Share on facebook
كرێكاران لە چاوەڕوانی كار دان
دووشەممە, 28 کانونی دووەم 2019 16:23

راپۆرت محەمەد ئامۆكەیی- سۆران:

ئەگەر رۆژانە سەردانی نێو بازاڕی سۆران بكەین دەبینی بەدەیان كرێكار لەسەر شەقام وەستاون و لە چاوەڕوانی كەسانێك دان كە ئەوان بباتە سەر كار، هەر خاوەن كارێك بچێتە نزیك ئەوان ئەوە زۆربەی كرێكارەكان بەخێرایی چوار دەوری دەگرن و داوا لەخاوەن كاردەكەن بیان بات، لە روخساری هەر كرێكارێك بڕوانی ماندووبون و بێ تاقەتێكی زۆر لە نێو چەوانی ئەوان بەدی دەكەی، هاتنی وەرزی زستان دۆخی ژیانی ئەوانی سەخت كردوە و رێگەی نەداوە وەك پێویست كار هەبێت، زاری كرمانجی راپۆرتێكی مەیدانی لەسەر دۆخی ژیانی ئەو كرێكارانە كردوە، هەرەیەكەو بەجۆرێك باس لە بەڕێوەچوونی سەختی ژیانیان دەكەن.

قاسم ئەحمەد پیشەی كرێكارە گووتی" هەموو بەیانیێك بەر لە خۆر هەڵاتن دێمە نێو بازاڕ بۆ دەستكەوتنی كار و چاوڕێ دەكەین كەسێك بێت هەر كارێكی هەبێت دەچم و ئەنجامی دەدەم، لەبەر ئەوەی خێزاندارم و 3منداڵم هەیەو هیچ سەرچاوەی دارایی ترم نیە، لە ئێستاشدا كار نەماوە هۆكارەكەشی هاتنی كرێكاری ئێرانیە، پێش ئەوان ئێمە بەشی خۆمان كار دەكردو ئەوان كە دەچن بە بڕێكی كەمیش بێت رازین لەبەر ئەوەی پارەی ئێرە لەوێ شتی زۆری پێدەكڕێت و بەشی پڕكردنەوەی پێداویستیەكانی رۆژانەیان دەكات، قاسم زیاتر دەشڵێت" سەرماو گەرما كاری نەكردۆتە سەرمان زۆربەی ئەوانەی لێرە هەن و بەدوای كار دەگەڕێن كەسانی دەست كورتن و كەم هەیە مووچە خۆر بێت، لەیەك هەفتە رۆژێك چوومەتە كار ئەویش بە 15هەزار دینار دۆخم ئەوندە خراپە نازانم چۆن فریایی بەخێوكردنی ماڵ و منداڵ بكەوم.

شوكر خدر كرێكارێكی ترە دەڵێت" چەندین ساڵە كاری كرێكاری دەكەم و زۆر جار بەهۆی كاری قورسەوە تووشی نەخۆشی بوومە، بەڵام خێزاندارم و ناچارم كار بكەم و بۆ ئەوەی منداڵەكانم چاویان نەكەوێتە دەستی كەسانی نامەرد، ئەگەر چی ئێستا كار كەم بووە، ئەگەر هەشبێت دووهەفتە جارێك دەچین ئەویش نازانی لەچی خەرج بكەی زۆربەی پێدواویستیەكان گرانن و بەش ناكات، ئەو كرێكارە زیاتر دەشڵێت" داوا لە لایەنی پەیوەندی دار دەكەین سنورێك بۆ هاتنی ئەو كرێكارانە دابنێت تایبەت ئێرانیەكان لەبەر ئەوەی بوونەتە هۆكار بۆ ئەوەی ئێمە كارمان دەست نەكەوێت.

رەحمان زادە كرێكارێكی كوردستانی رۆژهەڵاتە دەڵێت" خێزاندارم و دوو منداڵم هەیە لەبەر بێكاری ناچار بووم بێمە باشور، لە ئێران دۆخی ئابووریی خەڵك زۆرخراپەو هیچ كارێك نیە بیكەین، وای لێهاتوە خەڵكانێك لەبەر هەژارییەوە پەنا بۆ كاری تر ببات، هەموو بەیانیێك زوو لەخەو هەڵدەستم و دێمە نێو بازاڕ بەمەبەستی دۆزینەوەی كار، بەڵام لێرەش ئیش وەك پێویست نیەو جاری واهەیە بەهەفتە كارمان دەست ناكەوێت كە دەشچین بە 10 هەزار یان 15هەزار كار دەكەین ئەوەش كەمەو ناچاریشین چونكە بۆ كار هاتووین.