Share on facebook
دامەزراندنی بیانییەكان قەدەغە كرا
دووشەممە, 11 شوبات 2019 08:02

زاری كرمانجی - سۆران: سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە حكومییەكان ئاگاداردەكاتەوە كە نابێت كەسانی بیانی بەشێوەی هەمیشەیی لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دابمەزرێنرێن.

نێچیرڤان ئەحمەد، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە نوسراوێكی فەرمی داوا لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت دەكات، دامەزراندنی فەرمانبەری بیانی بە شێوەی هەمیشەیی راگیرێت.

سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایدەگەێنێت: ''وەك بەدی دەكرێت ژمارەیەك فەرمانبەر لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بەشێوەی (هەمیشەیی) دامەزراون، كە ‌لە ‌بنەڕەتدا خەڵكی وڵاتانی ترن و ڕەگەزنامەی عێراقیان نیە، بەپێی ماددەی (7) لە ‌یاسای ڕاژەی شارستانی عێراقی ژمارە (24) ساڵی (1960) ناكرێت خەڵكی بیانی دامەزراندنیان بۆ بكرێت بە شێوەی(‌هەمیشەیی) تەنها بەگرێبەست نەبێت''.

لە بەشێكی تری نوسراوەكەدا نێچیرڤان ئەحمەد رایگەیاندووە: ''تەنانەت ئەگەر هەر كەسێكی بیانی ڕەگەزنامەی عێراقیشی پێبدرێت تا ماوەی 5 ساڵ دوای وەگرتنی ڕەگەزنامەكەی تێپەڕنەبێت نابێت دامەزراندنی هەمیشەیی بۆ بكرێت، بۆیە پێویستە سەرجەم وەزارەت و دام و دەزگاكان پابەند بن بە یاساوەو هەر فەرمانبەرێكی لەم جۆرەیان هەیە وەك فەرمانبەری (گرێبەست) مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن نەك (هەمیشەیی)".