Share on facebook
شەش ساڵە قوتابییان لە چاوەڕوانی دەرماڵە دان
چوار شەممە, 30 کانونی دووەم 2019 06:58



راپۆرت محەمەد ئامۆكەیی- سۆران:

بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە ساڵی 2013 وە دەرماڵەی سەرجەم قوتابیان و خوێندكاران لە ناوەندەكانی خوێند بڕدرا، ئەو بڕە هاوكاریەی بە فێرخوازان دەدرا بەشی هەندێ پێدوایستی ئەوانی دەكرد، لە دوای دروست بوونی ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرت، وایكرد رێژەی بێ كاری و هەژاری بەرز بێتەوە، لە ئێستاشدا دۆخی زۆربەی ئەو قوتابی و خوێندكارانەی لە زانكۆ و پەیمانگەكان دەخوێنن بەرەو خراپی دەڕوات، زۆر جار فیستیڤاڵی خواردن كراوە و داهاتەكەی دراوە بە هەندێ قوتابی كەم دەرامەت، "جاری وەهابووە كرێی رێگام نەبووە بچمەوە ماڵەوە و ناچار بووەمە لە بەشە ناوەخۆ بمەێنمەوە، ئەمە قسەی یەكێك لە قوتابیەكانە"

نیگا قادر قوتابی فاكەڵتی ئادابی سۆرانە بۆ زاری كرمانجی دەڵێت" وەك دەزانین دەرماڵەی قوتابیان ساڵانی پێشو وەك هاوكاری پێشكەش بە قوتابیان دەكرا، هەر چەندە ئەم دەرماڵە بڕێكی كەمیش بوایە هاوكاریێكی باش بوو بەشی هەندێ پێداویستیەكانی ئەوانی دەكرد، بەڵام پاش ئەو قەیرانە ئیكۆنۆمیەی بەسەر كوردستان داهات، بڕی ئەم هاوكاریە كەم كرایەوە دواتر كۆتا بەم پڕۆسەیەهات، تائیستاش ئەو بڕیارەی كە دەرماڵەی قوتابی وەك ئەرك لەسەر حكومەت دەمێنتەوە، دەكرا تا ئاستێك كەم بكرێتەوە، نەك ببڕی و قوتابی بێ بەش بێت لەم ئۆفەرە، نیگا زیاتر دەشڵێت" قوتابیان بەگشتی دۆخیان خراپەو زیاتر ئەوانەی رێگایان دوورە یاخوود لە بەشە ناوەخۆیەكان دەمێنەوە خەرجیان زیاترە، هەڵبەتە ئێستا جیهانی ماتریاڵیەو مرۆڤ تەواوی ئالوگۆڕی پێوستیەكانی بە ماتریاڵێك دەكات كە ناوی دەبەن "پارە" كە تەواوی پڕكردنەوەی پێوستیەكان لەبازنەی ئەم ماتریالە دەسوڕێتەوە، بۆیە دەكرێ حكومەت دووبارە بتوانێت وەك پێشان هاوكاری قوتابیەكان بكات بەڕاستی قوتابی وا هەیە لە دۆخێكی سەخت دەژیت مرۆڤ هەندێ قوتابی دەبینێت جەرگی كزەی دەكات و دەسەڵاتیشت نیە چونكە لە ئێستادا دۆخی ئابوریی زۆربەی خەڵكی كوردستان وەك یەكە.

چەندین جار لەبەر بێ پارەی نەم توانیوە بگەڕێمەوە ماڵەوە ئەو قسەی یەكێك لەو قوتابیانەیە لە زانكۆی سۆران، نەیوست ناوی راستە قینەی بنوسرێت خۆی بە شەیدا ناساند لەبەردەوامی قسەكانی دا گووتی" ئەگەر چی بۆ 6ساڵ دەبێت ئەو هاوكاریەی بە قوتابیان دەدرا بڕدراوە و لەسەردەمی ئێمە نەبووە، بەڵام نەدەبوا ئەو دەرمالەیە ببڕدرێت و هاوكاریێكی پێویست بوو تایبەت بۆ قوتابیە كەم دەرامەتەكان، من دەپرسم خوێندن چۆن دەكرێت بیرت لای نەبوونی پارە بێت روو لە هەر قوتابیێك بكەی لە روخساریا بێ تاقەتی زۆری پێوە دیارە هۆكارەكەشی بێ پارەییە، زۆرجاریش هاوكاری كۆكرایتەوە بۆ ئەو قوتابیانەی توانای مادیان كەمە كاتێ بڕەكەی وەردەگری مرۆڤ تووشی حالەتێكی نامۆ دەبێت و بیر لە زۆر شتی تر دەكاتەوە، بۆیە ئەركی حكومەتە ئاوڕ لە دۆخی سەختی ژیانی قوتابی بداتەوە ئەگەر وابڕوات ئاستی زانستی بەرەو كاڵ بوونەوە دەچێت.

