Share on facebook
هاووڵایاتیان داوای یەك ریزی لایەنەكان دەكەن
دووشەممە, 05 تشرینی دووەم 2018 07:29

 

دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان رۆژی چوارشەمەی ڕابردوو كۆتا دانیشتنی ئەنجام داو ئامادەكاری بۆ خولی شەشەم كرا، هاووڵاتییانی كوردستان بەخۆشحاڵیەوە چاوەڕوانی خولێكی تری پەرلەمان دەكەن، ئەم جگە لەوەی تاكو ئێستا هەندێك لایەن خۆیان یەك لایی نەكردۆتەوە لە پشكداری كردنیان لەم خولەی پەرلەمان، هاووڵاتیان داوایان لەلایەنە سیاسیەكان ئەوەیە، هەموویان یەك هەڵوێست بن و خۆیان لەزمانی زبرو تەشهیر كردن بەیەك بەدور بگرن، بۆئەوەی ئەمجارەشیان خەڵك نەبێتە قوربانی قەیرانەكان، ئەوان پێان وایە ئەگەر بێت‌و لایەنەكان لەگەڵ یەك هاودەنگ و یەكریز نەبن ئەوا كاریگەری خراپی لەناوەو دەرەوەش ئەبێت و بەڵگەی كورت بینی هێزی سیاسی دەبێت لەهەرێمی كوردستان.

محەمەد باڵەك:سۆران

ناكۆكی پارتە سیاسیەكان لەپەر لەمانی كوردستان جگە لەزیان گەیاندن بە ئێمە هیچی تری نیە، ئەمە دەستپێكی قسەكانی هاووڵاتی ئەردەوان یاسینە ئەو كە كاری شۆفێری دەكات لەناو بازاری سۆران دریژەی بە قسەكانی داو گووتی"لە ئێستادا باشترین شت كە لەبەر ژەوەندی ئێمەی هاووڵاتی‌و لایەنەكان بێت ئەوەیە، لایەنەكان یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بن مەك وەك خولی پێشووتری پەرلەمان پەرلەمانێكی شكست خواردووبێت، دەبێ‌ت لایەنەكانی تریش ئەوانەی كە لەدوای پارتی یەوە دێن ئاستەنگ نەخەنە بەردەم بڕیارەكان‌و هەمووان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی یەك هەڵوێست بن وەك چۆن لە پەرلەمانی عێراق یەك دەنگن".

شێروان سەلیم گەنجێكی تری شاری سۆرانەو لەنێو پاركی بولبول خەریكی خوێندنەوەی كتیبێك بوو ئەو بەم جۆرە بۆمان هاتە دووان" كێبركێی سیاسی لەهەموو جیهاندا بوونی هەیە، بەڵام ئەم شێوازەی لە هەرێمی كوردستان هەیە بە تەندروستی نابینم، چونكە هەمیشە هێزە سیاسەكانی هەرێمی كوردستان دابەشی سەر چەند بەرەیەك بوونە و، نەیان توانیوە وەك پێویست یەك دەنگ بن‌و كار بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی هاووڵاتیان بكەن، كۆبونەوەكانیان بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان خۆیان بووە، بۆیە داوامان لەهێزە سیاسەكانە ئەم خولەی پەرلەمان بكەنە نموونەی هەموو خولەكانی تر، پەرلەمانێكی جوان‌و كێبركێیەكی تەواو تەندروست نیشانی هەموو جیهان بدەن".

وشیار عوسمان گەنجێكی تری دەرچووی پەیمانگای كۆمپیتەرە ئەو بە ئومێدەوە ئەڕوانێتە ئەم خولەی پەرلەمان و دەڵێت" پێم وایە ئەم خولەی پەرلەمان جیاواز دەبێت، لەگەڵ خولەكانی تر، چونكە لایەنەكان دركیان بە هەڵەكانی خۆیان كردووەو بڕواناكەم ئەم كەم‌وكوڕیانەی لەخولی پێشوو هەیە دووبارە بێتەوە، ئەمە بەو مەرجەی لە پەرلەماندا یەك رێز بن تۆمەت‌و تانە بۆ یەكتر نەكەن‌و لە سەر شتێكی كەم ئاستەنگ نەخەنە بەردەم دانیشتنەكان‌و هەمووان بەیەكەوە بۆ یەك مەبەست كار بكەن، چەنكە ئەوان بە دەنگی ئێمە گەشتونەتە ئەوێ‌، ئێمەی دەنگ دەریش داوای یەكریزی لە هێزە سیاسیەكان دەكەین".

محەمەد خالید كاسبكارێكی شاری سۆرانەو ئەو بەم شێوەیە بۆ زاری كرمانجی دەڵێت" ئەگەر بێت‌و پەرلەمانێكی تەواومان هەبێت، دۆخی سیاسی لەهەرێمی كوردستان بەئاڕاستەی دروست بڕوات كێشەو قەیرانەكانیش نامێنن، محەمەد لەدرێژەی قسەكانی دەڵێت" دەبێت رێژەی بەژداری كردنی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنی ئەم خواەی پەرلەمان ببێتە وانەیەك بۆ دەرچوانی ئەم خولەی پەرلەمان، چونكە هاووڵاتیان ئومێدیان لەدەست داوە، دەبێت ئەندام پەرلەمانەكانی ئەم خولەی پەرلەمان هیواو ئومێد بۆ خەڵكی بگێڕنەوە كێبركێ‌ بكەن لە سەر كاری باش بۆ خەڵك نەك دروستكردنی كێشەو ئاژاوە لە ناو پەرلەمان".

