Skip to content
مامۆستا جه‌مال خه‌زنه‌دار: هه‌ركه‌سێك خزمه‌تى وشه‌ى كوردى بكات ئه‌و كه‌سه‌لاى من پیرۆزه‌ چاپکردن

گفتوگۆ: سمكۆ محه‌مه‌د

* ئێوه‌ ده‌ستتان هه‌بووه‌ له‌ جولانه‌وه‌ى رۆشنبیرى كوردى له‌ شه‌سته‌كانه‌وه‌، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ سه‌رده‌مێك بوو شۆرِش خه‌ریك بوو چه‌كه‌ره‌ى ده‌كرد، خه‌ریك بوو گه‌وره‌ ده‌بوو و فران ده‌بووه‌وه‌، ئێمه‌ باسى جێده‌ستى ئێوه‌ده‌كه‌ین له‌ناو رۆشنبیرى كوردیدا، هه‌ندێكیان ده‌یگێرِنه‌وه‌ بۆ ده‌سكه‌وته‌كانى شۆرِش و به‌شێكیشیان ده‌یگێرِنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رۆشنبیرى خۆى بزێو و چالاكه‌و ده‌یه‌وىَ ئۆرگانێكى تر بێت له‌په‌ناى شۆرِشه‌وه‌، لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئێوه‌ شۆرِشتان چالاك و وه‌جوله‌(تفعیل) ده‌خست یان شۆرِش ئێوه‌ى چالاك و وه‌جوله‌ ده‌خست؟
- گومانى تێدانیه‌ كه‌ رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر گه‌وره‌ترین چه‌كن بۆ پێشخستنى میلله‌ت، رۆشنبیره‌ میلله‌ت وشیارده‌كاته‌وه‌ له‌ رێگاى نوسین و كتێب رۆژنامه‌و گۆڤارى كوردى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ راسته‌ شۆرِش به‌ چه‌ك شۆرِشى ده‌كرد بۆ ستاندنى مافى مرۆڤى كورد، به‌ڵام رۆشنبیر به‌ قه‌ڵه‌م شۆرِشى ده‌كرد، قه‌ڵه‌م و چه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌ك ته‌با بوون بۆ پێشخستنى شۆرِش و به‌رده‌وام بوونى و رووناك كردنه‌وه‌ى بیروهۆشى خه‌ڵك و داواكردنى مافى ره‌واى كورد، كه‌ وه‌كو هه‌موو میلله‌تانى دونیا پێویسته‌ خاوه‌ن دامودزگاى خۆى بێت و بتوانێت فه‌رمانرِه‌وایى خۆى دابمه‌زرێنێت.
* قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ قسه‌یه‌كى هاوچه‌رخه‌و روناكبیرانى وه‌كو گرامشى كرددویانه‌، باس له‌و رۆشنبیرانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ رۆشنبیرى ئۆرگانیكى بوون، چ جیاوازییه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان ئێوه‌و رۆشنبیرانى ئۆرگانیكى، بۆ نمونه‌ مه‌لا له‌ حوجره‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ له‌ بوارى رۆشنبیرى دا،  ئێوه‌ى ئه‌فه‌ندى كه‌ له‌ ده‌ره‌وى حوجره‌ بوون چى جیاى ده‌كردنه‌وه‌؟
- گومانى تێدا نییه‌ رۆشنبیرى كوردى له‌ نوسینه‌وه‌و هۆشیاركردنه‌وه‌ى میلله‌ت له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ وشه‌ ده‌ستى پێكردووه‌ وشه‌ى كوردیش له‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ سه‌رى هه‌ڵداوه‌، مزگه‌وته‌كانى كوردستان بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر رۆڵیان هه‌بوو بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌و پێشخستن و به‌رچاوخستنى ئه‌و نوسینانه‌ى كه‌ شاعیر و رۆژنامه‌نوسه‌كان ده‌یانوسیه‌وه‌و پێشكه‌شیان ده‌كرد به‌ میلله‌ت، به‌ رێگاى ئه‌و مه‌لایانه‌وه‌ ئه‌وشتانه‌ ده‌نوسرانه‌وه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌یانخوێنده‌وه‌، به‌ڵام دواتر كه‌ سه‌رهه‌ڵدانى نوێى میلله‌تان ده‌ستى پێكرد كوردستانیشى گرته‌وه‌، ئه‌وه‌بوو له‌ 22 ى نیسانى 1898 یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ى كوردى بڵاو بووه‌وه‌، له‌و رۆژه‌وه‌ وه‌رچه‌رخانێكى زۆر گه‌وره‌ روویدا، بۆ گۆرِینى كۆمه‌ڵگاى كورده‌وارى، ئه‌و رۆشنبیرانه‌ بوونه‌ مایه‌ی سه‌ربه‌رزى و پێشخستنى میلله‌ت.
