Share on facebook
لایەنە سیاسیەكان پابەند نەبوونە
دووشەممە, 08 تشرینی یەکەم 2018 07:49


ڕاپۆرت محەمەد ئامۆكەیی:

لە هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا لە زۆرێك لە شەقامە سەرەكیەكان و نێو بازاڕەكان وێنەی كاندیدو پۆستەری لایەنە سیاسیەكان شەقامەكانی تەنیوە زیاتر لە هەفەتەیەكیشە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان تێپەڕیەوە هەتا ئێستا وێنەو پۆستەرەكان ماون لە هەندێ شوێن كاندیدەكان وێنەی خۆیان لە شوێنێك هەڵواسیەوە كە ناشێت بۆ ڕیكڵام كردن بوونی ئەو هەموو پۆستەرە سیماێكی ناشرین دەبەخشێت و ئەوەش نیشان دەدات كە لایەنە سیاسیەكان پابەند نەبونە بەو بەڵێنەی داویانە كە لە دوای كۆتای پڕۆسەی هەڵبژاردن سەرجەم پۆستەرو وێنەو پەڕۆكانیان كۆبكەنەوە زاری كرمانجی بۆچوونی هاووتیان و ژینگە پارێز و لایەنی پەیوەندی داریی وەرگرتوە.

سەفەر عەلی هاونیشتیمانێكەو دەڵێت" جێگای نیگەرانیە لە هەندێ شوێن پۆستەرو وێنەی هەندێ كاندید ماوە كە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵانی رابردوو هەڵواسراون ئەمانەی ئەم جارەشیان هاتونەتە سەر بوونی ئەو هەموو پۆستەر و وێنەیە سیماێكی ناشرینی پیشان داوە، من دەپرسم ئەو كاندیدانە بۆ لە لێدانی وێنەكانیان ئازانە بەڵام بۆ لێكردنەوە كەمەتر خەمەی دەكەن بۆیە دەكرێت شارەوانی لە رێگای نوسراوێك لایەنە سیاسیەكان ئاگادار بكاتەوە ئەگەر هاتوو بەدەم بانگاوازەكەی شارەوانی نەهاتن ئەوە دەبێت سزای ئەو لایەنە بدرێت كە نایەوێت وێنەی كاندید و پۆستەرەكانی لێبكاتەوە، بۆیە داوا كارین هەرچی زوە هەڵمەتێكی خاوێن كردنەوە لە شەقامە سەرەكیەكان و ناو بازاڕەكان ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی سیماێكی جوانترو ژینگەێكی لەبار فەراهم بێت.

هەژار ماهیر چالاكوانی ژینگەیی لە سۆران گووتی" رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە لە دەست پێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی بەشێك لە نوێنەری كیانە سیاسیەكان یادداشتێكی 10 خالیمان ئاارستەی حزب و لایەنە ساسییەكان كرد كە لە یەكێك لە خاڵەكان داواكاربوین پاش تەواو بونی پڕۆسەی هەڵبژاردن تەواو فلیكس و پوستەر و لۆگۆی حزبەكان لێ‌ بكرێنەوە و ئەگەر حزبە سیاسیەكان و كاندیدەكان پابەندی نەبوون سزای یاساییان بدرێت، جێگای نیگەرانیە پاش تێپەڕبوونی یەك هەفتە لە دوای تەواوبوونی پڕۆسەكە وێنەو پۆستەری زۆربەی لایەنەكان ماون بگرە هی ئەنجونی نوێنەرانی عێراقیش ماوە بۆیە بە پێویستمان زانی لە رێگای خۆبەخشانی رێكخراوی وار هەڵمەتێكی چەند رۆژی دەست پێ‌ بكەین بۆ لێكردنەوەی ئەم پۆستەراتانە چونكە بێجگە لە تێكدانی سیمای شار و پیسكردنی كاریگەری نیگەتیڤی بەسەر ژینگە دەبێت لەبەر ئەوەی زۆربەی كیانە سیاسییەكان و كاندیدەكان ماددەی نایلۆن و فلێكسیان بە كارهێناوە كە لە بەر تیشكی رۆژ لە ناو دەچن و ئاژەڵ و باڵندەش بە خواردنیان توشی لە ناوچوون دەبن بێجگە لەوەش شێ‌ بونەوەیان زۆر دەخایەنیت.

لای خۆشیەوە زاهیر بناویی سەرۆكی شارەوانی هەریر گووتی" لە دەست پێكی بانگەشە لایەنە سیاسیەكان و هەندێ كاندید پۆستەرو وێنەی خۆیان لە چەند شوێنكی قەدەغەكراو هەڵواسیبوو، ئێمە وەك شارەوانی بەبێ جیاوازی دەستمان كرد بە لێكردنەوەی ئەو وێنانەی كە لە شوێنی قەدەغە هەڵواسرابون، ئێستاش پڕۆسەكە تەواو بووە و ئاگاداری سەرجەم لایەنە سیاسیەكانمان كردۆتەوە ئەوانەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ تیمەكانی شارەوانی دەست بكرێت بۆ لێكردنەوەی پۆستەرو وێنەی كاندیدەكان ئەگەر هاتوو بەدەم بانگەوازەكەی ئێمە نەهاتن ئەوە سەروی خۆمانی لێ ئاگادار دەكەینەوە كە لایەنی حكومەتە بۆ ئەوەی سزای مادی ئەو لایەنە بدرێت، سەرۆكی شارەوانی هەریر زیاتر دەشڵێت" هەڵمەتەكە چەند رۆژی دوێت ئەوەش وادەكات تیمەكانی پاكەرەوە فریای هەموو شوێنێك نەكەون بۆیە ئەگەر هاتوو هەر لایەنێكی سیاسی هاوكارمان بێت و بەشداربێت ئەركی ئێمەش سوكتر دەبێت.