Share on facebook
كاتی ئەوە هاتووە ئەمریكا پاڵپشتی لە ئازادبوون و سەربەخۆیی كورد بكات
سێ شەممە, 23 تشرینی یەکەم 2018 07:56

 

 

 

نووسین: د. قەنتە ئەحمەد، پزیشك و نووسەر و ئەندامی ئەنجومەنی سیاسەتی دەرەوە و پەیمانگەی باشوری كالیفۆرنیا بۆ مێژوو

و: یادگار ئیسماعیل

كورد هەموو مافێكی خاوەندارێتی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی هەیە بۆ ئەوەی بەرەو چارەنووسێك ئاراستە بگرنەبەر ترسیان لە داهاتووی خۆیان نەبێت.

لە یەكەمین ساڵیادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی پابەندیێكی ئەخلاقییە پاڵپشتی سەربەخۆیی گەلی ٣٦ ملیۆنی كەسیی كورد بكرێت.

لەو كاتەی خواستی كورد لە بەشداری ٧٣ % و دەنگدانی ٩٣ % بۆ سەربەخۆیی و كشانەوە لە عێراق بە روونی بەدیاركەوت، وەك بیندرا جیهان و لە پێشیشیان وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ریفراندۆمی سەربەخۆییان پشتگوێ خست، لەوەش خراپتر خواست و خەونی مەزنترین گەلی بێدەوڵەتیان لە جیهانیان لەبەرچاو نەگرت، گەلێك بە ژمارە نزیك لە ژمارەی دانیشتوانی وڵاتانی ئوسترالیا و كەنەدا.

بێجگە لەوەش، سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ، لە وتارەكەی لە نیو یۆرك و لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستخۆشی لە تەواوی نەتەوەكان كرد بۆ رۆڵیان لە تێكشكاندنی داعش بێجگە لە نەتەوەی كورد؛ ئەو رۆڵی پێشمەرگەی باس نەكرد سەرەڕای ئەو پاڵەوانیەتیەی نیشانیان دا لە تێكشكاندنی داعش. سەرەڕای ئەوەش، تۆسقاڵێك نەپرژایە سەر خواستی سەربەخۆییخوازی گەلی كورد.

چەند رۆژێك دواتر، بەهۆی رۆژنامەنووسێكی كورد، ترەمپ دواجار دانی بە جەربەزەیی پێشمەرگە نا، بەڵام هیچ پابەندیی و دڵنیاییەكی بۆ داهاتووی كورد نیشان نەدا.

بۆ كورد، ئەو گەلەی بۆ چەندین سەدەیە دەچەوسێندرێتەوە و ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژی بۆتەوە لەسەر دەستی سەدام حوسەین و دواتریش لە لایەن داعشەوە، ئازادبوونیان تەنها بە بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسی خۆیان و لە چوارچێوەی وڵاتێكی سەربەخۆ دێتە دی.

لە ژێر رۆشنایی مافی بڕیاردان لە چارەنووس، كە لە ماددەی یەكەمی جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی پێدراوە و لەچەندین بەڵگەنامە و یاسای نێودەوڵەتیدا شیكراوەتەوە، كورد بە یاسایی و لە چوارچێوە یاساییەكاندا ئەو مافەی هەیە بڕیار لە چارەنووسی سیاسی خۆیان بدەن و بە سەربەستی هەوڵی گەشەپێدانی فەرهەنگ و لایەنی ئابوری و كۆمەڵایەتی خۆیان بدەن.

كورد هەموو مافێكی خاوەنداریەتی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەیە، لە چاوەڕوانی چارەنووسێكی بێ ترس و بێ چەوسانەوە. شكستیشمان وەك ئەمریكی لە بەجێنەگەیاندنی ئەركی ڕەوشتیی خۆمان و ناپاكیی كردن لێیان زۆر ئازار بەخشە.

لە دەسپێكی ساڵی رابردوو سەردانی كوردستانم كرد. لە كوردستان تا ئێستاش جۆرج دەبلیو بوش وەك ئازادكار تەماشا دەكرێت. تەنانەت ئەو كوردانەی چاوم پێیان دەكەوت مەیلی كۆمارییەكانی ئەمریكاشیان هەبوو.