* ئه‌وه‌ى ده‌یبینین له‌ جولانه‌وه‌ى رۆشنبیرى رابردوو چه‌ند وه‌ستانێك (قگیعه‌)ى تێدایه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ر شۆرِو سه‌رهه‌ڵدانێكى تازه‌ وه‌ستانێك دروست بووه‌، واته‌ جۆره‌ دابرِانێك، ئه‌وه‌ى ئێوه‌ ده‌بینین زیاتر له‌ بازنه‌ى شیعر و ئه‌ده‌بیات سورِاوه‌ته‌وه‌، واته‌ كه‌متر به‌رچاو ده‌كه‌وىَ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ بوارى كۆمه‌ڵناسى كوردى یان هه‌ربوارێكى تر كرابێت، مه‌گه‌ر نمونه‌یكى وا شاز وه‌رگرین كه‌ له‌ رێگاى نوكته‌وه‌ عه‌لائه‌دین سوجادى پێشكه‌شى كردبێت، بۆ ته‌نها شیعر؟ ئایا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ سه‌رده‌مى ئه‌ده‌بیات بوو به‌ ته‌نها، یان ئێمه‌ نه‌گیشتوبووین به‌و ئاسته‌ رۆشنبیریه‌ى كه‌ لاى میلله‌تانى دیكه‌ هه‌بووه‌؟ ئایا رێنیسانسێك نه‌هاتبوو؟
- له‌ راستیدا پێش بلاوبوونه‌وه‌ى یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ى كوردى له‌ 22ى نیسانى 1898 نوسینى كوردى بڵاو نه‌بووبووه‌وه‌، ته‌نها شاعیره‌كانمان ده‌ناسران، ئه‌حمه‌دى خانى، حاجى قادرى كۆى و شیخ ره‌زاى تاڵه‌بانى و ناڵى و ئه‌وانه‌مان ده‌خوێنده‌وه‌، كتێبێكى كوردى نه‌بوو كه‌ نوسینى كوردى تێدابێت له‌ غه‌یرى شیعر كه‌ بیخوێنرێته‌وه‌و هۆشوبیرى ئه‌و نه‌وه‌یه‌ى كه‌ ئه‌و وه‌خته‌ هه‌بوو به‌ره‌و پێش ببا، به‌ڵام پاش بڵاوبوونه‌وه‌ى رۆژنامه‌ى كوردستان شته‌كه‌ گۆرِا، گۆرِا به‌وه‌ى خه‌ڵك نه‌ك هه‌ر شیعر بڵاو بكاته‌وه‌، به‌ڵكو نوسینیش بڵاو بكاته‌وه‌، هه‌تا سه‌رهه‌ڵدانى چیرِۆك، چیرِۆك له‌ ساڵى 1913 ه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر لاپه‌رِه‌كانى رۆژى كورد له‌ ئه‌سته‌مبۆل بڵاوكرایه‌وه‌ ئه‌و چوار ژماره‌یه‌، له‌وێوه‌ ده‌بینین كه‌ نوسینى كوردى به‌ره‌وپێش ده‌رِۆیشت، ئیتر وه‌زعه‌كه‌ گۆرِا، نه‌ هه‌ر ته‌نها خۆمان ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ شیعر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى مرۆڤى كورد هه‌ست و هۆشێكى زۆر ناسكى هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ میلله‌ته‌كه‌ى ده‌توانىَ به‌ شیعر گوزارشت بكات زیاتر له‌وه‌ى به‌نوسین، ئێستاواى لێهاتوه‌ كه‌ به‌سه‌دان