لافاوێكی بە هێز سنوری باڵەكایەتی گرتەوە زۆرترین زیانیش بەر شارەدێی سمیلان كەوتووە
دووشەممە, 29 تشرینی یەکەم 2018 07:40

یونس ئەمین _ باڵەكایەتی :

دوای پێنج مانگ لەروودانی لافاو لەشارەدێی دووبارە لە شەوی 25 ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، لافاوێكی زۆر بە هێز سنوری باڵەكایەتی گرتەوە، زۆر ترین زیانیش بەر شارەدێی سمیلان و دۆڵی ڕۆست كەوتووە، ئەملافاوەش بۆتە هۆی پچڕانی تەزووی كارەبای چەند گوندێك وپچڕانی تۆرەكانی ئاوی ماڵان و  داڕمانی چەند پردێك، چەند دووكان و مزگەوت و ماڵێك ژێر لافاوەكە كەوتن، هەر بە هۆی ئەم لافاوەوە چەندین ڕەز و باخی هاوڵاتیان زیانیان پێكەوتوەو  چەند ئۆتۆمبێلیكیش ژێر لافاو كەوتن زیانێكی زۆر بەر هاوڵاتیان و پڕۆژەكانی حكومەت كەوتووە.

هاوڵاتێكی دانیشتووی گوندی دەربەند كە ماڵی ژێر لافاو كەوتووە محەمد عەبدولا بۆ زاری كرمانجی گووتی: لە ژیانم لە دەڤەری باڵەكایەتی لافاوی ئەوها بە هێزم نەبینیوە، شەوی 25 ی مانگ لافاوێكی زۆر بە هێز گوندەكەمانی گرتەوە ،بووەهۆی پچرانی كارەبا ودارمانی پرد، هەرچی ڕەز و باخی دەم لێواری ڕووبارەكانە هەمووی ڕاماڵی و زیانێكی زۆرمان پێكەوتووە، ئاو هاتۆتە ماڵمان ژێر زەمینەكەمان كە پڕ بوو لە پێداویستی  و خۆراك هەمووی ژێر لافاو كەوتووە، چەند ماڵێك لە گوندەكەمان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە لە ترسی لافاو، هیوادارم حكومەت زوو خەمێك لە پڕۆژەكان بخوات و زیان لێكەوتووان قەرەبوو بكاتەوە.

هاوڵاتێكی دانیشتووی شارەدێی سمیلان كە دووكانەكەی ژێر لافاو كەوتووە، بە ناوی نزار مەلا جەلال بۆ زاری كرمانجی قسەی كردووگووتی" ئەوەی بە بیری من بێت لەم ساڵانە ئەوە شەشەمجارە لافاو لە دۆڵی ڕۆستێ بێت، بەڵام بە هێزترین لافاو ئەم جارە بوو، هەرچی ماڵ و دار و بەردی دەم لێواری ڕووبارەكان بوو هەمووی بردووە و ڕاپێچی ناو یەكی كرد، بە هۆی ئەم لافاوەشەوە زەرە رو زیانێكی زۆرمان پێكەوتووە دووكانەكەم ژێر لافاو كەوتووە، نزیكەی سێ چوار دەفتەر زەرەرمەند بوومە، وێرای لە ناوچوونی ڕەز و باخەكەمان، هەر چەندە زیانلێكەوتووانی لافاوی ڕابردوو قەرەبوو نەكراینەوە، ئەم لافاوەش هاتە سەر، هیوادارم حكومەتی هەرێم پەلە بكات لە چاككردنەوەی كارەباو پردەكان و ڕێگا و بانەكان، هاوڵاتیان قەرەبوو بكاتەوە.

هاوڵاتێكی دانیشتوی سمیلان بە ناوی خدر ئیبراهیم بۆزاری كرمانجی گووتی" لافاوی ئەم جارە سوپاس بۆ خودا زەرەری گیانی نەبوو، بەڵام زەرەر و زیانێكی زۆر بەر پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان و هاوڵاتیان كەوتووە، زیانەكان بریتین لە پچڕانی كارەبای چەند گوندێك، دارمان و بردنی دوو پردی سەرەكی سمیلان كە پەیوەندی 14 گوند بە سمیلان پچڕاوە، چەند پڕۆژێكی ئاوی خواردنەوە زیانیان پێكەوتووە، پردی سەرەكی بن قەڵات كە چەند گوندێكی لە سەر بوو، دارماوە و لافاو بردویەتی، ڕەز و باخی دەم ڕووبارەكان هەمووی لە ناو چووە، لافاو چوویتە چەند ماڵێك و دووكان و مزگەوت، چەند ئۆتۆمبێلێك زیانیان پێكەوتووە، خەڵكێكی زۆر زەرەر مەند بوونەوئاوارە بووەبەهۆی لافاوەوە.

