Share on facebook
لە سۆران بەهۆی سەرپێچییەوە پێنج دووكان داخران
سێ شەممە, 12 شوبات 2019 08:01

زاری كرمانجی- سۆران:

لێژنەی ئابووری قایمقامییەتی سۆران پێنج شوێنیان داخست و رێنمایشیان بە ژمارەیەك خاوەن كار دا.

ملازم رێبوار مەحموود، بەرپرسی لیژنەی ئابووریی قایمقامییەتی شاری سۆران، بەزاری كرمانجی گووت" دوێنێ 11-2-2019 لە ناوەندی قەزای سۆران دەستمان بە هەڵمەتێك كرد بۆ نەهێشتنی ئەو زێدەڕۆییانەی لە لایەن دووكاندارەكانەوە ئەنجام دەدرێن هەروەها بۆ پێدانی رێنەمایی و پێشكنینی پێویست، دواتر بە هۆی پابەند نەبوونی چەند شوێنێك بە رێنەماییەكانی تەندروستی و لێژنەی ئابووری  داخران، كە پێكهاتبوون لە چایخانەیەك كە گومانی قومار كردنی لێ دەكرا و بێ مۆڵەت بوو، هەروەها و دوو گەسفرۆشی بەهۆی خراپی گۆشتەكەیان لەگەڵ دوو نانەواخانە ".

زیاتر گووتی" رێنماییمان بە چەند خاوەن كارێكدا و مۆڵەتی یەك هەفتەیان پێدرا بۆ جێبەجێكردنیان، چەند خاوەن دووكانێكیش بەمەبەستی سزادان بەپێی یاسا بانگهیشتی لێژنە كران".

ملازم رێبوار مەحموود گووتیشی" مەبەست لە پشكنین و چاودێری و بەدواداچوونەكانی لێژنەی ئابووریی قایمقامییەتی سۆران، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییانە، هەر شوێنێك بە ڕێنماییەكانەوە پابەند نەبێ، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەكانیان دەگیرێتەبەر، هەروەها بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو سكاڵایانە دەكرێن كە ڕۆژانە ئاراستەی لێژنەكانی قایمقامییەت دەكرێن".