رۆژنامه‌و گۆڤار هه‌یه‌، كاتى خۆى ئه‌وه‌ نه‌بووه‌، تا نوسین بڵاو بكرێته‌وه‌، ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى بڵاو بكرێته‌وه‌، چیرِۆكى باش بڵاوبكرێته‌وه‌، بابه‌تى هونه‌رى بڵاو بكرێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ته‌ماشا بكه‌ جیاوازه‌، ئه‌مه‌ به‌هۆى كێ بوو كه‌ ئه‌وه‌یه‌ى ئێستا هه‌یه‌ به‌دى بێت، ئه‌مه‌ رۆڵى رۆشنبیره‌ رابه‌ره‌كان بوو، وه‌ك میقداد مه‌دحه‌ت و حوسێن حوزنى موكریانى و سه‌دانى وه‌كو ئه‌وانه‌، ئه‌وانه‌ ده‌ورێكى گرنگیان هه‌بوو بۆ وشیاركردنه‌وه‌ى ئه‌و نه‌وه‌یه‌ى دواى شه‌رِى یه‌كه‌مى جیهانى.
*حاڵه‌تێكى دیكه‌ هه‌یه‌ له‌ پێش حه‌فتایه‌كان، كه‌ رۆشنبیریه‌كى سه‌رزاره‌كى(شفهی) هه‌بوو، ئه‌م رۆشنبیرییه‌ سه‌رزاره‌كییه‌ بۆ نمونه‌ مه‌سعود محه‌ممه‌دى تێدا بوو، شوكر مسته‌فاى تێدا بوو، مارف خه‌زنه‌دار و جه‌نابت و كۆمه‌ڵێكى دیكه‌، كه‌ پێشه‌نگى جولانه‌وه‌ى رۆشنبیرى كوردى بوون، ئه‌م گفتوگۆیه‌ بۆ ته‌دوین نه‌كرا، بۆ نه‌نوسرایه‌وه‌، تۆ خۆت له‌و كایه‌دا ئاماده‌ییت هه‌بوو، له‌ناو كۆرِى زانیارى دا موناقه‌شه‌ هه‌بوو ئه‌و مناقه‌شه‌یه‌ بۆ ته‌دوین نه‌كرا؟ ته‌نها له‌ناو زمانا هێشتیانه‌وه‌؟ مفره‌دات بۆ مفره‌دات گۆرِا، ئیشكردن له‌سه‌ر مفره‌ده‌ى كوردى به‌ نوسین بۆ نه‌بوو، وه‌كگۆرِینى مفره‌ده‌ى كشتوكاڵى بۆ سه‌نعه‌تى بۆ نمونه‌؟
- من وابزانم هه‌ندێك مه‌سایلى تایبه‌تى له‌ ئارادابوو كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ كه‌سایه‌تى كه‌سى كورده‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ به‌رِاستى پێمان نه‌كرا ئه‌و هه‌موو كێشه‌ گه‌ورانه‌ى له‌ نێوان رۆشنبیرانى كورد هه‌بوون چاره‌ بكه‌ین، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت واى لێنه‌كه‌ین ببێته‌ هۆى راگرتنى یپێشكه‌وتن رۆشنبیرى كوردى یان دوا خستنى، هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر هه‌ندێك شت بنوسرابایه‌وه‌ كێشه‌كه‌ى قووڵتر ده‌كرده‌وه‌.
* هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و كاته‌ جۆرێك له‌ بوغزو یه‌كتر نه‌خوێندنه‌وه‌ هه‌بوو له‌ نێوانیان، بۆنمونه‌ رۆشنبیرێك رۆشنبیرێكى دیكه‌ى نه‌ ئه‌خوێنده‌وه‌و گوێى لىَ نه‌ئه‌گرت.
