زارى کرمانجى:
لە کۆبوونەوەیەکى تایبەتى چەند لایەنێکى پەیوەندیدار، بڕیاردرا پڕۆژەى کۆمەڵگەى لاوانى ڕواندز، لە کۆمپانیاى (کۆمە ) وەربگیرێتەوە و نووسینگەکەیان دابخرێت.
ڕاگەیاندنى قایمقامیەتی قەزای ڕواندز بلاویکردووەتەوە: ” لە دیوانی قایمقامیەتی قەزای ڕواندز، بە ئامادەبوونى ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی سۆران، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سۆران، بەڕێوبەری تۆماری خانووبەرەی سۆران، سەرۆكایەتیی شارەوانیی ڕواندز و تێبینەری تێبینەرایەتیی تۆماری خانووبەرەی ڕواندز كۆبوونەوە”.
ئاماژەى بەوەشکردووە، كۆبوونەوەکە بە مەبەستی جێبەجێكردنی فەرمانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بوو بە ژمارە ( ٥٥٧٩) لە ٣١ى ١٠ى ٢٠٢٤، بۆ كۆتایی هێنانی پڕۆژەی لاوان و لێسەندنەوەی لە وەبەرهێن ئەنجامدرا، بەپێی فەرمانی سەرەوە كۆمپانیای ( كۆمە) كە لایەنی وەبەرهێنەری پڕۆژەیە هیچ پەیوەندی بە پڕۆژەكە نەماوە و نووسینگەی كۆمپانیا داخراوە، بۆی نییە هیچ كارێك لە ناو شاری لاوان ئەنجام بدات.
ئەوەشى روونکردووەتەوە، بەپێی ئەم فەرمانە كۆمپانیایی ( كۆمە ) تەواوی پابەندی كە لە بەرامبەر هاووڵاتییان هەیەتی بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ دەگرێت، هەروەها لە كۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سۆران، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانووبەرەی سۆران، كار لەسەر نەخشەیەكی پەسەند كراو بەپێی ڕاستى شوێنەکە (واقع حال) دەكەن، بۆ ئەم مەبەستە تیمەكانیان دەست بەكاردەبن.
باسى لەوەشکردووە، بە پێویست زانرا لایەنە پەیوەندارەكان تەواوكردنی خزمەتگوزارییەكان، لە پلانی فەرمانگەكانیان دابنێن، تا هاووڵاتییان خزمەتگوزارییەكانیان، بۆ فەراهەم بكرێت.