Share on facebook
خــۆكوشتن (Suicide)
سێ شەممە, 10 تەمموز 2018 07:10


هیمەت محەممەد عەلی
خەریكە ڕۆژ نەمێنێت هەواڵی خۆكوشتنی كەسێك  نەبیستین! زۆرترین چین و توێژی كۆمەڵگەش كە ڕوبەڕووی ئەم دیاردەیە دەبێتەوە گەنجەكانن، لە نێو گەنجانیشدا ڕەنگە خۆشەیستی یان ئەوەی بە هەڵە ناویان ناوە دڵداری زۆرترین هۆكاری ئەم خۆكوشتنانەیە، بەڵام تەنیا گەنجەكان نین تووشی ئەم نەخۆشیە دەبن و دواجار كێشەكەیان بە مەرگەسات كۆتایی دێت، هەموو ئەوانەی ویستوویانە ئەم كارە بكەن دانیان بەوەدا ناوە كە مەبەستی سەرەكییان ڕاكردن و نەبوونی بەرگری پێویست بووە لە بەردەم ئەو دۆخی ژیانەی تێی كەوتوون.
هــــۆكارەكانی خۆكوژی:
بەشی هەرەزۆری ئەوانەی كۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن یان ئەوانەی هەوڵی لەم چەشنە دەدەن هەست دەكەن كە لە لایەن دەوروبەریانەوە فەراموش كراون...فڕێدراون....دۆڕاون.... بێ نرخ بوون.
ئەوان هەست دەكەن ئیتر لە لایەن دەوروبەرەكەیانەوە پەسەند نین و وەرناگیرێن یاخود هەست دەكەن كە ئەوان هۆكاری نائۆمێد بوونی تاكەكانی تری خێزانی خۆیان و كۆمەڵگەكەیانن!
ئەوانەی دەست بۆ كردەی خۆكوشتن دەبن سەرەتا لە ژیاندا تووشی نەخۆشی (خەمووكی) دەبن و لە كۆتاییدا دەگەن بە دوا چركە ساتێكی شوم كە تیایدا بڕیاری نەمانی خۆیان دەدەن!
زۆرجاریش بووە كە بەسەرهات و چۆنیەتی ڕووداوی خۆكوشتنی كەسێك باس دەكرێت لە یەكتر دەپرسین:
كورە خۆ جەرگی دەوێ خۆت بكوژی ها؟!
ئێمەمانان لەو كاتەی پێمانوایە خۆكوشتن جەرگی دەوێ بێ ئاگاین لەوەی دەیان و سەدان هیوا لە دڵماندایە و لە پێناوی ئەوەی ڕۆژێك بێنەدی درێژە بە ژیان دەدەین، بەڵام كەسی خۆكوژ هیچ ئۆمێدێكی بە ژیان نەماوە.
دەبێ بزانین ڕێك ئەو ساتەی خۆی كوشتووە لای وابووە ئیتر لەم جیهانەدا هیچ شتێك ناتوانێت دڵی خۆش بكاتەوە!.
گرینگە ئەوەش بڵێین قوربانیەكان ئەوەندەی مەبەستیان ڕاكردنە لە كێشە نەگریسە دەروونی و كۆمەڵاتیەكان ئەوەندە خوازیاری مەرگی خۆیان نین. بەڵام خۆكۆژی تەنیا ڕێگەی دەربڕینی هەستی خۆیان بووە بۆ دەوروبەر.
تێبینی ئەم نیشانانە لەو كەسانەدا كراوە كە تووشی خەمووكی بووینەو نیازیان بووە دەست بۆ ئەم كارە ببەن.
یەكەم: قسەكردن لە سەر خۆكوشتن و مردن لە لای ئەوانیتر.
دووەم:  قسەكردن لە سەر ڕاكردن(هەڵاتن).
سێیەم:  بەخشینی كەرەستەكانی خۆیان بەوانیتر.
چوارەم:  قسەكردن لە سەر نائۆمێدی و هەستكردن بە تاوان.
پێنجەم:  هاوبەشی نەكردن لەو چاڵاكیانەی پێشتر خۆی حەزی لێی بوو.
شەشەم: پەیدابوونی كێشەی تەركیزكردن لە چاڵاكیی ڕۆژانەی.
حەوتەم:  دەركەوتنی كێشەو گۆڕانی كاتی خەو و خواردنی.
هەشتەم: دەست بردن بۆ كردەی نابەجێی وەك بڕین و سووتاندنی ئەندامەكانی لەش و پەنا بردنە بەر ماددە هۆشبەرەكان.
ڕاكردن لەكێشەكانی ژیان تەنیا دووری ڕێگای گەیشتن بە چارەسەر زیاد دەكات و ئاسانترین ڕێگاش بۆ نەهێشتنی كێشە چارەسەركردنی خودی كێشەكەیە.
با هیوا لەو دارتاشە وەرگرین و فێربین كاتێ دوكانەكەی گڕی گرت و سووتا دەستی بە فرۆشتنی ڕەژوو كرد.