گۆپاڵ چیە و چۆن دروست دەكرێت و بۆچی بەكاردێت ؟لە شوانیەوە بۆ دیاری بەنرخ
سێ شەممە, 09 تشرینی یەکەم 2018 08:14

زاری كرمانجی – سۆران :

دروست كردن و پەیدا بوونی گۆپاڵ مێژووەكەی دیار و روون نییە، هەر لە دێر زەمانەوە خەلكی پیشەدار و بەتایبەت گوندشینان وەك نەریتێكی كۆمەڵایەتی باب و باپیرانەوە گۆپاڵیان بەكارهێناوە ، لە ئێستەشدا ئەو نەریتە پەرەی سەندوە و لە نێو چینی گەنجانیش سەری هەڵداوە و هەندێك كەس حەزی زۆری پێدەكات و ئامادەیە بە نرخی گران بیكڕێت و لەدەستی بگرێت .گۆپاڵ یان گۆچان ئامرازێكە بەكاردێت لەلایەن زۆرێك لە خەڵكەوە بۆ ئاسانكردنی هاوسەنگی و ڕۆشتن، و زۆرجاریش بۆ جوانی و نوێ كردنەوەی كلتووری كوردەواری بەكاردێت. گۆپاڵ بە چەندین شێوە و قەبارە دروست دەكرێت و هەر كەسێك بییەوێت زەحمەت نییە دەستكەوتنی، زاری كرمانجی زانیاری لە سەر گۆپاڵ و چۆنیەتی دروست كردنی  دەخاتەڕوو .

رەشید سلێمان گەنجێكی خەلكی قەزای شەقڵاوەیە بۆ كڕینی گۆپاڵ رووی لە بازاری سۆران كردوە بە زاری كرمانجی گووت "  لە زۆر شوێنی تر گۆپاڵ دەفرۆشێت و لە بازاڕەكان بوونی هەیە، بەڵام گۆپاڵی سۆران جیاواز ترە و هەم جوان و هەمیش نرخی گونجاوە ، بۆیە لە شەقلاوە لە گەڵ هاوڕییانم هەم بۆ گەشت هەمیش بۆ كڕینی گۆپاڵ روومان لە سۆران كردوە .

ئەو گۆپاڵێكی دار كنێری بە بڕی 75 هەزار دیناری كڕیوە و دەڵێ " چەند ساڵێكە گۆپاڵم هەیە و كڕیومە و لە نێو ئۆتۆمبێلی خۆم داناوە زۆر جار لە كاتی پیاسە لەگەڵ هاوڕێییان لە دەستی دەگرم و تەنانەت گۆپاڵیشم بە دیاری بۆهاتوە و كردوومەتە دیاریش بۆ هاوڕێییان، جوانترین گۆپاڵ بەلای منەوە كنێرە، چونكە جیا لە جوانی بۆنێكی خۆشی بەردەوامی هەیە كە مرۆڤ حەز دەكات بۆنی بكات .

ناوبراو دووپاتی كردەوە،  بە لەدەست گرتنی گۆپاڵ خۆشیەكی زۆرم لا دروست دەبێت و پەیوەندی بەگەورەی تەمەن و بچووكی نییە، هەر وەك زۆرێك لە مرۆڤەكان توسبیح و زنجیر و مەدالیا و چەند شتێكی تر لە دەست رادەگرن و خویان پێوەرگرتوە .

حاجی ئەحمەد مەحموود تەمەنی 70 ساڵە و  پیشەی فڕۆشتنی گۆپاڵە لە نێو بازاڕی قەزای سۆران بۆ زاری كرمانجی گووتی " هەر لە كۆنەوە حەز بە لەدەست گرتنی گۆپاڵ دەكەم و كاتی خۆی  لە شوانی و گاوانی زۆرم بەكارهێناوە، بۆیە ماوەی دەساڵ دەبێت دوكانی فرۆشتنی گۆپاڵیشم داناوە .