لەم بارەوە قایمقامی قەزای چۆمان ئەحمەد قادربە زاری گرمانجی ڕاگەیاند" شەوی 25 ی ئۆكتۆبەر لافاوێكی بەهێز سنوری باڵەكایەتی گرتەوە، بەم هۆیەوە بووە هۆی زیانگەیاندنی چەند پڕۆژێكی خزمەتگوزاری،پچڕانی كارەبای نیشتیمانی هەندێك گوند، بوە هۆی دارمان و بردنی چەند پردێك، هەر لە شارەدێی سمیلان دوو پردی سەرەكی بردوە ،لە بن قەڵات كە بۆتە هۆی پچڕانی هاتووچۆی زیاتر لە 14 گوند لە سمیلان" لافاوەكە بە گشتی باڵەكایەتی گرتەوە، حاجی ئۆمەران، دەربەند، گوندە ژۆر، شارەدێی قەسرێ، گوندەكانی دەوروبەری، لەگەڵ دۆڵی ڕۆست لە شارەدێی سمیلان كە زۆرترین زیان بەر سمیلان كەوتووە" هەر لەم ساڵ ئەوە دووەم جارە لافاو دۆڵی ڕۆست بگرێتەوە، لافاوی ئەمجارەیان زۆر بە هێز بوو، ئەگەر هاتبووا پێشتر ڕووبارەكەمان پاكنەكردباوە، ئەوە دڵنیام زیانەكان زۆر تر دەبوون.

قایمقامی قەزای چۆمان" زیانەكانی ئەمجارە بریتین لە زیانی هەندێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەك ڕێگا و بانەكان و دارمانی پردەكان و تێكچوونی هەندێك پڕۆژەی سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە ، پچڕانی كارەبای چەند گوندێك، لەگەڵ ئەو زەرەر و زیانانەی بەر خەڵك كەوتووە، لە ماڵ و دووكان و ئۆتۆمبێل و رەز و باخەكان.

هەرچی ماڵی لە نزیك قەراغی ڕووبارەكان بێت ، هەموویان زەرەریان پێكەوتووە، لە ئێستادا زۆرێك لە ماڵەكان ئەوانەی نزیك ڕووبارەكانن ئاوارە بووینە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتوە لە ترسی دووبارە بوونەوەی لافاو.

ئەحمد قادرگووتیشی" نزیكەی 30 گوند پەیوەندی هاتووچۆیان لە گەڵ شاردا پچڕاوە، ئێمە لە هەوڵداین بە زووترین كات ڕێگا و بانەكان بكەینەوە و پڕۆژەكان چاكبكەینەوە" هەر لە كاتی لافاوەكە تیمەكانی بەرگری شارستانی بە هانای خەڵكەوە چووینە، لە ئێستادا تیمەكانی ڕێگاوبانەكانی هەولێر و تیمەكانی ئاو ئاوەڕۆی هەولێر سەرقاڵی چاكردنەوەی ڕێگایەكان و پردەكان، هەر ئەمڕۆش پارێزگای هەولێر و فەرمانگە و بەرێوبەراتیە تایبەتیەكان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكان سەردانی شوێنەكانیان كرد، لە سەر فەرمانی سەرۆكی حكومەت دەست دەكرێت بە چاككردنەوەی پڕۆژەكان و ڕێگا و بانەكان و سەرچاوەكانی ئاو پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان، بە پێی توانای دارای حكومەت بە پێی ئەم خەملێندراوانە بتواندرێت هاوڵاتیانی زیان لێكەوتوو قەرەبوو بكرێنەوە، ئەگەر هیچ نەبێت كەمێك لە زیانەكانیان كەمبكەینەوە.

بە شێوەیەكی گشتی هاوڵاتیانی سنوری باڵەكایەتی و قەزای چۆمان زۆر زەرەر مەند بووینە خەڵك زیانی پێكەوتوە، لافاو چوویتە ماڵەكانیان زیان بە چەند دووكان و ماركێت و مزگەوت و ئۆتۆمبێلێك كەووتوە، ئێمە ئامادەكاری تەواومان كردوە لێژنەمان پێكهێناوە لە گەڵ لێژنەكانی تر بۆ دووبارە چاككردنەوەی ئەو شوێنانەی زیانیان پێكەوتووە.

قایمقامی چۆمان گووتی : داواكارم لە هاووڵاتیانی باڵەكایەتی و چۆمان خۆیان بە دوور بگرن لە دەم لێوار ڕووبارەكان ، هیچی تر خانوو ودووكان لە دەم ڕووبارەكان دروست نەكەن، چونكە ئەمە جاری یەكەم نیەلە ڕوودانی ئەم رووداوە سروشتییە.