بۆ هەموو چەژن و بۆنەكان پلانێكی زۆرباش دادەنێن، بەتایبەت بۆ ئەم ساڵ كە پێشبینی هاتنی رێژەیەكی  زۆری گەشتیاران دەكەین و بەشی هەرە زۆری ئەو گەشتیارانەش سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی ئەم دەڤەرە دەكەن, لەڕووی خزمەت گوزاری هەماهەنگیمان كردووە لەگەڵا قائێمقامیەتەكان و دام و دەزگا ئەمنیەكان، هاتووچۆ، بەرگری شارستانی بۆئەوەی بتوانین كەشێكی ئارام فەراهەم بكەین بۆ ئەو گەشتیارانەی سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی دەڤەرەكەمان دەكەن".
سەبارەت بە قۆستنەوەی چەژن و بۆنەكان لەلایەن خاوەن كاران و بەرز كردنەوەی نرخی شتومەك و خواردەمەنی و شوێنە گەشتیاریەكان, ناوبراو گووتی: "لیژنەیەكی هونەریمان هەیە بەردەوام بەدوواداچوون بەسەر گازینۆو چێشتخانەو فرۆشگاكان، هوتێل و مۆتێلەكان و گراج و هەموو ئەو شوێنانەی پێویستی گەشتیاران بەردەست ئەخەن دەكەن، حاڵەتێك كە بزانین سەرپێچیە بەدڵنیایەوە ئیجرائاتی خۆمان وەردەگرین بەرامبەریان و لەهەر حاڵەتێكی تری نەخوازراو بەهەمان شێوە، ئیجرائاتەكانمان پێبژاردن و زیندانی كردنە لە حاڵەتێك بزانین سەرپێچییەكە زۆرە، بڕی پێ بژاردنیش دەچێتەوە لای دەستەڵاتی ئیداری شارەكە(قائێمقامیەت). سەبارەت بە بەردەوامی ئەم لیژنەیەش، نەك هەر لە لە جەژن بگرە دووای جەژن و هەموو كاتێك ئەم لیژنەیە كارەكانی خۆی دەكا وپرۆسەكە بەرێوەدەچێت".
لەبابەت چالاكی و خزمەت گوزارییەكانیان بۆ قەزاكانی دەڤەری سۆران و تێچەقاندنی گەشتیاران بە حاڵەتی ڕووبەڕوو بوونەوە ئاماژەی بەوەدا: "لە هەموو شوێنێك چالاكی و جموجۆڵمان هەیە، جیاوازی لەنێوان سۆران و رواندز و هیچ شوێنێكیتر ناكەین، هەر شوێنێك گەشتوگوزاری لێبێت بۆ ئێمە كێشە نیەو هەوڵی گەیاندنی خزمەت گوزاری بۆ دەدەین. هەر گەشتییارێك كێشەی بۆ دروستبكرێت پارێزبەندی خۆمانی بۆ دەكەین و پاڵپشتی دەكەین، نموونەی جەژنی  ساڵی رابردوومان هەیە لە بێخاڵا كە چەند كەسێك هێرشیان كردبوویە سەر كۆمەڵێك گەشتیار و توندوتیژیان بەرامبەر نواندن بوون، گەشتیاران سكاڵایان تۆمار نەكردبوو ئێمە خۆمان سكاڵامان تۆمار كرد، چەند كەسێكیش قۆڵبەست كران بەرامبەر ئەوەی ببونە هەڕەشە بۆسەر گەشتیاران، ژمارە تەلەفۆنی تایبەتیشمان هەیە گەشتیاران بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازاراو دەتوانن پەیوەندیمان پێوەبكەن".
لە كۆتاییدا بارزان محەممەد، بەرێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران لە وەڵامی قۆرخكردنی شوێنە گەشتیارییەكان لەلایەن خەڵكی خۆجەیی ناوچەكە بەم شێوەیە پەیڤا: "هیچ كەسێك ناتوانێ‌ شوێنێك بۆخۆی قۆرخ بكات و گەشتوگوزار خۆی بە خاوەنی هەمووی دەزانێت، بۆ یەكەم جار لە مێژووی گەشتوگوزاری دەڤەری سۆران هەموو شوێنە گەشتوگوزارییەكان بە رەهندی ئاشكرا ڕاگەیەنراوەو لە رۆژنامە بڵاوكراوەتەوە، بانگێشتی هاوڵاتیانمان كردووە و دەتوانن بەژداربن و چێشتخانەو گازینۆو هەر  پێكهاتەیەك كە جێگەی دەبێتەوە لە شوێنەگەشتیاریەكان وەری بگرن".