Share on facebook
ڤاڵا فەرید: زۆر پرۆژە یاسای گرنگ ماون دەكرێت لە خولی پێنجەم پەسەند بكرێن
یەک شەممە, 04 تشرینی دووەم 2018 17:36


ئا: ڕائیب شێروانی
دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی پەسەند كرد و بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دوای پەسەندكردنی بە 10 رۆژ، پێویستە سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری فەرمانی ئەنجامدانی یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەربكات.
وەك نەریتێكی یاسایی بە تەمەنترین ئەندامی پەرلەمان سەرپەرشتی یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان دەكات كە بڕیارە 6ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، رێڤینگ هروری بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمانە و سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات.
ڤاڵا فەرید، ئەندامی پێشوو و ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" بەپێی یاسا ئەو رۆژەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری پەسەند دەكرێت، پێویستە لە ماوەی 10 رۆژدا پەرلەمان كۆببێتەوە، بەیانی 6-11 خولی چوارەمی پەرلەمان كۆتایی دێت، باشترە هەر لەو رۆژەدا پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بانگهێشت بكرێن، بۆ ئەوەی بۆشایی یاسای دروست نەبێت، بە تەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكە دەكات، پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن، ئەگەر بكرێت هەر لە هەمان دانیشتندا سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، ئەگەر ئەوە نەكرا دانیشتنی پەرلەمان بە كراوەی دەمێنێتەوە تا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاری دەكرێت.
ڤاڵا فەرید، ئەوەشی گوت:" زۆر پرۆژە یاسا ماون لە خولی رابردوو پەسەند نەكراون، بەڵام هەموو ئەو پرۆژە یاسانەی پەسەند كراون و بوونەتە یاسا پرۆژەی گرنگ بوون، لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بوون، زۆر پرۆژەی یاسای گرنگیش ماون، دەكرێت لە خولی پێنجەم لەلایەن پەرلەمانتاران پێشكەش بكرێن بۆ ئەوەی ئەوانیش ببن بە یاسا و بتوانین زیاتر خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستان بكەین، لە پێش هەموو شیانەوە پرۆژە یاسای چاكسازی، لە خولی پێنجەم وەكو فراكسیۆنی پارتی هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەینەگەڕ، بۆ ئەوەی ئەو پرۆژە یاسایە پەسەند بكرێت، چونكە ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین ئەو خولە دەورێكی باڵا ببینێت لە بواری چاكسازی لە هەموو هەرێمی كوردستان.
هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان پێش خانەنشینبوون بڕی هەشت ملیۆن ‌و 200 هەزار دیناری وەردەگرت، دوای تەواوبوونی خوولەكەیان، هەر پەرلەمانتارێكی خوولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بەبڕی (80%)ی مووچەكانیان خانەنشین دەبێت، كە مانگانە دەكاتە شەش ملیۆن ‌و 500 هەزار دینار بۆ هەر پەرلەمانتارێك.
ئەو ئەندامەی خولی پێنجەم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" خانەنشینی پەرلەمانتاران لە یاسای چاكسازی هاتبوو، وەكو عێراق لێ بكرێت، حكوومەت لە كاتی خۆی كە پرۆژەكەی ڕەوانەی پەرلەمان كردبوو داوای كردبوو كە هەمان سیستەم بێت، ئێمەش كارمان لەسەر ئەوە كردبوو كە وەكو بەغدای لێ بكەین، بەڵام بەداخەوە پەسەند نەكرا".