Share on facebook
پەروەردە
سێ شەممە, 12 شوبات 2019 08:29

سەرۆ قادر


کاتێک ئاماژە بەوە دەکەم کە پەروەردە و فێرکردن و راهێنان لە کوردستان دەبێ لانی نزمی سنوری بۆ دابندرێ، ئەوە کاری سیاسەت نییە بلێین با بریارێکی بۆ دەرکەین چاک دەبێ، بەڵکو دەبێ حکوومەتی کوردستان پرۆگرامی خۆی کامڵتر بکات، قیادەی سیاسی دەبێ روانگای خۆی یەکلا بکاتەوە، حیزبێک کە سەرکردایەتی حکوومەت دەکات ئەوا حکوومەت مڵکی ئەو نییە، پێشکەوتنی دەوڵەت یان حکوومەتی ئێمە بە کادیری زانستی و خیبرەی خۆیی دەکرێ، چونکە ئەوە پرۆسەیەکی مێژووییە کۆ دەبێتەوە، کادیری زانستی لە ستافی حکوومەت و لە سیستەمی بیرۆکراسیدا بە ئاسانی لەسەر بنەمای حیزبی یان خزم خزمێنێ داناندرێ، یان بە تەلەفۆنێکی ئێمەمانان کە کەس و کاری خۆیان لە شوێنی هەستیار دادەنێن، یان لە دەرئەنجامی هەبوونی بەرژەوەندی کە ئێستا لە دامودەزگاکانی حکوومی و کۆمەڵایەتی و حیزبی ئێمەدا دروست بووە. بەداخەوە ئەوە ئەگەر یەکێک کاری بەدەست بێت و بیەوێ دەتوانێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی کەس و کاری خۆی یان ئەوانەی کە لێیەوە نزیکن بێ ئەوەی توانایان هەبێ دابنێ، لەوانەیە ئەوانە گەنجیش بن بەڵام هیچ تواناییەک یان تایبەتمەندیەکیان نەبێ.

‎دەبێ ئەم چەمکانە و ئەو کارانە دیراسە بکرێ و زەرەرەکانی لە بەرژەوەندی نیشتمان نیشان بدرێن، دەبێ بۆ پێشکەوتن نەک بۆ شتێکی دیکە دەست بە چاکسازی بکرێ. ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە حکوومەتی ئێمە یان تەجرەبەی سیاسی ئێمە کاری گەورەی نەکردووە.