Share on facebook
پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی
دووشەممە, 05 تشرینی دووەم 2018 06:56


ئیسماعیل گوێزلینگەیی

ئاشكرایە كە لە سیستەمی پەروەردەی كوردستان مامۆستا لە بەردی بناغە و سەنتەری كاری فێركردن و پەروەردەییە، قوتابیش وەكوو رووناكیەكە كە مامۆستا و هەموو دەزگا پەروەردەییەكانی وەكوو قوتابخانە و پەیمانگا و زانكۆ بە دەوری دەسوڕێنەوە و بەرپرسیاریەتی فێركردن و پەروەردەكردنی دەخەنە ئەستۆی خۆیان . بێگومان كاتێك لە شێوازەكانی پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی دەكۆڵینەوە ئەوەمان بە (مێشك)دا دێت كە ئاخۆ مامۆستای سەركەوتوو كێیە؟

بۆیە دەبێت باس لە سیفەتەكانی مامۆستای سەركەووتوو بكەین تاكوو بتوانین لەو شێوازە سەركەوتووەش بگەین كە قوتابی لێیەوە دەگات بە بەرزترین خاڵی تێگەیشتن لە وانەوتنەوەی مامۆستا. مامۆستای سەركەوتوو ئەو مامۆستایەییە كە بە ڕوویەكی خۆش و بە دڵێكی لێوان لێو لە خۆشەویستی پێشوازی لە قوتابیان دەكات، هەمیشە بڕوا بەخۆبوون وگەشبینی دەخاتە مێشكی قوتابی لە پڕۆسەی فێركردن و پەروەردەیی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی ، لە بواری فێركردن و پەروەردەیشەوە سەركەوتووترین و ئاسانترین و تازەترین رێگای زانستی بەكاردەهێنێت بۆ وانەگووتنەوە و هەمیشە هانی قوتابی دەدات فێربوونی زۆرتر و بەسوود كە سوودی بۆ خۆی و كۆمەڵگاكەشی هەبێت. بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان زۆربەی جار مامۆستا تەنها ڕۆلی لە فێركردن دەبینێت، لە كاتێكدا پێویستە بە ئەركی راستەقینەی خۆی هەڵسێت كە بنیادنانی كەسایەتی قوتابیە لە سەر بنەماكانی زانست و زانین و نیشتیمانی بوون . مامۆستا دەبێت واز لە پێوەرەكانی كۆن بێنێت بۆ فێركردن كە بریتی بوون لە لێدان و ترساندن و ئیهانەكردنی قوتابی و سەپاندنی یاسای سەربازی بەسەر قوتابیاندا ، بە خۆشحاڵییەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆرێك لەو رەفتارە نابەجییانەی لە چوارچێوەی قەدەغەكردنی لێدان كۆكردۆتەوە كە بە هەموو شێوەیەك قەدەغەكراون ، بەڵام لەگەڵئەوەشدا تاكوو ئێستاش سزای دەروونی بوونی هەیە لە رێگەی كۆمەڵەرستەیەكی كۆنی شكاندنەوەی قوتابی وەكوو "دانیشە تەمبەڵ" یان "گەمژە تۆ قسەمەكە" چەندانی تر كە قوتابی لە ڕووی دەروونییەوە دادەرووخێنێت و گاریگەری نەرێنی لەسەر جێدەهێڵێت. مامۆستای سەركەووتو لە جیاتی قسەی ڕووخێنەر قسەی هاندان بە قوتابی دەڵێت و هیوا و گەشبینی و باوەڕبەخۆبوون لەلای قوتابی درووستدەكات . مامۆستا نابێت هیچ كات ئەوە لەبیر بكات كە پیشەكەی پیرۆزترین و هەستیارترین پیشەیە چونكە نەوە لە دوای نەوە پەروەردە دەكات و دەیانخاتە نێو كۆمەڵگەو دەبنە داینەمۆی بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی تەندرووست و پێشكەوتوو. پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی بنەمای سەركەوتنی پڕۆسەی فێركردنە چونكە كاریگەری راستەوخۆی هەیە بەسەر پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن ، دەبێت پەیوەندیەكی كۆمەڵایەتی و سۆزداری و خۆشەویستی هەبێت لە نێوان مامۆستا و قوتابی لە چوارچێوەی دامەزراوە پەروەردەییەكان . مامۆستا لە قۆناغی سەرەتاییدا دەبێت وەكوو دایك و باوك مامەڵە لەگەڵ قوتابی بكات و دووربكەوێتەوە لە توندوتیژی و برینداركردنی هەستی قوتابی . لە قۆناغی زانكۆدا لە بابەت پەیوەندیدا قوتابی و مامۆستا هاوڕێبن باشترە لەوەی مامۆستا و قوتابی بن ، چونكە تەمەنی قوتابی دەگاتە حاڵەتی كامڵبوون بۆیە حەز لە مامەڵەی شیاو و هاوشانی دەكات نەوەك مامەڵەیەكی بچوك و گەورایەتی ، نابێت لەو قۆناغەدا مامۆستا هیچ جۆرە تووندووتیژیەك بەكاربهێنێت چونكە لە ڕووی دەروونی قوتابی هەست بە كەموكورتی دەكات و بەرەو یاخیبوون دەچێت لە دەرس و مامۆستا. زۆر گرینگە مامۆستا هەموو رێگایەكی زانستی و سەردەمی بۆ فێركردن بەكاربهێنێت تاكوو قوتابی لە وانەكەی تێبگات لە پاڵ ئەوەش گرینگە مامۆستا خۆی بەدوور بگرێت لە جیاوزی كردن لەنێوان قوتابیاندا ، تەنانەت قوتابی زیرەك و قوتابی نازیرەك(تەمبەڵ) چونكە دەبێت مامۆستا دانبەوەدابنێت بەشێك لە هۆكاری تەمبەڵی قوتابی خوودی مامۆستایە بۆیە ئەركی مامۆستای سەركەوتووە زیاتر لە رێگایەك بەكاربهێنێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی قوتابیان. بۆیە دوای ئەوەی لە پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی گەیشتین دەتوانین بڵێین باشترین شێوازی فێركردن و وانەگووتنەوە ئەمانەن.