كورد لەو كاتەی بەرامبەر بە داعش دەوەستانەوە لە لایەك و لە لایەكی تریش رووبەڕووی فراوانخوازی هەژموونی ئێران و چاوتێبڕینی ئیمپراتۆریەتەكەی توركیا دەبوونەوە. بەڵام سیاسیەتی دژەتوندڕۆی ئەمریكا و هاوكاریان لەو كاتە بۆ پێشمەرگە هۆكار بوون بۆ ئەوەی ترەمپیش ڕێزێكی زۆری لێبگیرێت لە لایەن كورد بەگشتی.

سەرەڕای ئەمەش، وەزیری پێشووی دەرەوە رێكس تیلەرسن و وەزیری ئێستاش مایك پامپێیۆ پاڵپشتی لە عێراقی یەكگرتوو دەكەن. تا ئێستاش ئەوان خۆیان بەو خەونە هەڵواسیوە كە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی سەردەمی داگیركردن و دەستبەسەرداگرتنی عێراق. ئەوان لە بری لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیەی لە كەشی سیاسی دەبیندرێت، داكۆكی لە خەیاڵی عێراقێكی یەكگرتوو دەكەن. بەڵام بارودۆخەكە بەو شێوەیە نیە كە ئەوان دەیبینن. لە دوای كەوتنی ڕژێمی سەدام عێراق بە كردەیی دابەش بووە. رەتكردنەوەی ئەو ڕاستیە زەقە تەنها خزمەت بە هەژموونی فراوانخوازی ئێران دەكات، كە بە تامەزرۆییەوە لە چاوەڕوانی كەوتنی وڵاتی زلهێزە سونەنیشنەكاندایە.

شكستی عێراق بۆ ئەو جیاكارییە ئایینیەی نێوان شیعە و سونە دەگەڕێتەوە و هۆكاریشە دروستبوونی بۆشایی سیاسی دوای رژێمەكەی سەدام. ئەو هەژموون و كاریگەریە هەرێمیەشی دژی كورد هەیە لە ناوچەكانی ئێران و سوریا و توركیا ئاستەنگ بۆ هەرێمەكە لە قۆناغی سیاسی ئێستاش دروست دەكات.

لە ساڵی رابردوو، لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامدانی راپرسی سەربەخۆیی دژایەتی ئێران و توركیا و سوریا روونتر بەدەركەوت لە دژی دەوڵەتی كوردیی. لەهەمان كات لە ماوەی چەند رۆژێك سوپاسی عێراق جوڵەی پێكرا بۆ سەر سنووری كوردستان. بە پێی ریپۆرتەكانیش، بە ئاگاداری و رەزامەندی و بەچەكی ئەمریكی لەوانەش تانكی ئابرامز هێرش كرایە سەر پێشمەرگە.

ئەو كات پارێزگاری كەركوك د. نەجمەدین خۆی رزگار كرد و لە شاری كەركوك چووە دەرەوە. بە پێی زانیارییەكان ئەو لە لایەن ئەمریكییەكان لە هێرشی حەشدی شەعبی ئاگادار كرابوویەوە، كە دەیانەویست بیكوژن. هەرچەندە ئەمریكییەكان ژیانی ئەویان رزگار كرد، بەڵام هێچ رێگرییەك نەكرا لە دەستبەسەرداگرتنی كەركوك لە لایەن حەشدی شەعبی كە ئێران رابەری دەكردن.

كەركوك بۆ كورد وەك ئۆرشەلیم وایە بۆ جووەكان. كەركوك لە هەمان كات خاوەنی بڕێكی زۆری یەدەگی نەوتی جیهانە.

لەو كاتە، لە بری گوێگرتن لە خواستی كورد، ئەمریكییەكان بێهەڵوێستمانەوە لە بەرامبەر دووبارەكردنەوە ئەزمونی بەعەرەبكردنەوەی ناوچەكە و درێژەدان بە فەرهەنگی سەدامیی لە ناوچە كوردستانییەكان لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵی عێراق.

دەبێت هەڵوێستی دژە-سەربەخۆیی ئەمریكا شەرمەزار بكرێت. ئەوان لە بری داننان بە مافی خاوەنداریەتی كوردستانی سەربەخۆ لە لایەن كورد، كە هەر روودەدات، دژایەتیان هەڵبژارد.