- نه‌ك ئه‌وكاته‌ ، ئه‌و حاڵه‌ته‌ ئێستاش هه‌یه‌.
* باشه‌ ئه‌و بوغزه‌ چییه‌؟ بۆ؟
- من له‌ زۆر جێگا كه‌ سیمنارو شتى وا ده‌گرین له‌ ئه‌وروپا به‌تایبه‌تى، ده‌پرسن ئێمه‌ هه‌تا كه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌كتر راست نه‌بین، هه‌تا كه‌ى دۆستى یه‌كتر نه‌بین، هه‌تا كه‌ى ئێمه‌ پێمان نه‌كرێت كابرایه‌كى به‌هره‌دار كه‌ هه‌بوو دانى پێدا بنێین و بڵێین ئه‌و كه‌سه‌ كارێكى باش و جوانى كردووه‌ بۆ پێشخستنى میلله‌ته‌كه‌، هه‌تا كه‌ى ئێمه‌ ئه‌وها بین، من وه‌ڵامه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى میلله‌تێكى دواكه‌وتوین، هه‌تا نه‌گه‌ینه‌ ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌ دیموكراتیانه‌ى كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاى ئه‌وروپى ده‌یبینین، هه‌تا به‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا تێنه‌په‌رِین ئه‌و دووبه‌ره‌كییه‌ له‌ نێوانماندا هه‌ر ده‌مێنىَ.
* ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌رِێینه‌وه‌ بۆ رابردوو، سه‌رده‌مى كلاسیك به‌جىَ بێڵین، دواى ئه‌و كۆمه‌ڵێك قوتابخانه‌ سه‌ر هه‌ڵئه‌ده‌ن وه‌كو ریالیزم و دادایزم و ئه‌وانه‌ى تر، ئه‌و قوتابخانانه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌ ئه‌وروپاو شوێنانى دیكه‌ به‌سه‌ر ئه‌چن ئینجا له‌ نێو كوردا سه‌رهه‌ڵئه‌ده‌ن، ئایا ئه‌و دره‌نگگه‌یشتنه‌ بۆ؟ ئه‌و قوتابخانه‌نانه‌ به‌ فیعلى كاریگه‌رییان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرى كوردى، ئه‌گه‌ر هه‌یانبووه‌ ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ چین؟
- گومانى تێدا نییه‌ دنیا هه‌مووى به‌تایبه‌تى دونیاى ئێستا به‌هۆى زانست و داهێنانى كۆمپیوته‌رو شتى تر بووه‌ به‌ گوندێكى بچوك له‌به‌ر ده‌ستى مرۆڤدا، دنیا حه‌له‌قه‌ى یه‌ك به‌دواى یه‌كه‌، هه‌موو كۆمه‌ڵگاكان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌و شته‌كانیان به‌خێرایى ده‌گاته‌ لاى یه‌كتر، به‌ڵام بۆ ئه‌وسا كه‌ ئه‌وشتانه‌ له‌ ئارادا نه‌بوو ئه‌و دیارده‌ ئه‌ده‌بیانه‌ش وه‌كو شته‌كانى تر به‌دره‌نگه‌وه‌ له‌ شوێنێكه‌وه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ شوێنێكى دیكه‌، به‌تایبه‌تى بۆ میلله‌تێكى وه‌كو كورد كه‌ رێژه‌ى خوێنده‌وارى تێدا زۆر كه‌م بووه‌و رێژه‌ى نه‌خوێنده‌وارى تا ئێستاش زۆره‌، سه‌ره‌رِاى ئه‌وه‌ش ئه‌و قوتابخانانه‌ كاریگه‌رى باشیان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و زۆر لایه‌نى دیكه‌ى كۆمه‌ڵگاى كورده‌وارى.
* ئه‌و كاریگه‌رییه‌ هه‌ر له‌سه‌ر شیعرو چیرِۆك بووه‌ یان لایه‌نه‌ رۆشنبیرییه‌كانى دیكه‌شى گرتۆته‌وه‌؟
- لایه‌نه‌ رۆشنبیرییه‌كانى دیكه‌شى گرتۆته‌وه‌، ئه‌وتا هونه‌رى شێوه‌كاریمان چه‌ند پێشكه‌وتووه‌، خه‌ڵكى باش په‌یدا بوونه‌، ده‌توانن كێبركێى خه‌ڵكى بێگانه‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ هونه‌رییه‌كانى دیكه‌شى گرتۆته‌وه‌.
