Share on facebook
كۆتایی بە دانیشتنەكانی خولی چوارەمی پەرلەمان هات
یەک شەممە, 04 تشرینی دووەم 2018 17:33


ئا: ڕائیب شێروانی
پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی كۆتایی خۆی وەك خولی چوارەم ئەنجام داو كۆتایی بەم خولە هێنا، لە گوتارێكیشدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان باسی ئەو یاسا و چالاكیانەی كرد كە لەم خولەدا پەرلەمانی كوردستان رۆڵی تێدا هەبووە.
خولی چوارەمی پەرلەمان لە ساڵی 2013 دەستبەكار بوو، بەهۆی تێكچوونی رێككەوتنی نێوان لایەنەكان، پەرلەمان نزیكەی 2 ساڵ پەكخرا و هیچ كۆبوونەوەیەكی نەكرد.
لە دوایین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەر لە دەست پێكردنی دانیشتنەكە گوتی:" لە پەرلەمان لە شوێنی خزمەتكردن زیاتر ململانێیەكی سیاسی كراوە، سەرەڕای كەموكوڕی و ناكۆكی سیاسی، پەرلەمانی كوردستان لە زۆر پرسدا سەركەوتووبوو، بەتایبەت بڕیاری ناردنی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ كە پەرلەمانی كوردستان پەسندی كرد، گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان كە بڕیارێكی زۆر گرنگ بوو، لەگەڵ چەندین بڕیاری دیكە.
جەعفەر ئێمینكی، ماوەی كاری خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە هەر سێ بواری یاسادانان و چاودێریكردنی كارەكانی حكوومەت و پەسندكردنی بودجەدا هەڵسەنگاند و ئەدای پەرلەمانی بەسەر سێ قۆناغی جیاوازدا دابەش كرد كە ئەوانیش قۆناغی هەماهەنگی و پێكەوە كاركردن و قۆناغی لێكدابڕان و قۆناغی یەكگرتنەوە بوون، خۆزگە چوار ساڵ دەرفەتمان هەبووایە بە تەبایی و یەكڕیزی كاری پەرلەمانیشمان بكردایە نەك كاری سیاسی و حزبی و ململانێ‌، بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتە وەك پێویست نەبوو.
هەر لەوتەكەیدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان، ئاماژەی بەو یاسا و بڕیارە گرنگانەدا كە پەرلەمانی كوردستان لە دوو ساڵی یەكەمی خولی چوارەمدا لەبوارە جیاجیاكاندا دایڕشتوون كە گرنگترینیان یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان و یاسای پێدانی بودجەی حزبەكان و یاسای زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی كوردستان و یاسای راكێشانی مایە  لەرێگای قەرزكردن و یاسای سەندوقی داهاتە نەوتیی و گازییەكان و یاسای پڕۆژەی دەستووری  هەرێمی كوردستان و یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان، هەروەها هەمواركردن و بەركاركردنی چەندین یاسای تری هەرێم و حكومەتی فیدراڵی لە پەرلەماندا.
لە خولی چوارەم پەرلەمان ١٣١ دانیشتنی ئەنجام داوە
هەر لە وتەكەیدا جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بە ژمارەی دانیشتنەكانی پەرلەمان و داڕشتنی یاسا و بڕیارانەدا كە لەماوەی ئەو پێنج ساڵەی تەمەنی خولی چوارەمدا ئەنجامدراون و دەركراون و رایگەیاند: "لەبواری داڕشتنی یاساو بڕیاردا پەرلەمان لەخولی چوارەمدا  ١٣١ دانیشتنی ئەنجام داوە كەتیایدا ٣٠٩ پڕۆژە یاسا و بڕیار پێشكەشكراون و ٢٠٦ یان خوێندنەوەی یەكەمیان بۆكراوە و ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كراون، ١٠٣ پرۆژەش ماوەو خوێندنەوەیان بۆ نەكراوە، هەر لەو ماوەیەدا پەرلەمان ٣٣ یاسای داڕشتوە، كە ٣١یان  وەك یاسا دەرچووێندراون، هەروەها دوو پرۆژە یاساش رەتكراونەتەوە، كە یەكەمیان پرۆژە یاسای هەمواركردنی یاسای خۆپیشاندان بوو كە لەلایەن سەرۆكی هەریم رەتكرایەوە، دووەمیشیان پڕۆژە یاسای چاكسازی بوو لە ٢٠١٨ كە لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمان رەتكرایەوە".