مەنسور محێ موختار قوتابی زانكۆی سۆرانە گووتی" هەموو قوتابییەك لە وها بارودۆخێكدا پێویستی بەو بڕە پارەیە هەیە، چونكە قوتابی لە گرنگترین قۆناغەكانی خوێندنیەتی، كە قۆناخی زانكۆ و پەیمانگایە، بەڵام سەرەڕای بڕینی دەرماڵەی قوتابیان، كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران كاری كردە سەر دۆخی ئابووریی كەس و كاری قوتابیانیش ئەمەش كاریگەریەكی نێگەتیڤی هەیە لەسەر خودی قوتابی وا لە قوتابیەكە دەكات، ئەوەندەی لە خەمی بژێوی خۆی و كەسوكارەكەی بێت، نیو هێندە لە خەمی زانكۆكەی نەبێت، ئێمەی قوتابی دینار لە گیرفانمان نەبێ و خەمی بەڕێكردنی ژیانمان و كڕینی مەلزەمەو كتێبەكانی زانكۆمان لەبەر چاو و لە مێشكابێت، لە نێو محازەرەكاندا بیر لەوەبكەینەوە نیوەڕۆ چی بخۆین و مەغریب چی بكەین، ئەمانەو چەندین خەمی تر، وا لە قوتابیان دەكات كە هزر و هۆشی لای زانكۆ نەمێنێت و سەر ئەنجام دەبێتە هۆی ئەوەی چینێكی بڕوانامە هەبووی نەخوێندەوارمان لێدەربچێت، جێگەی نیگەرانیە لەم بارودۆخە ناخۆش و قەیراناویەدا، لە جیاتی ئەوەی حكومەت دەرماڵە بە قوتابیان بدات، قوتابی ناچار دەكرێت كە دەرماڵە بە حكومەت بدات، هەر قوتابیەك بۆ دابینكردنی شوێنی مانەوەی، هەموو ساڵێك لەسەری پێویستە بڕی نزیكەی 100 هەزار دینار بدات بە بەڕێوەبەرایەتی بەشە ناوخۆییەكان، ئەمەش بار گرانیەكی ترە لەسەر كەسوكاری قوتابی و خودی قوتابیەكە، بۆیە لە رێگەی هەفتەنامەكەتانەوە داواكارم حكومەتی هەرێم ئاوڕێكی جددی لە قوتابیان بداتەوە و دەرماڵەیان بۆ خەرج بكات، چونكە قوتابیان لە ئێستادا زیاتر لە هەموو كات پێویستیان بە دەستگیرۆیی و هاوكاریكردنە و هیچ كاتێكیش ناكرێت حكومەت لەخزمەتكردن و جێبەجێكردنی مافەكانمان ماندووبێت.

لەسەر ئەم پرسە دكتۆر یادگار باڵەكی یاری دەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران بۆ كارو باری قوتابیان بە زاری كرمانجی راگەیاند" لە دوای دروست بوونی ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆكی كوردستانی گرت، لە ساڵی 2013 ئەوەبوو ئەو هاوكاریەی هەبوو بە بڕیارێك بڕدرا، ئێمە وەك زانكۆی سۆران ئەوكاتیش لەگەڵ بڕینی نەبووین پێمان وابوو نەدەبووا دەستكاری درماڵە بكرابا، لەبەر ئەوەی  بۆ سەرجەم فێرخوازان باش بوو هەر هیچ نەبا بەشی كرێی هاتووچۆ و یان خەرجی هەندێ كەل و پەلی ئەوانی دەكرد، بۆیە لە زۆربەی كۆبونەوەكانی وەزارەت وەك زانكۆی سۆران داوای گەڕانەوەی دەرماڵەمان كردوە، بەردەوامیش سەرۆكی زانكۆی سۆران   لەسەر خەت بووە بۆ گەڕانەوەی ئەو هاوكاریەی پێشتر بە قوتابیان دەدرا، بۆیە ئومێد هەیە لە كابینەی داهاتوو دووبارە حكومەت دەست بكاتەوە یاخوود بیر لە بە پێدانی دەرماڵە بكاتەوە، لەبەر ئەوەی دۆخی هەندێ قوتابی زۆرخراپەو هەیە توانای كڕینی كەل و پەلی رۆژانەی نیە، ئێمەش ئاگاداری دۆخی قوتابیانین زۆر جاریش بەپێی توانا وەك زانكۆ هاوكاری ئەو قوتابیانەمان كردوە كە كەم دەرامەتن، بەڵام هاوكاریەكانی ئێمەش سنوور دارن.