یەكەم: قوتابی بكرێتە سەنتەری فێربوو لە جیاتی مامۆستا، واتا قوتابی بەخۆی بەدوای زانیاریدا بگەڕێت.

دووەم: بەشداریپێكردنی قوتابیان لە وانەی رۆژانە، ئەم بەشداریپێكردنە بۆ هاندان و تێكهەڵكردنی تەركیزی قوتابی بێت لە گەڵ وانەكەی .

سێیەم: پێویستە مامۆستا زمانی پاڕاوبێت و قسەخۆش و زمانی شیرین بێت و هاوڕێ بێت لەگەڵ قوتابی.

چوارەم: پێویستە مامۆستا زمانی جەستە بەكاربهێنێت لە كاتی وانەگووتنەوەدا .

پێنجەم: ترسی تاقیكردنەوە ، مامۆستای سەركەوتوو دەبێت كەشێك برەخسێنێت كە قوتابی تایكردنەوەی خۆش بوێت نەوەك لێی بترسێت.

شەشەم: پێویستە مامۆستا لە پاڵ فێركردن گرینگیش بە پەروەردە بدات چونكە پەروەردە یارمەتی درووستكردنی كەسێتی قوتابی دەدات.

حەوتەم: پێویستە مامۆستا رێز لە بیرۆكەی قوتابی بگرێت هەرچەندە مەحاڵ و ناتەواویش بێت تاكوو هانی بدات بەردەوام بیرۆكەكانی بخاتەڕوو.

ئەمانە گرینگترین شێوازی تەندرووستن بۆ ئەوەی قوتابی لە وانەكەی تێبگات و مامۆستاش سوود وەرگرێت لەو شێوازانەی باسكران تاكوو بە ئاسانترین و باشترین شێوە قوتابی لە وانەكە تێبگات و بە ئاسانی و بەكەمترین كات فێرببێت و پەیوەندییەكی درووستیش لە نێوان مامۆستا و قوتابی هەبێت .