ئەو دەڵێ " لەوەتای دونیا هەیە گۆپاڵیش بوونی هەیە و مێژووێكی نادیاری كەوناری هەیە، بەڵام رەنگە گۆڕانكاری بەسەردا هاتبێت وئەوانەی ئێستا جوانترن لە گۆپاڵی پێشتری ساڵانی كۆن. لە زۆر شوێنی كوردستانیش گۆپاڵ و گۆچان دروست دەكرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی شارەزای باشم لەگۆپاڵ هەیە و كاری فرۆشتنی دەكەم، بەبڕوای من باشترین گۆپاڵ لە گوندەكانی ئەرگۆش لە سنووری مێرگەسۆر و نێو گوندە گەردیەكانی توركا دروست دەكرێن و هاووڵاتییان و كڕیارانم حەز بە گۆپاڵی ئەو شوێنانە دەكەن ، چونكە جوان و شازن .

بەهۆی جۆر و شێواز و كوالێتی ، نرخی گۆپاڵ لە نێو بازاری سۆران جیاوازی هەیە ئەو فرۆشیارەی گۆپاڵ ئاشكرای دەكات ، نرخی گۆپاڵ لە پێنج هەزار دینار دەستپێدەكات تا 120 هەزار ، بەقسەی ئەو دوكاندارە، جوانترین و بە نرخترین گۆپاڵ لە داری كنێرە، ساڵانی رابردوو گۆپاڵ تەنها بۆ پیشەی شوانی و ئاژەڵداری بەكاردەهات، بەڵام ئێستا بۆ كەشخە و فیز لێدان بەكاردێت و كڕیاری زیاتری لای ئەو، گەنج و بەرپرسەكانە و لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی روو لە سۆران دەكەن بۆ كڕینی گۆپاڵ .

زیاتر گووتی " ئەگەر گۆپاڵ زۆر تەڕ نەكرێت و بپارێزرێت، ماوەی 10 ساڵیش خۆی دەكات ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دووای چەند ساڵێك ئەگەر خراپیش نەبێت بەڵام رەنگی وەك خۆی نامینێتەوە و كۆن دەبێت .

لە نێو بازاڕی قەزای سۆران چەند دوكانێكی گۆپاڵ فرۆشتن  هەیە، بەپێی زانیاریەكان، ساڵانە لەو دوكانانە نزیكەی هەزار گۆپاڵ دەفرۆشێت و دەیان كەس بژێوی ژیانی لەسەر چاككردن و فرۆشتنی گۆپاڵ و گۆچانە، لە شا و شارۆچكەكانی كوردستانیش بەهەموو چین و توێژێكەوە بەشێكی هاووڵاتییان كڕیاری گۆپاڵن .

عومەر عەبدوڵڵا هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی بێواسە لە سیدەكان و شارەزایە لە چاككردنی گۆپاڵ بە زاری كرمانجی راگەیاند " گۆپاڵ ئەو دارە دەستەی كەوا لە كورداەواری دورست كراوە و بەكار هاتووە بۆ شوان كاری و خۆپاراستن لە كەوتن بە تایبەت نەخۆش و پیر و بەساڵاچوان بۆ هەردوو رەگەزی نێر و مێ بەكاردێت . دووپاتی كردەوە، مێژووی پەیدا بوونی گۆپاڵ دیار نییە چونكە مرۆڤ هەر لە كۆنەوە هەمیشە بەدووای پێداویستیەكانی گەڕاوە و داهێنانی تێدا كردوە .

زیاتر گووتی " گۆپاڵ بە دوو شێواز دروست دەكرێت، شێوازی یەكەم : دروست كردنی قالبی گۆپاڵ لەسەر پارچە دارێك بۆنمونە هێنانی كۆلكە دارێك بتە و وەك داری بناو یان هەر دارێك كەوا دارێكی رەق و شكانی ئەستەم بێ . بەشێوازی هەڵكۆڵًین لەسەر پارچەكە دارێك قاڵبی گۆپالی لەسەر دردوست دەكرێت لەسەری هەڵدەكۆلێردرێ بەشێوازێكی بازنەی جوان كە ئەم جۆرە جوانرتین و ناوازە ترینە و خواستی زۆری لەسەرە وەستایەكی لێهاتووی دەوێت .

