Share on facebook
ئەرمەنەكان دەیانەوێت بەشداری لە حكوومەت بكەن
دووشەممە, 11 شوبات 2019 08:41

زاری كرمانجی- هەولێر:  یەروانت نیسان ماركۆس، نوێنەری پێشووی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی گووت " وەك ئەرمەن بۆ یەكەمجار دەمانەوێت بەشداری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بكەین، بۆ ئەوەی ئەو حكوومەتەی هەیە زیاتر بە هی خۆمان بزانین".

نوێنەری پێشووی ئەرمەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ:" دوای هەر هەڵبژاردنێك دەبێت حكوومەتێكی نوێ پێك بێت، ئەو لایەنانەی لەناو پەرلەمانن مافی ئەوانە یان لەناو حكوومەت بن، یان ببنە ئۆپۆزسیۆن، بۆیە ئێمە وەك ئەرمەن كە بە كۆتا بەشدارین لە پەرلەمانی كوردستان بە مافی خۆمان دەزانین لە حكوومەتیش بەشدار بین، بۆ ئەوەی ئەو حكوومەتە بە هی خۆمان بزانین و بۆ جاری یەكەم بەشدار دەبین لە حكوومەت، داوای پۆستی باڵامان نەكردووە، بەڵام پێویستە پۆستەكانی دیكە بە پێكهاتەی ئەرمەن بدرێن، ئەوەش بە مافی خۆمان دەزانین، چونكە وەكو ئەرمەن بۆ ماوەیەكی زۆرە لەگەڵ خەڵكی كوردستان وەكو برا پێكەوە دەژین و بە خۆشی و ناخۆشی لەگەڵ یەكدی ژیاوین".

یەروانت نیسان ماركۆس، دەشڵێ:" تا ئێستا دیار نیە شاندنی پارتی سەردانی ئەرمەنەكان دەكات، كە چۆن و لە چ كاتێكدا سەردانی پێكهاتەكان دەكات، ئەرمەن یەكێك لە پێكهاتەكانی كوردستانە و دەبێت مافی ئێمە وەك هەر هاووڵاتییەكی كوردستان پارێزراو بێت، لەگەڵ ئەوەی لەو گوندانەی كە خەڵكی ئەرمەن دەژین، بە ئەرمەنی بخوێنن و مافی ئەوان بەتەواوەتی بدرێت".