بێریڤان دۆسكی ئەو كچە راگەیندكارەی زۆر بەرگەی سەرماناگرێت
دووشەممە, 05 تشرینی دووەم 2018 07:03

 

 

بێریڤان احمد ناسراوە بە بێریڤان دۆسكی لە ساڵی ( 1992 ) لە بێخمە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە دایك بووە, دواتر ڕوویان لە قەزای سۆران كردوەو لەوێ نیشتەجێ بووینە, زۆربەی تەمەن و ژیانی منداڵی لەوێ‌ بەسەربردوە, هەرلەویش قۆناغەكانی خوێندنی بنەڕەتی و ناوەندی و ئامادەیشی تەواوكردوە, دوای دەرچوونی لە قۆناغی شەشی ئامادەیی ناوی لە كۆلێژی بەیان بەشی ئیدارە لە هەولێر گەڕاوەتەوە, لەدیمانەێكی تایبەتی هەفتەنامەی زاری كرمانجیدا  بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە .

دیمانە: عەبدوڵڵا ماویلی- زاری كرمانجی -  هەولێر

سەرەتایی كاركردنت لە بواری ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆ چ ساڵیك؟

دەستپێكی كاركردنم لە بواری ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە بۆساڵی ( 2015) یەكەم كاركردنیشم لە ڕادیۆی زاگرۆس بوو، دوای یەك هەفتە لە تێستكردن توانیم وەكو بێژەری هەواڵەكانی كرمانجی وەربگیرێم, لێرەوە دەمەوێت زۆر سوپاسی ستاف ڕادیۆ بكەم ،بەتایبەتی كاك سوبعی مناف وەك بەرێوەبەری كارگێری و دارایی ڕادیۆی زاگرۆس كە زۆر هاوكار و پشتیوانم بوو هەمیشە خۆم بە قەرزداری ئەو دەزانم كە زۆر دەستی گرتم لەو كارەدا بەردەوام بم.

تاوەكو ئێستا لە چەند دەزگای ڕاگەیاندن كارت كردووە؟

جگە لە ڕادیۆی زاگرۆس لە چەند كەناڵێكی ناوەخۆیش كارم كردووە, وەكو ڕاپۆرت و پڕۆگرامی تەرفیهی, لەوانەش كەناڵی (لاوتیڤی ، ئیفێكت تیڤی ، ئاڵا تیڤی ، هەیڤ تیڤی ، تیكۆ تیڤی ) بەڵام بە نیاز نیم چیتر لە كەناڵی ناوەخۆ كاربكەم, لە پلانی داهاتووم دایە سەنگەری خۆم بگوازمەوە و پانتایی كاركردنی خۆم فراوان بكەم بۆ كەناڵە ئاسمانیەكان, دەبێت ڕاگەیاندكار نەوەستێت هەمیشە هەوڵی زیاتر بدات بۆ بەرەو پێشچوونی خۆی چاوەڕێ كەس نەكات, پێویستە هەموو مرۆڤێك بۆ هەر كارێك ئومێد و ئیرادەێكی بەهێزەوە هەنگاو بنێ بۆ كاری باشتر و گەورەتر.

بێریڤان دۆسكی چۆن بوو سۆرانی جێهێشت هەولێری هەڵبژارد بۆكاری ڕاگەیاندن؟

من زۆر حەزمەكرد هەر لە سۆران خزمەت بە بواری ڕاگەیاندن و بەدانیشووانی ئەم شارەبكەم, كە بەشاری خۆم دەزانم بەڵام بەهۆی كەمی دەزگای ڕاگەیاندن و نەبوونی پشتگیرێكی تەواو لەو كەسانەی كە دەیانەوێت لەو بوارەدا كاربكەن,  زۆریش هەوڵمدا لە سۆران بمێنمەوە بەردەوامی بەو بوارە بدەم, بەڵام هەموو جارێك لە تێست بە منیان دەگوت تۆ باشنی هێشتا ماوتەوە بۆیە لەوێ نەمتوانی درێژە بەو كارە بدەم, كە هاتمە هەولێر بە هەمان تێست ڕاستەوخۆ وەرگیرام گوتیان تۆ زۆر باشی پێم سەیر بوو,  بۆلە سۆران وەرنەگیرام بۆ لە هەولێر وەرگیرام, هیوادارم زیاتر گرنگی بەو كەسانە بدرێت كە حەزوو ئارەزووی زۆریان هەیە بۆ ئەم بوارە.