شێوازی دووەمی چاككردنی گۆپاڵیش روون دەكاتەوە" هێنان و چەقاندنی لقە دارێكی دوو سەری تا رادەیەك ئەستوور و خۆشكردن و پاككردنەوەی لقێكی بەشێوەیەكی بازنەی جوان كەئەمەیان ئاسانترە بەڵام گۆپاڵەكانی زۆر جوان نین .

ئەو دارانەی دەكرێنە گۆپاڵ

هەموو جۆرە دارێك ناشێ بۆ گۆپاڵ بەلكو ئەودارانەی كەوا شێوەیەكی راست و دروستییان هەیە بەشێوەیەكی ستوونی بەرە و ئاسمان هەڵكشاون بە بەرزی زیاتر لە مەترێك وەك داری ، بناو ، بی ، داری مەران و دار گیز ، تاوك  هەل هەلۆكە و چەند جۆرێكی تر ..

بەناوبانگترین گۆپاڵ ئەو گۆپاڵەیە لە داری كنێر دروست كرابێت خواستنی زۆری هاووڵاتییانی لەسەرە لە بازاڕیش نرخی گرانترە،چونكە داری كنێر بۆنێكی خۆشی هەیە لە هەمان كاتدا رەنگ و رەونەقێكی سەرنج راكێشی هەیە .

بەخشینی گۆپاڵ وەك دیاری

زۆر جار گۆپاڵ وەك دیاری دەبەخشرێت لە نێوان هاوڕێییان و خۆشەویستان وەك دەربڕینی خۆشەویستی و بەهێز كردنی پەیوەندی كۆمەڵایەتی و وە رێزگرتنی بەرامبەر لەم دیاریە بە گەورە سەیر كردنی زۆر جار وەك خۆشەویستی لە دیوانخان و لە كەپر و رەشماڵەكان هەڵدەواسن بەتایبەت ئەو گۆپاڵانەی كەوا لە داری كنێر  دروست كراون یان شێوازێكی شووشەی رێك و دروستیان هەیە .

شێوازی دروست كردن و چەماندنەوەی

دروست كردن یان چەماندنەوەی كەمی ( كۆمی ) گۆپاڵ بەو شێوەیە دروست دەكرێت ، سەرەتا شێنە و لقە دارە تەڕەكان دەبڕێن و ئامادە دەكرێن دواتر لە نزیك قالبی گۆپاڵ ئاگرێك دەكەنەوە سەری لقە دارەكە بە نزیكەی 20 سم دەخرێتە ناو ئاگرەكە بە ئەندازەیی پێویست گەرم دەكرێت دواتر زۆر بە وشیاری و لێزانین دەخرێت ناو قالبەكە و دەچەمێندرێتەوە تا ماوەی یەك دوو رۆژ لە ناو قالەبەكە دەمینێتەوە تاوەكو بەم ئەندازەیە رەق دەبێ و دواتر دەر دەهێندرێت و پاك دەكرێتەوە شوێنی دەست گرتنی زیاتر خۆش دەكرێت .

جیاوازی نێوان گۆپاڵ و گۆچان

گۆپاڵ ئەو جۆرەی كە لەسەرەوە باسمان كرد شوێنی دەست كەم یان كۆمی شێوە خڕ و بازنەیە مرۆڤ دروستی دەكات ، بەڵام گۆچان دارێكی خۆرسكە و شێوەی پیتی T ئینگلیزی هەیە یان تۆزێك سەری بۆلای خوارەوە لار بۆتەوە بۆیە مرۆڤ دارەكە دەبڕێتەوە، شوێنی دەستی بە نزیكەی 15 تا 20 سم دەبڕدرێتەوە لای خوارەوە بە نزیكەی مەترێك دەبڕدرێتەوە . زۆرجاریش لە كاتی دروست كردنی گۆپاڵ كێشەی تێدەكەوێت ، وەك شكانی سەری دارەكە یان فیچاندن و قڵێشانی دیوی ناوەوەی گۆپاڵ بەمەش زۆر سەركەوتوو نابێت خواستی زۆری لەسەر نییە و خەلك ئارەزووی دەست گرتنی ناكەن.

نرخی گۆپاڵ لە پێنج هەزار دینار دەستپێدەكات تا 120 هەزار