* مامۆستا ده‌چینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و گۆڤاره‌ى كه‌ رۆڵێكى گه‌ورى بینى له‌ناو جولانه‌وه‌ى رۆژنامه‌گه‌رى كوردى له‌ كاتى خۆیدا ئه‌ویش (شه‌فه‌ق)ه‌، كه‌ به‌ مه‌سیرێكى مێژوویى هات و توشى هه‌ڵدێرو به‌ربه‌ست بوو، ئێستا ئه‌وه‌ وه‌كو رۆژنامه‌ ده‌رده‌چیته‌وه‌و وه‌كو رۆژنامه‌یه‌ك و وه‌كو ده‌زگایه‌ك ئاماده‌ییى هه‌یه‌، پێتوایه‌ ئه‌وه‌ى ئێستا ئه‌گه‌ر بینیبێتان توانیبێتى رێزى ئه‌و وه‌ستان(قگیعه‌)ه‌ مێژووییه‌ بگرێتو له‌سه‌ر ئه‌و رێچكه‌یه‌ كار بكات؟
- راستیت ده‌وێت جیاوازییه‌كى زۆر گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان ئێستاو ئه‌و كاته‌ى كه‌ (شه‌فه‌ق) ده‌رچوو، له‌ كانوونى دووه‌مى ساڵى 1958 كه‌ یه‌كه‌م ژمارى لێده‌رچوو، ئه‌و كاته‌ كۆمه‌ڵێك رۆشنبیرى كورد كاریان تێدا ده‌كرد كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌رِووى بیروباوه‌رِیشه‌وه‌ جیاوازیان هه‌بووبێت و بیروباوه‌رِیان وه‌ك یه‌ك نه‌بوو، بۆ نمونه‌ شیخ مارفى به‌رزنجى، شێخ حوسێن و برایم ئه‌حمه‌د و مارف خه‌زنه‌دار و شوكر مسته‌فاو ئه‌وانه‌ هه‌موو له‌ كه‌ركوك ده‌ژیان گۆڤارى شه‌فه‌قیان به‌رِێوه‌ ده‌برد، سه‌مه‌دى خانه‌قا حه‌مه‌ عزیز خانه‌قا ئه‌وانه‌ هه‌ریه‌كه‌و شتێكى تایبه‌تى بۆ پێشخستنى ئه‌و گۆڤاره‌ ده‌برد به‌رِێوه‌، ئه‌و گۆڤاره‌ تا 14ى ته‌موزى ساڵى 1958  شه‌ش ژمارى لێدرچوو، گۆڤارێكى زۆر نایاب و رێك و پێك بوو، ده‌ورێكى زۆر گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌ پێشخستنى ئه‌ده‌بیاتى كوردى، به‌تایبه‌تى چیرِۆك، هه‌تا چه‌ند مسابه‌قه‌یه‌كیان كرد بۆ چاكترین نوسه‌رى چیرِۆك، وابزانم كاك حوسێن عارف خه‌ڵاتى یه‌كه‌مى وه‌رگرت، گۆڤارى شه‌فه‌ق رۆڵێكى گه‌وره‌ى هه‌بوو ، من به‌خۆم په‌یامنێرى ئه‌و گۆڤاره‌ بووم له‌ به‌غدا، من ئه‌و وه‌خته‌ له‌ به‌غدا قوتابى بووم و ده‌ژیام، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ نوسه‌رو زانا گه‌وره‌كانى كورد له‌ به‌غدا وه‌ك تۆفیق وه‌هبى و رفیق حیلمى و ئه‌وانه‌ى تر هه‌بوو، هه‌تا له‌ 14ى ته‌مموز خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فا بارزانى كه‌ هاته‌وه‌ له‌ یه‌كێتى سۆڤیه‌ت كوردو عه‌ره‌بى به‌غدا كه‌ نزیكه‌ى نیو ملیۆن ده‌بوون هاتبوونه‌ پێشوازى له‌ فرِۆكه‌خانه‌ى موسه‌ننا، ئه‌وكاته‌ من په‌یوه‌ندییه‌كم له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا كردو بابه‌ته‌كه‌م بڵاو كرده‌وه‌ له‌ گۆڤارى شه‌فه‌ق به‌ زمانى عه‌ره‌بى، نه‌قیبى رۆژنامه‌نوسان