لە كوردستان بواری ڕاگەیاندن بۆ كچان زەحمەتە؟

بێگومان كاری ڕاگەیاندن بۆ كچان و ژنان لە كۆمەڵگەی كوردی زۆر ئەستەمە, هێشتا ماویەتی هەموو كچێك بتوانی بە حەزوو و ئارەزووی خۆی لەو بوارداكاربكات, چونكە ئەو كچانەی دەیانەوێت لە بوارەدا كاربكەن دەبێت زۆر بوێر و چاونەترس بن, زۆر گوێ بە قسەی دەورووبەرنەدەن واز لەو كارەبێن, محاڵە ئەو كچانەی دەچنە دەرەوە بۆ كاری ڕاگەیاندن ڕوووبەروی توانج و قسەی ناخۆش نەبنەوە, لە كۆمەڵگەی كوردی بە چاوێكی زۆر سەیر لە ڕاگەیاندكاری كچ دەڕوانن , زۆر جاریش بەهۆی هاتنە دەرەوەیان كچان بۆ كاری ڕاگەیاندن, بەناوی پڕۆسەی هاوسەرگیریەوە تەقدیم دەكرێن, خۆشم ئەوەمم بەسەرهاتووە.

بابزانین چۆن بوو ئەو بوارت هەڵبژارد ئەگەر نەهاتبایە ناو ئەم بوارە چ كارێكی ترت دەكرد؟

من هەر لە منداڵیەوە خەون و ئاواتم ئەوە بوو ،ڕۆژیك لە ڕۆژان بێمە ناو دونیایی ڕاگەیاندن ، ببم بە بێژەر لە تیڤی یان ڕادیۆ , سەرەتا كە بڕیارمدا لەم بوارەدا كاربكەم بۆمن زۆر زەحمەت بوو, چونكە لە ماڵەوە زۆر ڕێگریان لێكردم, بە تایبەتی دایكم زۆری پێدەگوتم ئەم كارە بۆتۆنابێت، چونكە ئێمە لە بنەماڵەیەكی بەناوبانگ و دیارین بۆ ئێمە گونجاو نیە كچ لە شاشە بەدەركەوێت, بەڵام من كۆڵم نەدا خاڵی خۆشەویستم بەڕەحمەت بێت شەوكەت دۆسكی زۆر هاوكار و پشتیوانم بوو لەو بوارەدا ،دواتر دایكیشم ڕازی بوو تائێستاش بەردەوامم زۆر دڵخۆشم بەو كارە, ئەگەر نەچووبامە بواری ڕاگەیاندن من زۆر حەزم لێ بوو كاری فاشیۆن بكەم.

بەڕایی تۆ هونەری بێژەری سەركەوتوو لە چیدایە چۆن بوو بێژەریت هەڵبژارد؟

من پێم وایە هونەری بێژەری سەركەوتوو لەوە دایە، دەبێت گوێگر و بینەرێكی باشی هەواڵەكان بێت, من نامەوێَت بەس بێریڤان بم وەناشمەوێت زۆر لاسایی بێژەرەكانی تربكەمەوە, بەڵام پێویستە ئەو كەسەی بێژەری دەكات, دەبێت خۆشی بە دوای سەرچاوەكانی هەوڵدا بگەڕێت و پەیوەەندێكی باش هەبێت لەگەڵ هاوپیشە و دام و دەزگاكان و كەسانی تر، بۆ ئەوەی زیاتر هەوڵبدات وەكو بێژەرێكی بەئاگاو سەركەوتوو خۆی ببێنێتەوە.

من وەكو خۆم زۆر حەز بە هەواڵە سیاسیەكان دەكەم، حەز و سەركەوتنی خۆم زیاتر لەو بوارەدا دەبینمەوە, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جار لە كاتی خوێندنەوەی هەواڵەكان لە ناوی بەرپرسان هەڵەدەكەم و یاخود ناوم لەبیر دەچن,  ناخۆشترین هەواڵ بەلای منەوە ئەوە بوو خوێندنەوەی هەواڵی شەهیدبوونی برا پێشمەرگەكان بوو، بە دەستی تیرۆرستانی داعش بەڕاستی بەلامەوە زۆر زەحمەت بوو.زۆرجار توشی شۆك دەبووم.

بابزانین بێریڤان خان زیاتر حەز بە چ بوارێك دەكات ؟

من هەر لە تەمەنی منداڵیەوە زۆرم حەز لە بواری هونەری بوو، بەتایبەتیش هونەری وێنەكێشان ،دەستَێكی زۆر باشم هەبوو لەو بوارەدا, بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونم بەكاری خوێندن نەمدەتوانی گرنگی زۆر بەو بوارە بدەم, جگە لەو بوارە حەز بە بواری وەرزشیش دەكەم زۆر سەیری یاریەكان دەكەم, بەتایبەتی یاریەكانی مۆندیال.

