Share on facebook
كابینەی نوێ لە نێو بەرداشی خاڵەكانی رێكەوتن
دووشەممە, 11 شوبات 2019 09:10

ئیسماعیل ئیبراهیم


كۆبووونەوەكانی پارتی و یەكێتی و باقی لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان جێگەی دڵخۆشی و ئومێدی هاووڵاتییانن، بە درز درووستبوون و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان بە تایبەتی دوو حزبە سەرەكییەكە دۆخی كوردستان بەرەو ئاڵۆزی چووە و زیانمەندی یەكەمیش شەقام بووە.

بۆیە هەر جۆرە نزیكبوونەوەیەكی لایەنە سیاسییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانیان روحێك دەداتەوە بەر گەشەی هەمەچەشنەی هەرێمی كوردستان.

پێویستە ئەم رێككەوتنەی نێوان لایەنەكان جیاوازتر بێت لە جارانی پێشووتر، لەبەر چەند هۆیەك، كە دەشێ لە چەند خاڵێكەوە ئاماژەیان پێ بكەین، لە سەر ئاستی ناوخۆ، بوونی نادادپەروەرییەكی زۆر لە هەموو كایەكان و گەندەڵییەكی زۆر لە تەواوی دامەزراوەكانی حكومەت، كە هۆكارێكی سەرەكین بۆ نەهێشتنی ئینتما لای تاكی كوردستان، بە جۆرێك كە خنكانیان لە دەریاكان و گیرۆدەبوونیان بەدەستی مافیاكانی ماف مرۆڤ پێ باشتر بێت لە مانەوەیان لە وڵات. ئەم گەندەڵییانەش تەنها حكومەت لێ بەرپرسە چونكە سیستەمی بەڕێوە بردن بەجۆرێكە ئاسانكاری بۆ هەموو ئەو كەسانە كردووە كە گەندەڵی دەكەن، لە هەمووشی كێشەتر ئەوەیە گەندەڵییەكانیان بە پێ یاسا و زۆرجاریش بە زیرەكانە دەكەن، چەندە دڵنیا بی لە ئەنجامدانی گەندەڵی، بەڵام بەهۆی بەدەستەوە نەدانی بەڵگە ناتواندرێت ئیجرائاتیان لەگەڵ بكرێت، لە زۆربەی حاڵەتەكانیشدا بە ئاشكرا بوونی گەندەڵییەكان ئیجرائاتی پێویست نەكراوە، لەبەر ئەوەی گەندەڵكاران هەموویان یەك دەست و تاقمن و بەربوونەتە گیانی حكومەت و خەڵكەوە. لەلایەكی دیكەشەوە زۆرێك لە بەرپرسانی سیاسی دەستڕۆیشتوو لە بەتاڵان بردن و قۆرغكردنی بازاڕ و ئەو گەندەڵییەی هەیە تێوەگڵاون و رۆڵیان هەیە و بەرلە هەموو كەس و كارێك پێویستە سنوورێك بۆ ئەوانە دابندرێت، ئەمەش بە كاراتر كردنی دەستەی دەستپاكی كوردستان دەبێت.

بۆیە ئەگەر كابینەی داهاتوو بە هاوكاری هەموو لایەنە سیاسییەكان بەرنامە و پلانێكی گونجاویان نەبێت بۆ ریشە كێش كردنی گەندەڵی ئیتر ئومێدێك نامێنێتەوە.

تەواوی لایەنە سیاسییەكان باس لە نەهێشتنی گەندەڵی و ئەو نادادپەروەرییە دەكەن كە هەموو جومگەكانی گرتۆتەوە، بەڵام كرداری هیچیانمان نەبینی، بۆیە دەشێ لایەنەكان گرەوەی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لەسەر نەهێشتنی گەندەڵی ببەنەوە، ئەگەر بیانەوێت!!!.

لەلایەكی دیكەوە یەك هەڵوێستی لە ئاست پەیوەندی سیاسەتی هەرێم و حكومەتی ناوەندی و وڵاتانی دراوسێ و جیهان، كە پێویستە وەك هەموو وڵاتان جیهان دیدگایەكی رۆشنیان هەبێت، ناكرێت پارتی بكەوێتە ژێر هەژموونی وڵاتێك و یەكێتیش بەكەوێتە ژێرهەژموونی وڵاتێكی دیكە، یا هەر لایەنێكی سیاسی چۆنی بوێت و لەگەڵ هەر وڵاتێك ویستی پەیوەندی دروست بكا و ئاڵوگۆڕی زانیاری و زۆرشتی دیكە بكەن، لەسەر حیسابی نیشتمان و كەسیش ئاگای لێ نەبێت و هەر یەكەوە لە ئاوازێك و بە ئاراستەیەك سیاسەت بكا.

لە رابردوو بینیمان دەیان كەسی سیاسی بە ئارەزووی خۆیان لەگەڵ دەزگاكانی هەواڵگری وڵاتانی دراوسێ كۆبوونەوەیان دەكرد و دوای چەند رۆژ یا هەفتە لێیان ئاشكرا دەبوو، ئەم رەفتارە نەك هەر نابێت دووبارە ببێتەوە بەڵكو پێویستە بە یاسا رێكبخرێت و ئیجرائاتیشی بۆ دیاری بكرێت.

لە هەموو وڵاتانی جیهان كۆمەڵێك بڕگەی یاسایی هەیە كە بۆ هیچ كەس و لایەنێك نییە پێوە پابەند نەبێت، هەتا ئەگەر لەگەڵ سیاسەتی ئەویش نەێتەوە، بۆ نموونە كەس ناتوانێت رێز لە پیرۆزییەكانی نیشتمان نەگرێت جا كەسایەتی سمبوڵی و روحی بێت یا سروود و بابەتە ئایینییەكان، پێویستە یاسایەك هەبێت ئەم بابەتە بەهێز بكات، ئاخر ناشێ لە كوردستان رێزی سروودی نیشتمانی نەگرێت، بەڵام لەبەر سروودی نیشتمانی وڵاتانی دیكە هەڵسیتەوەو سەر دابنوێنێت، بەڵام لێرە بژیت و بخۆیت و سیاسەت بكەیت.

بۆیە رێككەوتنی ئەم جارەی یەكێتی و پارتی و باقی لایەنەكان ئەگەر درێژەدان بێت، بە بەڕێوەبردنی ساڵانی رابردوو لە هەموو بوارەكانەوە ئەوە لە ئێستاوە دەستی لێ بشۆن.