شه‌هاب ئه‌لته‌میمى كه‌ دوایی كوژرا ئه‌وكاته‌ له‌گه‌ڵم بوو كه‌ مرۆڤێكى زۆر كورددۆست بوو و كوردى خۆش ده‌ویست، چیرِۆكه‌كه‌ درێژه‌ نامه‌وىَ باسى بكه‌م، ته‌نها مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ گۆڤارى شه‌فه‌ق ده‌یتوانى ئه‌و رووداوانه‌ بگه‌یه‌نه‌ته‌ میلله‌ت، به‌ڵام دوایى كه‌ دووبه‌ره‌كى حیزبایه‌تى په‌یدا بوو، گۆڤارى شه‌فه‌ق به‌ره‌به‌ر پوكایه‌وه‌.
* تۆ واى بۆ ده‌چى كه‌ ئه‌و دووبه‌ره‌كییه‌ى حیزبایه‌تى كارى له‌ رۆشنبیرى كه‌ركوك كردبێت كه‌ وا ناسراوه‌ بنكه‌ى سه‌ره‌كى رۆشنبیرى كوردى بووه‌؟
- ده‌توانین بڵێین بنكه‌یه‌ك بووه‌ له‌ بنكه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى رۆشنبیرى كوردى. به‌ڵێ ئه‌ویش كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌رى دووبه‌ره‌كى حیزبایه‌تى.
* ئێستا ئێوه‌ خه‌ریكى ئاماده‌كردنى ئینیسكۆپلۆدیاى رۆژنامه‌گه‌رى كوردین، هه‌ست ده‌كه‌ى كه‌ ده‌توانى حه‌قى خۆى بده‌یتىَ؟
- له‌ راستیدا من ئه‌وه‌ 30 سالڕ زیاتره‌ خه‌ریكى ئه‌و ئینیسكۆپلۆدیایه‌م، له‌ ساڵى 1973 له‌ یۆبیلى 75 ساڵه‌ى رۆژنامه‌ى كوردستان له‌ 22 نیسان یه‌ك له‌ ده‌سكه‌وته‌كانى به‌یانى ئازار ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى گشتى رۆشنبیرى كوردى دامه‌زرا، ئه‌و به‌رِێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ئه‌و پرِۆژه‌یه‌ى خسته‌ سه‌رشانى خۆى بۆ ئه‌وه‌ى ئاهه‌نگێكى گه‌وره‌ بگێرِین به‌ بۆنه‌ى 75 ساڵه‌ى رۆژنامه‌گه‌رى كوردى، پیشانگایه‌كى گه‌وره‌ دروست بكه‌ین بۆ پیشاندانى ئه‌و رۆژنامه‌و گۆڤاره‌ كوردیانه‌ى كه‌ پێش ساڵى 1973 ده‌رچووینه‌، دووسىَ به‌رهه‌مى باشیشمان چاپ كرد له‌ به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى گشتى رۆشنبیرى كوردى، یه‌ك له‌وانه‌ رابه‌رى رۆژنامه‌گه‌رى كوردى بوو كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى زۆر رێكو پێكیش نه‌خرایه‌ روو، كۆمه‌ڵه‌ ئاسته‌نگێك بۆ ئێمه‌ دروست كرا بۆ ئه‌و پرِۆژه‌یه‌، وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى به‌غدا ئه‌كاته‌ ئێمه‌ى ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ بۆتان هه‌یه‌ له‌ كاتى ئه‌و پیشانگایه‌ سازده‌ده‌ن ته‌نها ئه‌و گۆڤارو رۆژنامانه‌ پیشان بده‌ن كه‌ له‌ كوردستانى عێراق ده‌رچوون، ئێمه‌ گوتمان بۆنه‌كه‌ 22ى نیسانه‌، رۆژنامه‌كه‌ له‌ قاهیره‌ ده‌رچووه‌، ماناى وایه‌ كوردستان نابىَ پیشان بدرێت به‌ خه‌ڵكه‌كه‌، ئه‌وه‌بوو كاره‌كه‌ به‌ نیوه‌چلى مایه‌وه‌، دیاربوو