دوای گەڕانەوەت لە دەوامی ڕادیۆ كاتی خۆت زیاتربەچی بەسەردەبەی؟

كاتی خۆم زیاتر بە كاری ماڵەوە بەسەر دەبم، زۆر هاوكاری دایكم دەكەم لە كاروباری ماڵەوەدا, كاتەكانی تریشم دابەش كردووە هەندێك جاریش گوێگر و بینەری هەواڵە سیاسیەكان دەبم كە خۆم لەو بوارەكاردەكەم , زۆریش حەز بە خوێندنەوەی كتێب دەكەم بەڵام دەرفەتی خوێندنەوەم زۆر كەمە , تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی زۆر كەم بەكاردینم پێشووتر زۆر ئینستیگرام و سناپم بەكاردینا, بەڵام ئێستا زۆرتر پۆبگی بەكاردێنم ئەو یاریەش كاتی زۆری لێگرتووم, وەكو هاوڕیش ئەتوانم بڵێم جگە لە ستافی ڕادیۆ و ژمارەیەك لەو هاوڕێیانەی لە كۆلێژ لەگەڵم بوون, هاوڕێی دەرەوەم زۆر كەمن نزیكترین هاوڕێ و هاوپشەم كە ڕۆژان پەیوەندیم لەگەڵ هەبێت, سیبەر خانی كچی مامە ئەویش ئێستا بێژەری كە ناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی یە.

دایك لایی تۆ چی دەگەێنێت ؟

دایك لایی من خۆشەویستیە ،ئاشقە، سەبووریە، دڵدانەوەیە ،ڕێزە, ئەگەر دایك نەبێت ژیان مانای نیە, وشەی دایك وشەیەكی زۆر گەورەو پیرۆزە لای من باسیناكرێت ناكرێت, دەمەوێت لێرەوە زۆر زۆر سوپاسی دایكی خۆشەویستم بكەم چاوی ماچ دەكەم , چونكە دایكم لە بەرمن شاری سۆرانی جێهێشت و هاتە هەولێر هەرچەندە سۆرانیشی پێ خۆشتربوو لە هەولێر.

وەكو ڕاگەیاندكارێك لەگەڵ خواردن ئامادەكردن چۆنی زیاتر حەز بەچ خواردنێك دەكەی؟

لەبەر ئەوەی من كچی گەورەی ماڵەوەم، هەوڵمداوە بەهاوكای لەگەڵ دایكم هەموو خواردنەكان ئامادەبكم, زۆرترین كاتم بۆ خواردن ئامادەكردن تەرخان كردووە, دەتوانم هەموو خواردنێك ئادەبكەم, هیچ خواردنێك بەلای منەوە زەحمەت نیە, حەز بە هەموو خواردنێكیش دەكەم جگە لە دۆڵمە نەبێ كە زۆر خۆشیش ئامادەی دەكەم بەس خۆم حەزی پێ ناكەم بیخۆم, هەروها خۆشترین خواردن بەلای منەوە بریانیە كە زۆرحەزی پێدەكەم, بۆخۆم ڕیكلام ناكەم بەس ئەوانەی بەدەستی من خواردنیان خواردووە, پێم دەڵێن خواردنەكانت زۆر خۆش و بەتامن.

خۆشترین وەرزی ساڵ بەلاتەوە كام وەرزە هیچ یادگارێكت هەیە لەگەڵ وەرزەكانی ساڵ؟

خۆشترین وەرزی ساڵ بەلای منەوە وەرزی بەهارە, بەهار بۆمن هەمووی یادگاریە, هەر لەم وەرزەدا نەورۆز گەشت و سەیران دەست پێدەكات , بۆیە بینینی دیمەنەكانی سروشتی كوردستان و جوانی ڕەنگەكان,  زۆر دڵ خۆش دەبم, وە ناخۆشترین وەرزی ساڵیش بە لامەوە وەرزی زستانە كە زۆر بەرگەی سەرماناگرم.

ناخۆشترین ڕۆژی تەمەنت چ ڕۆژێكە وە بە پێچەوانەوەخوشترین ڕۆژی تەمەنیشت چ ڕۆژێك بوو؟

ناخۆشترین ڕۆژی تەمەنم ئەو ڕۆژەبوو كە هەواڵی شەهیدبوونی خاڵم خۆشەویستم شەوكەت دۆسكیم پێگەیشت, ئەو ڕۆژە بۆمن زۆر ناخۆش بوو جگە لەوەی كە ئەو خاڵم بوو بەس بۆمن وەكو هاوڕێك نزیك وابوو زۆر پاڵپشت و پشتیوانم بوو لە بواری خوێندن و ڕاگەیاندن , بۆیە ئەو ڕۆژەم قەد بیرناچێتەوە, خۆشترین ڕۆژی ژیانم ئەوە بوو كەناوم لە كۆلێژ هاتەوە, لەگەڵ ئەوەشدا بەختم باش بوو ناوم لە لە ئەو بەشانە گەڕایەوە كە پڕ كردبوونەوە, سوپاس بۆ خوا ئەو خەون و ئاواتەم هاتەدی.