ئامانج خورشید قوتابی پۆلی شەشەمی ئامادەییەو دانیشتوی شاری سۆرانە ئەو بۆ زاری كرمانجی گووتی" هەمیشە نەیارانی كورد هەوڵیان داوە یەك ریزی ناوماڵی كورد بشێوێنن، هەر ناكۆكیەك هەبێت لە نێوخۆماندا هەنگاوێك دوژمن دەهێنێتە ناومان‌و ئەم ناكۆكیە كار ئاسانی دەكات بۆ ئەوەی دەستی دەرەكی بێتە ناومان و وەك داشی دامە یاریمان پێ‌ بكرێت، بۆیە لە ئێستادا یەكریزی بۆ نێو ماڵی كورد زۆر گرینگە لە هەموو ئاستەكاندا نەك هەر لەنێو پەرلەمان، هەمووان گیانی یەكتر قبوڵكردنیان هەبێت".

سۆران ئەنوەر گەنجێكی دانیشتووی ووڵاتی دانیماركەو بەسەردان گەڕاوەتەوە كوردستان بەم شێوە بۆمان هاتە دووان" لە سیاسەتی هەموو دونیا كێبركێ‌ هەیە لەنێو سیاسەت دا بەڵام یەك شتیش هەموویان لە دەوری یەك كۆدەكاتەوە ئەویش یەكریزیە، بۆیەش ئەبینین ووڵاتانی دەرەوە چۆن پێشكەوتونە لە سیاسەتدا، یەكریزی گەل بەرەو كەناری ئارامی دەبات‌و هاووڵاتیان كاتێك ئارام‌و دڵخۆشن كە هێزە سیاسیەكانی ووڵات یەك ریزو یەك هەڵوێست، سۆران لەدریژەی لێدوانەكەی دا گووتی" بەشی هەرەزۆری بەرپرسانی كورد ووڵاتانی دەرەوە گەڕاون، بەڵام نەیان توانیوە ئەم یەكریزییەی دەرەوە بهێننەوە كوردستان، هۆكاری ئەمەش دیارە كە دەستێكی دەرەكی هەرگیز نەی هێشتوە ناوو ماڵی كورد تەبا بێت، ئەمەش بەهەڵەی هەندێك نا بەرپرسی پارتە سیاسەكان،و خیانەتكردن‌و خاك فرۆشتن و هتد...."

پرشەنگ كچێكی دەرچووی پەیمانگای كارگێری كارەو تا كو ئێستا دانەمەزراوە ئەو وەها بۆزاری كرمانجی دەڵێت" ئومێدەوارم ئەمجارە لەم خولەی پەر لەمان سیاسەتی دژ بەیەك پەیڕەو نەكەن و یەكریز بن و یەكریزی بپارێزن، چەنكە دژایەتی یەكتر نەهامەتی بۆ ناومان دەهێنێت، پێویستە هەمووان بەیەك گوتار رووبەڕووی هەموو نەیارانی گەلی كورد ببنەوە، دەبێ‌ ئەم خولەی پەرلەمان بكەنە سیمبولی یەك رێزی‌و دیوارێكی پۆڵاین لەرووی دوژمن و نەیارانی كورد، دەبێ‌ هەموو لایەنەكان بەم ئاڕاستەیە دابڕۆن كە پێویستە بۆگەل، نەك خزمەتی نەیاران".

مەهدی عەبوڵا هاووڵاتیێكی تری شاری سۆرانەوە بەم جۆرە بۆزاری كرمانجی گووتی" هەر چەندە تاكو ئێستا حكومەت پێك نەهێنراوە، بەڵام هەست بە جۆرێك لە تارمایی دەكرێت لە نێوان لایەنە سیاسەكاندا، كە جۆرێك سیاسەتی دژ بەیەك پەیڕەو دەكەن و رۆژ لەدوای رۆژ ئەم پەیوەندیانە بەرەو خراپی دەچن لە نێوان دوو پارتی دەستەڵات دار، بەتایبەت لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە چەند رۆژێك پێش ئێستا ساڵێك بەسەر ئەم یادە شومە تێپەڕی، بێگومان ئەم جۆرە سیاسەتەش كاریگەری سیلبی ئەبێت لەسەر دۆخی هەرێمی كودستان، جا بۆیە پێویستە ئەم گرژیە نەهێلێن‌و لاپەڕەیێكی نوێ‌ لەژیانی سیاسی هەرێمی كوردستان هەڵدەنەوە یەكریزی بۆ نێو ماڵی كورد بگێڕنەوە، ئومێدی گەورەی هاووڵاتیان تەنها یەكریزیە".

شاخەوان خالید قوتابی كولێژی یاساو رامیاری یە لە هەولێر ئەو بەم جۆرە بۆ زاری كرمانجی دەڵێت"  ئەگەر بێت‌و هەموو لایەنەكان یەك دەنگەبن و یەك هەڵوێست بن بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسیەكان و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد، ئەوا وێنایێكی جوانی سیاسەت نیشانەی هەموو جیهان ئەدەن، وە ئەشبێت وابكەن ئەگەرنا ئەم خولەش بەهەمان شێوەی خولەكانی تر وەك پێویست سەركەوت‌و نابێ‌و بەهەمان رێچكەی خولەكانی تر ئەڕوات، هەرچەندە پێشبینی ئەكرێت ئەم خولە جیاوازبێت، بەڵام ئەم جیاوازیەش رەنگدانەوەی نابێت بەبێ‌ یەكریزی لایەنەكان، دەبێ‌ ئەم تەوژمە سیاسیەی ئێستا لەهەرێم هەیە نەمێنبێت‌و هەموو لایەنەكان بەر لەوەی بچنە پەر لەمان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و خۆیان رێكبخەنەوە".