Share on facebook
مانەوەی ئەمریكا لە شنگال دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئاوارەكان
دووشەممە, 11 حوزەیران 2018 20:04

مەحما خەلیل:
هێزەكەی ئەمریكا لە شنگال دەمێنێتەوە


چاوپێكەوتن- ڕائیب زراری


مەحما خەلیل، قایمقامی شارۆچكەی شنگال لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ" ئەو هێزە ئەمریكییەی هاتووەتە شنگال، لەناوچەكە دەمێنێتەوە و مەبەستی هاتنیشی رێگری كردنە لە چوونی میلیشیا شیعەكانی ئێران بۆ سووریا.
قایمقامی شارۆچكەی شنگال دیاركرد" شنگال شوێنێكی ستراتیژی گرنگە، هاتنی ئەو هێزە لە بەرژەوەندی ناوچەكەدایە و ئارامی بۆ ناوچەكە دەگەڕێنێتەوە و ئومێدی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگالیش زیاتر دەكات، داوا دەكەین ئەو هێزە لە ناوچەكە بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی ئارامی بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە و خەڵكی ناوچەكەش بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لەگەڵ ئەوەی خەڵك داوا دەكات هاوشان لەگەڵ ئەو هێزەی ئەمریكا هێزێكی پێشمەرگەش بۆ شنگال بگەڕێتەوە، ئەو كاتە ئارامی لەو ناوچانە بە تەواوەتی دروست دەبێت.
گوتیشی" تا ئێستا حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ئیدارەی شنگالدا گرتووە و قایمقام و چەندین بەڕێوەبەری ناحیەشیان لە شنگال داناوە و خەڵكی شنگالیش لەدەست نەبوونی خزمەتگوزای دەناڵێنن.
خەلیل، ئاماژەی بەوەش كرد" خەڵكی شنگال دوو جار بوونەتە قوربانی، جارێك بە دەست تیرۆریستانی داعش و جارێكی تر بە دەست چەكدارانی حەشدی شەعبی، لە بەغدا كار بۆ ئەوە دەكرێت ئاوارەكان نەگەڕێنەوە شارەكەیان و لە سایەی حەشدی شەعبی خەڵك ناوێرێت بگەڕێتەوە، لە بەغداش كار بۆ ئەو مەبەستە دەكرێت، حكوومەتی عێراق ڕێگا سەرەكییەكانی نێوان شنگال بۆ هەرێمی كوردستانی داخستووە.
مەحما خەلیل، قایمقامی شارۆچكەی شنگال زیاتر گوتی" زیاتر لە دوو هەزار خێزان لە چیای شنگالن و دەترسن بگەڕێنەوە نێو شنگال لە ترسی هەبوونی حەشدی شەعبی لە نێو سەنتەری شنگال، چونكە حەشدی شەعبی بە دەیان پێشێلكاری بەرامبەر بە خەڵكی ناوچەكە ئەنجام داوە".
شنگال 140 كیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە لە 3/8/2014 داعش هێرشی كردە سەر شنگال‌ و بەو هۆیەوە نزیكەی 400 هەزار كوردی ئێزدی ئاوارە بوون، نزیكەی 6 هەزار كچ‌ و ژنی كوردی ئێزدی كەوتنە دەست داعش، بەڵام لە 12/11/ 2015  پێشمەرگە شنگالی كۆنتڕۆڵكردەوە، لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 جارێكی دیكە سوپای عێراق بۆ ئەو سنوورانە گەڕایەوە، ئەوەش جارێكی دیكە بووە هۆی ئاوارەبوونی بەشێكی دیكە لە دانیشتووانەكەی".