ئایا بێریڤان خان تاوەكو ئێستا پرۆسەی هاوسەرگیری پێكهێناوە یاخود لە پلانی داهەیە؟

نەخێر تاوەكو ئێستا پرۆسەی هاوسەرگیریم ئەنجام نەداوە, بەهۆی سەرقاڵبونم بە خوێندنی كۆلێژ نەمتوانیوە ئەو پڕۆسیە پێكبێنم, بەڵام ئەمە قۆناغێكی گرنگی ژیانی هەموو مرۆڤێكە و سونەتێكی ژیانە, پەنابەخوا نیازم وایە لەمەودوا بیر لە پێكهێنانی ئەو پرۆسەیە بكەمەوەو كەسێك بۆ ژیانی خۆم دەست نیشان بكەم كە لەگەڵم بگونجێ,بڕوام بە خۆشەویستی ئێستانیە چونكە زۆربەی پەیوەندی خۆشەویستی درۆی تێدەكەوێت, ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی پێشێل كردنی بنەماكانی خۆشەویستی ڕاستەقینە, بۆیە لە ئێستادا خۆشەویستی ترس و گومانێكی زۆری لای ڕەگەزی بەرامبەر دروست كردووە, خۆشەویستیم نەكردووە چونكە بەڕای من خۆشەیستی بۆ ڕەگەزی بەرامبەر دەبێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری بێت, نەك پێ ڕابواردن و كات كووشتن بێت.

خۆشەویستی و ئاشق بوون لای تۆچی دەگەێنین؟

لای من وشەی خۆشەویستی زۆر گەورەو پیرۆزە, دەبێت هەروا بە گەورەی و پیرۆزی بمێنێتەوە, كەواتە خۆشەویستی ڕاستە قینە لای منەوە بەمانای لە دایك بوونی ژیان دێت, ئاشق لایی من (دینایتیە) شێتیە ئاشق نابینایە لە ئاشق بووندا هەستی بینین و هەستی تامكردن دەگۆڕێت و كەمدەبنەوە, كەسی ئاشق ناتوانێ باشی و خراپی كەسەكان لێك جیابكاتەوە.

جلی كوردی لای تۆ چۆن پێناسە دەكرێت خۆت تاچەند لەبەری دەكەیت؟

جلی كوردی لای من ڕەمزی ناسینەوەی كوردە, دەبێت تاكی كورد پابەند بێت بە كەلتوور و داب ونەریتی كوردی, لای من ئەو جلە زۆر پیرۆزە, جگە لە دەوامی ڕادیۆ بۆ ماڵەوە و چوونەدەرەوەم  بە بەردەوامی هەر جلی كوردی لەبەر دەكەم, زۆر حەزی پێدەكەم, بەڕای من ئافرەتان بە جلی كوردیەوە جوانن, پێویستە لە هەمووكاتێك گرنگی بە پۆشینی جل وبەرگی كوردی بدرێت.

لە كوردستان خۆشترین شارلای تۆ چ شارێكە؟

خۆشترین شارلای من شاری سۆرانە, ئەو شارەی كە زۆربەی تەمەنی منداڵیم لەوێ‌ بەسەر برد, ناتوانم سۆران لە بیربكەم، من و سۆران ئاوێتەی یەكتربووینە, چەندین یادگاری خۆش و ناخۆشم لەگەڵ هاوڕێیەكانم تۆماركردووە, لە هەولێرەوە زۆر جار كە بیر لە سۆران دەكەمەوە یان باسی ناوی سۆران دەكرێت, گریانم دێت زۆر غەریبی سۆران دەكەم, ئێستاش زۆربەی ڕۆژانی پینَج شەم و هەینی دەگەڕێمەوە سۆران بۆ لای خزم و كەس و كارم .

لە كۆتایدا هیواو ئاوات و پلانی داهاتووت چیە بۆ ژیانی تایبەتی خۆت؟

هیواو ئاواتم ئەوە بوو كە خوێندنی كۆلێژ بە سەركەوتوویی تەواو بكەم ، سوپاس بۆ خوا ئەو ئاواتەم هاتەدی, مرۆڤ تا دەمرێت خەون و هیواو ئاواتەكانی قەد تەواو نابێت,  ئاواتی ترم ئەوەیە لە گەڵ كوڕێك پڕۆسەی هاوسەرگیری پێكبهێنم , كە لە مانا و مەبەستی ئەو پڕۆسەیە و بیرو بۆچوونی من تێبگات, هەروەها لە پلان و بەرنامەم دایە ئەگەر خوابكاتە قسمەت لە یەكێك لە كەناڵە ئاسمانیەكان كاربكەم وەك بە بێژەری هەواڵە سیاسیەكان, لە كۆتایدا زۆر سوپاسی هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەكەم, دەستان خۆش بێت بۆ ئەم بەسەركردنەوەیەم.