سه‌ركردایه‌تى شۆرِشى كوردیش له‌گه‌ڵ حكومه‌ت نێوانى ئه‌وه‌نده‌ خۆش نه‌بوو، ئیتر وازیان له‌ پرِۆژه‌كه‌ هێنا، ئیتر له‌و رابه‌ره‌، رابه‌رى رۆژنامه‌گه‌رى كوردى من باسى 133 گۆڤارو رۆژنامه‌ى كوردیم كردووه‌، ئێستا په‌ره‌پێدانى ئه‌و پرِۆژه‌ى رابه‌ره‌یه‌ كه‌ كردومه‌ته‌ ئه‌نیسكیۆپلۆدیاى رۆژنامه‌گه‌رى كوردستان، بۆیه‌ كوردى نییه‌ كوردستانه‌ تا ئه‌ورۆژنامه‌و گۆڤارانه‌ش بگرێته‌وه‌ كه‌ كوردى نین وه‌ك إتحاد و التڕخی به‌ڵام هى كوردن، ئه‌و ئینسكیۆپلۆدیایه‌ ئه‌وسا 133 رۆژنامه‌و گۆڤاربوو، ئێستا زیاتر له‌ سىَ هه‌زار رۆژنامه‌و گۆڤارى كوردى لاى من كۆبوونه‌ته‌وه‌، له‌باره‌ى ئه‌و هه‌موو گۆڤارو رۆژنامانه‌وه‌م نوسیوه‌، نه‌قیبى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانى كوردستان موژده‌یان به‌ ئێمه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌وان برِیاریان داوه‌ چاپى بكه‌ن، ئێستا من پیتى (ڕ)م هێناوه‌ بۆیان، كه‌ بریتییه‌ له‌ 306 رۆژنامه‌و گۆڤارى كوردى، كه‌ به‌ ئه‌لف ده‌ستپێده‌كات كه‌ دوو فایله‌، هه‌مووشى 25 فایله‌، زانیارى ته‌واوى تێدایه‌ له‌سه‌ر رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان هه‌مووشى به‌وێنه‌وه‌. من دواى مانگونیوێكى دیكه‌ ده‌گه‌رِێمه‌وه‌ ئه‌لمانیا تا پیتى (ب) شیان بده‌مىَ دواى ئه‌وه‌ى پیتى (ڕ) چاپ ده‌كرێت.
* ئه‌وئینسكلۆپیدیایه‌ هه‌موو گۆڤارو رۆژنامه‌كانى پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌؟
- هه‌موو پارچه‌كانى كوردستان ده‌گرێته‌وه‌، ته‌نها ئه‌گه‌ر بۆتان باس بكه‌م له‌ سوید له‌ دواى ساڵى 1970 وه‌ 133 گۆڤارورۆژنامه‌ى كوردى ده‌رچووه‌. نه‌ك هه‌ر ئه‌وانه‌ى كوردستان به‌ڵكو ئه‌وانه‌ى له‌ ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپاو ئوسترالیاش ده‌رچوونه‌ كۆمكردوونه‌ته‌وه‌. كه‌ هه‌مووى ده‌گاته‌ نزیكه‌ى سىَ هه‌زار گۆڤارو رۆژنامه‌و له‌وانه‌یه‌ خۆى له‌ ده‌ به‌رگ بدات. ده‌مه‌وىَ ئاماژه‌ به‌وه‌ش بكه‌م كه‌ من ئه‌رشیفخانه‌یه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ندى كوردیم هه‌یه‌ كه‌ برِواناكام هیچ له‌ حیزبه‌كانى ئێمه‌ ئه‌و ئه‌رشیفانه‌یان هه‌بێت یاخود بڵێین ئه‌رشیفخانه‌یه‌كى له‌و چه‌شنه‌یان هه‌بێت، كه‌ نیوه‌شى تایبه‌ته‌ به‌خۆیان ئه‌و شتانه‌ى كه‌ حیزبه‌كان بڵاویان كردۆته‌وه‌، جیاوازیم له‌ نێوان حیزبه‌كان نه‌كردووه‌ چ پارتى و یه‌كێتى و شیوعى و ئیسلامى و ئه‌وانى دى، هى هه‌موویانى تێدایه‌، هه‌ركه‌سێك خزمه‌تى وشه‌ى كوردى بكات ئه‌و كه‌سه‌ لاى من پیرۆزه‌.
