Share on facebook
د. بەشیر حەداد: پەیاممان بۆ لایەنە سیاسییەكان یەكڕیزی نێوماڵی كوردە
دووشەممە, 11 شوبات 2019 10:33

 

زاری كرمانجی- هەولێر: لە سەردانەكانیدا بۆ لای لایەنەكان جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لە یەكڕیزی و یەكگرتوویی و هاوهەڵوێستی نێوان فراكسیۆنە كوردستانییەكانی نێو پەرلەمانی عێراق كرد، بە پێویستی زانی پەیوەندییەكی پتەو و تۆكمە لەنێوانیاندا هەبێت بۆ ئەوەی كورد لە پەرلەمانی عێراقدا بەهێز دەربكەوێ، بۆ ئەمەش پێویستی بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و نزیكبوونەوەی لایەنەكان هەیە.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كرد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ئێمە وەكو نوێنەری میللەتی كورد لە بەغدا لە هەوڵداین پەیوەندییەكی باش لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دروستبكەین.

د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی:" دوو ئامانجی سەرەكیمان هەیە لە سەردانی لایەنەكان، ئەوانیش، دروستكردنی پەیوەندییە لە نێوان لایەنەكان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەوەی ئاگامان لەیەكتر بێت.

گوتیشی: ئامانجی دووەممان گەیاندنی ئەو پەیامەیە، كە یەكڕیزی و نزیكبوونەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان هەبێت، چونكە تا لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەیەكتر نزیكببنەوە پێگەی كورد لە بەغدا بەهێزتر دەكات.

بەشیر حەداد،  ئەوەشی گوت:"پێویستە ئێمە لە بەغدا لە بیركردنەوە و تێڕوانین و سیاسەتی لایەنە كوردستانییەكان تێبگەین تاوەكو ئێمە لە بەغدا تووشی خەجاڵەتی نەبین، لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش پێویستیان بەوە هەیە بزانن لەناو پەرلەمانی عێراق چ دەگوزەرێت و لایەنە سیاسییە عێراقییەكان چۆن بیر دەكەنەوە و پەیوەندییان لەگەڵ ئێمە چۆنە، بۆ ئەوەی ئەوانیش لێرە سیاسەتی خۆیان و پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بەو شێوەیە دابڕێژنەوە.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند "ئێمە وەكو نوێنەری میللەتی كوردین لە بەغدا لە هەوڵداین پەیوەندییەكی باش لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دروستبكەین، چ لایەنە شیعەكان و چ لایەنە سوننەكان، ئەمەش وادەخوازێت پێشتر پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان بەهێز بكەین و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بكەین.

هەر لە سەرادنەكەدا گفتوگۆ دەربارەی ئەو كێشانە كرا كە پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیەو دۆزینەوەی چارەسەریش بۆ كێشە هەڵپەسێراوەكان تاوەكو هەرچی زووە حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت".

لەلایەن خۆیانەوە سەرۆك و ئەندامانی لایەنە سیاسییەكان خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانی د. بەشیر دەربڕی و پاڵپشتیشیان لە سەردانەكانی كرد و جەختیشییان لە پێویستی پێكهێنانی دەستەو لیژنەی هاوبەش كردەوە كە گشت لایەنە كوردستانییەكان لەخۆ بگرێت و پەیوەندی هەبێت لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكانی نێو پەرلەمانی عێراق".