Share on facebook
پارتی و یه‌كێتی، شاندی هاوبه‌ش بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌تییه‌كه‌ی سائرون و فەتح پێك دێنن
سێ شەممە, 12 حوزەیران 2018 22:12

دانان شێروانی
پارتی و یه‌كێتی، له‌ پێناو دەربازکردنی وڵات لە تەنگژە سیاسیەکەی، ڕاگه‌یاندنی هاوپەیمانیی (سائرون، فەتح) به‌ هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی وه‌سف ده‌كه‌ن و، له‌ ڕاگه‌یێندراوی هاوبه‌شیاندا، مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هەڵوێستی هاوبەشیان گەڵاڵە دەکەن و بە زووترین کات وەفدی هاوبەش بۆ دانوستان پێک دێنن.

ده‌قی ڕاگه‌یێندراوه‌كه‌:

بۆچونی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەربارەی هاوپەیمانیی سیاسیی نوێ لە عێراقدا

لەو دۆخە هەستیار و ئاڵۆزەی عێراق و کوردستاندا، سیاسەتی نەخوازراو، پرۆسەی هەڵبژاردند و چارەسەرکردنی کێشەکانی خستە ناو گێژاوێکی ترسناک.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆمان و گەلی کوردستانمان، لە مەترسی ئەو کێشانە، لە کوردستان و عێراق، دورخستەوە و هەوڵێکی زۆریشماندا، بەردەوام بەشێک بین لە چارەسەر، بەپێی دەستوور و رێسا و یاساکانی هەڵبژاردن. لەم پێناوەشدا، وەفدی هاوبەشی هەردوولا بە راوێژ لەگەڵ یەک، سەردانی تەواوی لایەنە سیاسیەکانی عێراقمان کرد و هەڵوێستی خۆمان پێڕاگەیاندن.

ئەم شەو بەهیمەتی دڵسۆزان و بۆ دەربازکردنی وڵات، لە تەنگژە سیاسیەکەی هەوڵێک بۆ هاوپەیمانی (سائرون، فەتح) راگەیەندرا.
مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، ئەم هەنگاوە بە ئەرێنی دەزانین و پێمان وایە، سەرەتای نەخشە رێگایەکی سیاسی هاوپەیمانی باشە، لە پێناوی دەبازبوون لەم بنبەستە سیاسیە.
پێگومان، یەکێتی و پارتی، هەڵوێستی هاوبەشیان گەڵاڵە دەکەن و بەزوترین کات وەفدی هاوبەش بۆ دانوستان، پێکدێنن.

لەهەمان کاتدا، ئومێدەوارین، سەرجەم لایەنە کوردستانی و عێراقیەکان، خاڵە هاوبەشەکان بەسەر خاڵە ناکۆکەکاندا زاڵ بکەین و پێکەوە بەرپرسیاریەتی حکومەتێکی سازاوی نیشتمانی، بۆ راپەڕاندنی ئەرکە هاوبەشەکان، پێک بهێنین و یەک ریزی نیشتمانی بپارێزین.

مەکتەبی سیاسی                      مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان         یەکێتی نیشتمانی کوردستان

۱۲/٦/۲٠۱۸