* له‌و به‌رهه‌مانه‌ت كه‌ تا ئێستا بڵاوتان كردونه‌ته‌وه‌؟
- رابه‌رى رۆژنامه‌گه‌رى كوردى كه‌ له‌ ساڵى 1973 بڵاوم كرده‌وه‌، رۆژى كوردستان كه‌ كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌ى سه‌رده‌مى شێخ مه‌حمود ده‌گرێته‌ خۆى، له‌گه‌ڵ بانگى كوردستان كه‌ ئه‌ویش كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌ى سه‌رده‌مى شێخ مه‌حمودن له‌ ساڵانى بیسته‌كان، گۆڤارى رۆژى كوردى ساڵى 1913، كۆمه‌ڵێك كارى دیكه‌شم هه‌یه‌ كه‌ وه‌رگێرِانن، ئه‌وانه‌ تۆزێك دوورن له‌وه‌ى تایبه‌ت بن به‌ خزمه‌تكردنى زمان و رۆشنبیرى كوردى.
* ئێوه‌ له‌ ئه‌لمانیا داده‌نیشن، له‌وىَ به‌ چ كارێكه‌وه‌ سه‌رقاڵن؟
- ئێستا هیچ وه‌زیفه‌یه‌كم نییه‌، له‌ ئه‌لمانیا سه‌نته‌رێكمان هه‌یه‌ به‌ناوى سه‌نته‌رى ئه‌رشیف و لێكۆڵینه‌وه‌ى رۆژنامه‌گه‌رى كوردستان، ئه‌و سه‌نته‌ره‌ به‌رِێوه‌ ده‌به‌م، حكومه‌تى ئه‌لمانیا یارمه‌تیمان ده‌دات له‌و چالاكیانه‌ى كه‌ ده‌ینوێنین، هه‌ر ساڵێك پێنج شه‌ش چاڵاكى ئه‌نجامده‌ده‌ین، به‌نیازیش بووین كه‌ سه‌نته‌ره‌كه‌ بگوازینه‌وه‌ كوردستان بۆ هه‌ولێر، به‌ڵام وادیاره‌ رێگا نه‌درا.

پرۆفایل:

- جه‌مال عه‌بدولقادر مه‌عروف خه‌زنه‌دار له‌ ساڵى 1938 له‌ هه‌ولێر له‌دایك بووه‌.
- خوێندنى سه‌ره‌تایى له‌ هه‌ولێر و دواناوه‌ندى له‌ به‌غدا ته‌واو كردووه‌.
- له‌ شه‌سته‌كانه‌وه‌ له‌ به‌غدا ژیاوه‌و ئه‌رشیفخانه‌یه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ندى كوردى هه‌یه‌.
- ئێستا له‌ وڵاتى ئه‌لمانیا داده‌نیشىَ و سه‌نته‌رێك به‌رِێوه‌ده‌بات به‌ناوى سه‌نته‌رى ئه‌رشیف و لێكۆڵینه‌وه‌ى رۆژنامه‌گه‌رى كوردستان.

جاری بيندراوی ئه‌م بابه‌ته‌ : 511


busy
 

: