بەڕێوەبەری بنكەی تەندروستی گۆڕەتوو: لە ماوەیەكی نزیكدا سەنتەری پزیشكی ددان دەكرێتەوە

بەڕێوەبەری بنكەی تەندروستی گۆڕەتوو: لە ماوەیەكی نزیكدا سەنتەری پزیشكی ددان دەكرێتەوە

ڕائیب زراری – گۆڕەتوو: بەڕێوەبەری بنكەی تەندروستی گۆڕەتوو، دەڵێ، لە ماوەیەكی نزیكدا لە بنكەكەمان سەنتەری پزیشكی ددان دەكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەی رۆژانە 300 هاووڵاتی بۆ وەرگرتنی ڤاكسین سەردانی بنكەكەمان دەكەن، كە تا ئێستا 5092 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە و بنكەكەمان بۆتە سەنتەرێك بۆ پێدانی ڤاكسین بە هاووڵاتیانی سنووری مێرگەسۆر.
نەجات ئەمیر، بەڕێوەبەری بنكەی تەندروستی گۆڕەتوو، بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گوتی" بنكەی تەندروستی گۆڕەتوو سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی بارزانە لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، سنوورێكی بەرفراوانی هەیە و سەنتەری ناحیەی گۆڕەتوو و 54 گوند لە خۆ دەگرێت، سنوورێكی ئاوا بەرفراوان پێویستی بە خزمەتی زیاتریش هەیە لە بواری تەندروستیدا، كە ئامانجمان خزمەتكردنە بە خەڵك بەشێوازێكی رێكوپێك بۆ چارەسەركردنی نەخۆشەكان.
بەڕێوەبەری بنكەی تەندروستی گۆڕەتوو، گوتیشی:"رۆژانە چەندین نەخۆش بەڕێ دەكەین، چ ئەوانەی بۆ چارەسەر وەرگرتن سەردانمان دەكەن، یا بۆ كوتانی منداڵان، لە سنوورێكی وا بەرفراوان قەرەباڵغیەكی زۆر دروست دەبێت، لەم ماوەیەش نزیكەی چەند مانگێكە بەشێكی بنكەكە بووەتە سەنتەری تایبەت بۆ پێدانی ڤاكسینی كۆڕۆنا، كە خەڵكێكی زۆر لە سنووری قەزای مێرگەسۆر و دەوروبەری سەردانی ئەم بەشە دەكەن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، ئەو نەخۆشانەی چارەسەری پێویستییان لێرە هەبێت بەڕێیان دەكەین، بەڵام بەهۆی نەبوونی تاقیگە و تیشك زۆربەیان رەوانە نەخۆشخانەی گشتی مێرگەسۆر دەكەین.
نەجات ئەمیر، ئاشكراشی كرد:" رۆژانە خەڵكێكی زۆر سەردانمان دەكەن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، رۆژانە 250 تا 300 هاووڵاتی لای ئێمە ڤاكسین وەردەگرن، هەفتەی سێ رۆژمان دیاریكردووە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، رۆژێكی تایبەت بۆ مامۆستایان دیاریكراوە، تا ئێستا 5092 كەس سوودمەندبوونە لە وەرگرتنی ڤاكسین لەم سەنتەرە، دەستخۆشی لە پزیشك و كارمەندانی بنكەكە دەكەم هەمیشە رۆڵی باشیان هەبووە و خەمخۆرانە ئەركەكانیان بەجێدەگەیەنن بۆ خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان.
بەڕێوەبەری بنكەی تەندروستی گۆڕەتوو، زیاتر دەڵێ:" لە رووی داودەرما و پێداویستییەكانی پزیشكی كێشەمان نییە و خزمەتێكی زۆر باش بە هاووڵاتیان دەكرێ، بەڵام لە رووی بینا و خانووی پزیشكان كەم و كوڕی زۆرمان هەیە، پێویستمان بە نۆژەنكردنەوەی بینایەكە هەیە، هەروەها نەبوونی تاقیگە و تیشك بۆ سنوورێكی وا بەرفراوان گرفتی سەرەكین، لەگەڵ ئەوەی لە پلاندایە لە ماوەیەكی نزیكدا بەشێكی بنكەكە بكرێتە سەنتەری پزیشكی ددان، كە 70% كارەكانی تەواو بووە و لە قوناغی كۆتایدایە، ئەویش خزمەتێكی دیكەیە بە هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرە".

زۆرترین بینراو