لە خولی رابردوو پەرلەمان بڕیارێكی مێژوویی دا
جەعفەر ئیمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ، رایگەیاند, یەكێك لەو بڕیارە مێژووییانەی ئەو خوولەی پەرلەمان دەركرد، ناردنی هێزی پێشمەرگە بوو بۆ كۆبانی بۆ بەرگریكردن لەو شارە و رێگەگرتن لە داگیركاری چەكدارانی داعش، ناردنی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بڕیارێكی مێژوویی بوو، خەڵكی هەرچوار پارچەی كوردستانیش بەو بڕیارە خۆشحاڵ بوون، ئەمەش نیشانەی بەهێزیی هەرێمی كوردستانی پیشاندا، كە دەتوانێت هاوكاری پارچەكانی دیكە بێت، ئەو بڕیارەش ئاسان نەبوو، بڕیاری سەرۆك بارزانی بوو و پەرلەمانی كوردستانیش پەسندی كرد، ئەمەش بووە جێگەی سەرسوڕمانی خەڵكی دنیا كە كوردستان ئەو هێزەی هەبێت، نەك تەنها خۆی بپارێزێت، بەڵكو عێراق و كۆبانێش بپارێزێت، هەروەها باسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانیش دەكات كە تێیدا زیاتر لە 92%ـی بەشداربووانی ریفراندۆمەكە بە (بەڵێ) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا، بۆیە بڕیاری ریفراندۆم، یەكێكی دیكەبوو لەو بڕیارانەی پەرلەمان بڕیاری لەسەردا".
پەرلەمان ٣٥ بڕیاری گرنگ و كاریگەری دەركردووە
لەو ماوەیەدا پەرلەمان ٣٥ بڕیاری گرنگ و كاریگەری دەركردووە، لەوانە (بڕیاری ژمارەی ٢٨ تایبەت بەناردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیكردنی خەڵكی خۆڕاگرو بەورەی رۆژئاوای كوردستان، كەبەهۆیەوە گەورەترین سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش لەشاری كۆبانێ تۆماركرا، هەروەها بریاری ناونانی پارێزگای هەڵەبجە بەپایەتەختی ئاشتی لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوەو بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بەپێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، بڕیاری رەتكردنەوەی  بڕیارەكانی حكومەتی فیدڕِال و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  كە لە ٣٠-٩-٢٠١٨ ، لەدژی هەرێمی كوردستان دەركراو بەگشتی لەو خولەدا ٥٩ بڕیار لە بوارە جیاوازەكاندا درەكراوە".
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان تیشكی خستە سەر  قەیرانە سیاسی و دارایی و ئابوورییەكانی هەرێم و  ناكۆكیی لایەنەكان  و لادان لە بنەمای سازان و تەوافوق  لەسەر یاساو پرسە چارەنووسسازەكان  بەتایبەتی  لەسەر هەمواركردنی یاساو دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و قوڵبوونەوەی كێشەكان لەگەڵ بەغدا و بەردەوامبوونی شەڕی دژ بەتیرۆر، بەداخەوە بوونە مایەی  ئەوەی نزیكەی دوو ساڵ پەرلەمان نەتوانێ كۆببێتەوە و دانیشتن بكات، كە كاریگەریی نەرێنیی كردە سەر ئەدای پەرلەمان بەتایبەتی لە هەمواركردن و داڕشتنی یاسا و بڕیار و چاودێریكردنی حكوومەت، هەر لەو ماوەیەدا هەر ٢٢ لیژنەكەی پەرلەمان لەكاری خۆیان و سەردانی مەیدانی بەردەوامبوون و راپۆرت و بەدواداچوونی خۆیان لەسەر پرسە جۆراوجۆرەكان داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان.
هەروەها تیشكی خستەسەر دۆخی سیاسی و پێشهاتەكانی هەرێم و ناوچەكەو قوڵبوونەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەكان بەگشتی كە بەهۆیەوە جۆریك لەنزیكبوونەوەو هەماهەنگیی زیاتر لەئاستی حزبە كوردستانییەكان هاتە پێشەوە و رایگەیاند: "لە ١٥ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ جارێكی تر پەرلەمانی كوردستان دەستی بەدانیشتنەكانی كردەوەو كۆتایی بەدۆخی چەقبەستوویی سیاسیی هەرێم و پەرلەمان هات و دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان، سەرجەم پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان بەگیانێكی تازەترو لێكتێگەیشتنی زیاترەوە شانیان دایەوە پاڵ كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ دەرچوواندنی یاساو بڕیارەكان، ئەوەبوو  لەماوەی ئەو ساڵ و سێ مانگەدا پەرلەمان ٨ بڕیار و ١٥ یاسای نوێی دەرچوواند، كە گرنگترینیان (یاسای درێژكردنەوەی خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ  دوو  خولی گرێدان، یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەسەر دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم، یاسای  لێبووردنی گشتی لە هەرێمی كوردستان و یاسای  بەخشین و چاندنی ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ  لە هەرێمی كوردستان و یاسای رێگریكردن لە زیادەڕۆیی و لابردنی لەسەر زەوی و زار و موڵكی  دەوڵەت و یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم و یاسای نەهێشتنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ  و هەمواركردنی سێیەمی یاسای پیادەكردنی یاسای بەكرێدانی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان".
