|
هه‌ڕاجی ئابڕوو
ئیرۆن عومه‌ر
یه‌كێك له باشییه‌كانی ئه‌نته‌رنێت
ده‌ركه‌وتنی رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌لیكترۆنییه، رۆژنامه‌ی ئه‌لیكترۆنی
(سایت- ماڵپه‌ڕ-وێبلاگ) پێچه‌وانه‌ی رۆژنامه‌ی ته‌قلیدی(كاغه‌زی)
ده گاته
هه‌موو ئاوه‌دانییه‌كی سه‌ر گۆی زه‌وی بێ ئه‌وه‌ی تێچوونی
گواستنه‌وه‌ی ئه‌وتۆی هه‌بێت. تیراژی رۆژنامه‌كه‌ش وه‌كو
هی ته‌قلیدی سنووردار نییه‌و ده‌گاته ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانی
كه ده‌یخوێننه‌وه جا ئه‌و كه‌سانه چ چه‌ند كه‌سێك بن چ
چه‌ند ملیۆن كه‌سێك بن، دیسان بێ ئه‌وه‌ی تێچوونێكی زیادی
هه‌بێت. ته‌كلیفی كاغه‌زو مه‌ره‌كه‌ب‌و چاپخانه‌ی نییه،
خێرایی بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌یان هه‌زارجار پتره له هی
رۆژنامه‌ی ئاسایی. زۆرترین ژماره‌ی كه‌سان له هه‌رشوێنێك
بن ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ده‌توانن سوودی لێوه‌رگرن.
ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی ته‌قلیدی پێویستی به پاره‌یه‌كی
ئێجگار زۆره‌و ده‌زگایه‌ك یان رێكخراوێك یان كۆمپانیایه‌ك
له پشتیه‌وه نه‌بێت ناتوانرێت ده‌ربكرێت و به‌رده‌وام
بێت و كاره‌كانی هه‌ڵسوڕێنرێت، هه‌روا پێویستی به ژماره‌كی
زۆر له رۆژنامه‌نووسان هه‌یه كه كاری تێدا بكه‌ن. له‌كاتێكدا
رۆژنامه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌توانرێ له لایه‌ن ته‌نها چه‌ند
كه‌سێكی كه‌م یان ته‌نانه‌ت یه‌ك تاكه‌كه‌سه‌وه‌و به‌پاره‌یه‌كی
كه‌م كه له‌توانای كه‌سێكی كه‌مده‌رامه‌تیش داده‌بێت، ده‌ربكرێت.
رۆژنامه‌ی ته‌قلیدی ده‌بێت باره‌گای كارتێداكردنی‌و ئه‌و
چاپخانه‌یه‌ی لێی چاپ ده‌كرێت و خاوه‌ن ئیمتیاز‌و سه‌رنوسه‌رو
ئه‌وانی دی دیار‌و ناسراو بن و لێره‌دا رۆژنامه‌كه هه‌موو
به‌رپرسیاره‌تییه‌كی یاسایی تایبه‌ت به‌خۆی ره‌چاو ده‌كات،
به‌ڵام رۆژنامه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێت شوێنه‌كه‌ی دیارنه‌بێت‌و
له هه‌رشوێنێك كۆمپیوته‌رێك و هێڵێكی ئه‌نته‌رنێتی
تێدابێت ده‌كرێت ئه‌و شوێنه باره‌گای بێت، كه‌سیش نه‌زانێت
ئه‌و كه‌سه كێیه به‌ڕێوه‌ی ده‌بات و نوسه‌رو رۆژنامه‌نووسه‌كانی
كێن و سه‌رچاوه‌ی زانیاری و هه‌واڵه‌كانیان كوێیه‌و كێییه‌و
هیچ به‌رپرسیاره‌تێكی یاسای وه‌ئه‌ستۆ ناگرن، چونكه له
ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی یاسان و یاسا نایانگاتێ. لێرداو
دوای تێگه‌یشتن له باشیه‌كانی ئه‌نته‌رنێت و گرنگی
رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌لیكترۆنی دیوه خه‌راپ و نێگه‌تیڤه‌كه‌یمان
بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌گه‌ر به‌گشتی له ئه‌نته‌رنێتدا سه‌ره‌ڕای
هه‌موو باشییه‌كانی، جه‌رده‌ی ئه‌نته‌رنێتی و دزی ئه‌نته‌رنێتی
و مافیای ئه‌نته‌رنێتی هه‌بن كه رۆژانه به هه‌زاران كه‌س
به‌هۆیه‌وه رووبه‌ڕووی زیانی دارایی و هه‌ڕه‌شه ده‌بنه‌وه،
ئه‌وه لایه‌نی هه‌ره خه‌راپی رۆژنامه‌گه‌رییه‌كه‌شی
بریتییه له هه‌ڕاجكردنی ئابڕووی خه‌ڵك و ئه‌تككردنی
حورمه‌ت‌و شكاندنی كه‌سایه‌تی پیاوانی بێ‌تاوان و ژنانی
پاكیزه.