ئێستا ئەمریكا بە كاتێكی هەستیاری مێژوو تێپەڕدەبێت: لەو پێناوە كورد دەبێت هەموو هەوڵێك بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی سیاسی سێ سەكردەكەی سەكۆی سیاسەتی جیهانی بدەن كە پێكدێن لە: دۆناڵد ترەمپ و سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بێنیامین ناتانیاهو و راوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمریكا، جۆن بۆڵتن.

ئەوەی پەیوەستە بە ترەمپ، ئەوە دەرفەتێكە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەهێزترین و تەنها پێكهاتەی ٩٠% موسڵمانی سونە كە دژایەتی ئیسرائیلیش ناكەن. كوردستانی سەربەخۆ دەبێتە بردنەوە و دەستكەوتێكی بێوێنە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت لە كاتێك دەبیندرێت پێكهاتە سوونەكانی ناوچەكە دەكەونە ژێر ركێفی ئێران.

بۆ ناتانیاهو، كوردستانی سەربەخۆ پابەندی و دۆستایەتی كورد و جووەكان نوێ دەكاتەوە و دەیگەڕێنێتەوە ئەو كاتەی جووەكان ناچار كران عێراق جێبهێڵن. دەبێت ناتانیاهو لەوەش تێبگات كە سەڵاحەدینی ئەیوبی كورد بوو هەشت سەدە لەمەوبەر قودسی رزگار كرد لەدەستی خاچپەرستەكان و لە كاتی سەركەوتنیش لێبوردەییان تەنانەت بەرامبەر ئەو خاچپەرستانەش نیشاندا كەبەسەریاندا سەركەوتبوون.

ئەوەی پەیوەستیشە بە جۆن بۆلتن، كە دەخوازێت ئێران لاواز بێت و وەك ئامانجی خۆی تەماشای دەكات، دەبێت بزانێت دابەشكردنی عێراق بۆ سێ دەوڵەتی سونی عەرەبی و شیعە و بوونی كوردستانی سەربەخۆ خەونەكانی ئێران لەگۆڕدەنێت. لە لایكی تر، دەبێت ئەو لەوە تێبگات پێشكەوتنی پرۆگرامی موشەكی بالستی ئێران كە دەگەنە دەوروبەری عێراق بە روونی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەخاتە ژێرهەڕەشەوە. بۆیە لێرە ئامانج و بەرژەوندی ئەمریكا كۆكە لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستان.

ئەمریكا دەتوانێت بە ئاسانی سوود وەربگرێت لە كوردستانی سەربەخۆ كە نەدژی ئەمریكایە و نە دژی ئیسرائیل. لە هەمان كات كوردستان دێموكراتیخوازە و لەوێشەوە دەتواندرێت پەرەبدرێت بە ئاشتی و سەقامگری زیاتر.

بە دڵنیاییەوە رێگەی سەربەخۆیی كوردستان بەربەستی زۆری لەبەردەمە. بەڵام دەبێت ئەمریكییەكان ئەوەیان لەیاد بێت كورد هۆكاری كەمكردنەوەی قوربانییەكانی ئەمریكا بوون لە عێراق لە دەسپێكی جەنگی دەستبەسەرداگرتنی عێراقەوە تا ئێستا و هیچ قوربانییەكیشیان لەسەر خاكی كوردستان نەداوە.

بۆیە كاتی ئەوە هاتووە، ئەمریكییەكان پاڵپشتی لە كورد بكەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو سەربەخۆییەی لە چوارچێوەی رێككەوتننامەی سیڤەر لە ساڵی ١٩٢٠ بەڵێنیان پێدراوە ، بۆ ئەوەی كوردستان لە كۆتاییدا و دوای ١٠٠ ساڵ شوێنی راستەقینەی خۆی لە نێو ولاتان بگرێت.

لەو كاتەشی سەكردەكانی جیهان بەردەوامن لە كۆبوونەوەكانیان لە نیو یۆرك و بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەن، ناگونجێت مافی بڕیاردانی كورد لە چارەنووسی سیاسی خۆی لەبەرچاونەگیرێت. ئەمریكا دەبێت لەتەك گەلی كورد بوەستێت و یارمەتیان بدات مافی لێسەندراوەی خۆیان پێبدرێتەوە، كە تەنها سەربەخۆییە.

لینكی وتارەكە بە زمانی ئینگلیزی لە ئۆرشەلیم پۆست:

https://www.jpost.com/Opinion/It-is-time-for-the-US-to-help-liberate-the-Kurds-568606