دۆخی دارایی و ئابووریی هەرێم رۆژ بۆ رۆژ باشتر دەبێت
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان، باسی لە بودجەی هەرێم و ناردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان  و ئەركی پەرلەمان لە گفتوگۆكردنی بودجەدا كرد و رایگەیاند: "بەداخەوە هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونی خولی چوارەمی پەرلەمان بەهۆی بڕینی١٧% بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداو دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهانی و بەردەوامبوونی شەڕی دژ بەتیرۆریستانی داعش، هەرێمی كوردستان دووچاری قەیرانێكی سەختی دارایی و ئابووری بووەوە، بەو هۆیەوە ئەنجوومەنی وەزیران نەیتوانی وەك لەیاسا و پەیڕەوی ناوخۆدا هاتووە، بەر لەساڵی دارایی پڕۆژەی بودجەی ئاراستەی پەرلەمان بكات، یا لەوادەی خۆیدا ژمێرەی كۆتایی لە مانگی نیسانی هەموو ساڵێك پێشكەش بە پەرلەمان بكات، بۆ ئەوەی نوێنەرانی گەل بەشێوەیەكی شەفاف گفتوگۆ لەسەر خەرجی و داهاتی ساڵانەی هەرێم بكەن و پەسند بكرێت، هیوادارین كە لەخولی پێنجەمی پەرلەماندا پڕۆژەی بودجەی هەرێم لەوادەی یاسایی خۆیدا پێشكەش بكرێت، بەتایبەتی كە ئێستا دۆخی دارایی و ئابووریی هەرێم و نرخی نەوتیش لەبازاڕەكانی جیهان لەئاستێكی باشتردایە، هیواخوازین كە كێشەی بودجەی هەرێمیش لەگەڵ حكومەتی فیدڕال لەسەر بنەمای دیاریكردنی ١٧%  بۆ هەریم  چارەسەر بكرێت تا ئەو رۆژەی سەرژمێرییەكی سەرتاسەری لەعێراق ئەنجام دەدرێ.
پەرلەمانتارانی خوولی چوارەم بە مووچەی مانگانەی شەش ملیۆن دینار خانەنشین دەبن
لە كۆیی 111 پەرلەمانتار 97 لە ئەندامانی ئەم خوولەی پەرلەمان خانەنشین دەبن و مووچەی خانەنشینییەكەیشیان زیاتر لە شەش ملیۆن دینار دەبێ‌. چونكە 14 پەرلەمانتاری ئەم خوولە، لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول دەرچوونە و دەبنەوە ئەندامی خوولی پێنجەمی پەرلەمان.
پەرلەمانتارانی كوردستان لەكاتی خانەنشین بوونیان تەنیا مووچەی مانگانەی خانەنشینی وەرناگرن، بەڵكو موچەی شەش مانگی خانەنشینی بەسەریەكەوە وەردەگرێت، چونكە ئەوە لە یاسایی راژەی كوردستاندا هاتووە.
هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان پێش خانەنشینبوون بڕی هەشت ملیۆن ‌و 200 هەزار دینارە و دوای تەواوبوونی خوولەكەیان، هەر پەرلەمانتارێكی خوولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەبڕی (80%)ی مووچەكانیان خانەنشین دەبێت، كە مانگانە دەكاتە شەش ملیۆن ‌و 500 هەزار دینار بۆ هەر پەرلەمانتارێك.
بەپێی لێكدانەوەكان بێ‌ بۆ مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران ئەوە دەردەكەوێ‌ كە كۆی گشتی مووچەی شەش مانگی خانەنشینی كە بەسەریەكەوە بە 97 پەرلەمانتاری خوولی چوارەم دەدرێت دەگاتە (4,821,600,000) چوار ملیار و هەشت سەد و بیست و یەك ملیۆن و شەش سەد هەزار دینار، وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی خانەنشینی بۆ پەرلەمانتاران لە كاتێكدایە، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە مووچەی سێ مانگی ئەمساڵی فەرمانبەران ببێتە پاشەكەوت".
ژمارەی كورسیی لایەنەكان لە خولی چوارەمی پەرلەمان:
پارتی دیموكراتی كوردستان، 38 كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان، 24 كورسی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، 18كورسی، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، 10 كورسی، كۆمەڵی ئیسلامی، 6 كورسی، ئاراستەی سێیەم، 1 كورسی، بزووتنەوەی ئیسلامی، 1 كورسی، ئازادی، 1 كورسی، سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، 1 كورسی.
پێكهاتەكان ژمارەی كورسییەكانیان جێگیرە:
توركمان، 5 كورسی، مەسیحی و كلدان ئاشووری، 5 كورسی، ئەرمەن، 1 كورسی.
ژمارەی كورسیی لایەنەكان لە خولی پێنجەمی پەرلەمان:
پارتی دیموكراتی كوردستان، 45 كورسی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، 21 كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان، 12 كورسی، نەوەی نوێ، 8 كورسی، كۆمەڵی ئیسلامی، 7 كورسی، بەرەو ئیسڵاح (یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی)، 5 كورسی، ئازادی، 1 كورسی، سەردەم، 1 كورسی.
پێكهاتەكان (ژمارەی كورسییەكانیان جێگیرە):
توركمان، 5 كورسی، مەسیحی و كلدان ئاشووری، 5 كورسی، ئەرمەن، 1 كورسی".