هه‌ر شوێنێك و هه‌ر شتێك نه‌توانرێ بخرێته به‌ر رێوشوێنه
یاساییه‌كان و یاسا تیایدا پیاده بكرێت ته‌نها یه‌ك به‌دیل
ده‌مێنێته‌وه بۆ جوان هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه یان ئه‌و
شته، ئه‌ویش ویژدانی مرۆڤه‌كانه، كه له زۆربه‌ی ساییته
ئه‌نته‌رنێتییه‌كان جێگای نییه.
رۆژنییه ئابڕووی كه‌سانێك ئه‌تك نه‌كرێت له‌ڕێی ئه‌و
سایتانه‌وه كه كه‌س نازانێت جێگایان كوێیه‌و نوسه‌ره‌كانی
كێن و هۆی ئه‌و ره‌فتاره‌یان چییه. به‌دڵنیاییه‌وه من له‌گه‌ڵ
ئازادی ره‌های ده‌ربڕین و ره‌خنه‌ی زۆر جیددی دام، به‌ڵام
خۆ یه‌كێك له ره‌هه‌نده‌كانی ئازادی ده‌ربڕین و ره‌خنه
خودی كاره‌كته‌ری راده‌ربڕو ره‌خنه‌گره، ئه‌گه‌ر تۆ نه‌زانیت
ئه‌وه كێیه رای خۆی ده‌نوسیێت و ره‌خنه‌ده‌گرێت واته
ونبوونی یه‌كێك له ره‌هه‌نده‌كان، ره‌خنه‌و بۆچوونه‌كه
له مه‌رجی هه‌ڵگرتنی راستی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌و متمانه‌ی
خوێنه‌ری لێده‌سه‌نێته‌وه‌و ده‌یكاته تێكستێكی بێ‌گیان. سه‌ره‌نجام
ته‌نها وه‌ك ره‌فتارێكی ئیستیفزازی ده‌مێنێته‌وه كه
ئابڕووی خه‌ڵكی پێ له‌كه‌دار ده‌كرێت. شتێك نابێت جگه له
هێرش بۆ سه‌ر كه‌سێك به‌هۆی ئێره‌یی یاخود كێشه‌ی كه‌سی،
تیرۆركردنی پاكیزه‌یی ئافره‌تێك و به‌ره‌وروو كردنه‌وه‌ی
له‌گه‌ڵ مه‌رگ، بێ ئه‌وه‌ی هیچ گوناهێكی هه‌بێت.
كه‌واته ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره له رۆژنامه‌ی ته‌قلیدی
ده‌ره‌نجامێكی خه‌راپی بچووكی لێبكه‌وێته‌وه، ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی
بچووك له رۆژنامه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌ره‌نجامێكی مه‌ترسیداری
گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه. چونكه ئه‌ویان گشتی تره‌و
سنووره‌كانی شوێن و كات تیایدا دیاریكراو نین. |