دەستەیەكی نوێ بۆ یانەی وەرزشی چۆمان هەڵدەبژێردرێت

دەستەیەكی نوێ بۆ یانەی وەرزشی چۆمان هەڵدەبژێردرێت

كەریم سمكۆ – زاری كرمانجی:
عیسا محەمەد ناوەندەیی، سەرۆكی یانەی وەرزشی چۆمان لە دیدارێكی زاری كرمانجی رایگەیاند: ماوەی 10 ساڵە لەو پۆستەم، بۆیە بڕیارمانداوە لەگەڵ ستافی دەستەی كارگێڕی ئەو كەسانەی دەیانەوێ خزمەت بە بواری وەرزش لە باڵەكایەتی بكەن، خۆیان كاندید بكەن، ئێمە لە رۆژانی رابردوو بە فەرمی بڵاومان كردەوە كە دەرگای خۆپاڵاوتن كراوەتەوە و ئێستاش كاتەكە كۆتایی هاتووە، لە 21ـی ئەم مانگەش هەڵبژاردن بۆ دیاریكردنی دەستەیەكی نوێ ئەنجام دەدرێت، تا ئێستا تەنها 3 كەس فۆڕمەكەیان پڕ كردۆتەوە، كەچی لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەڵێن نابێت ئەوانەی خۆیان دەپاڵێون لە 7 كەس كەمتر بن، ئێمەش مەبەستمانە كەسانی جیاواز و روخساری نوێ لە ناوچەكە لەمەودوا خزمەت بە بواری وەرزشی بكەن و بێنە پێشەوە، بێگومان ئێمەش لەم خولەدا خۆمان هەڵنابژێرینەوە.
گووتیشی: یانەكەمان لە ساڵی 2014ـەوە هیچ مینحەیەكی نییە و تەنها پشتمان بە هاوكاری كەس و لایەن و هەندێك لە دەزگاكانی حكوومەتی خۆجێیی بەستووە، ئەمەش ناكرێت چاومان هەر تەنها لە هاوكاری بێت، بەڵكو پێویستە یانەی وەرزشی داهاتی خۆی هەبێت و لەلایەن كەرتی تایبەت فەند بكرێت، بەڵام بۆ شوێنێكی دوورە دەستی وەك چۆمان، جگە لە خۆبەخشی، دەبێت ماڵ بەخشیش بیت.
سەرۆكی یانەی وەرزشی چۆمان سەبارەت بە چالاكییەكانیان گووتی: لەو ماوەیەی ئێمە لە یانەین، بۆ ماوەی 3 ساڵ توانیمان لە خولی فوتساڵی كچان ئەنجامی باش بەدەستبهێنین، 2 ساڵ لە خولی نایابی كوردستان و 1 ساڵیش لە خولی پلەیەك ئەنجامی باشمان بەدەستهێنا، توانیمان سەربەرزانە ناوی چۆمان لەناو بواری وەرزشی كوردستان ببەینە پێشەوە، تیپی تۆپی پێی لاوانمان لە پلە سێی كوردستان بوو توانیمان بیهێنینە پلە دوو، ساڵێك لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە تایكواندۆ یەكەم بووین و ساڵێكیش دووەممان بەدەستهێنا، دواتر دوو یاریزانی یانەی چۆمان لە تایكواندۆ  بوونە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق. هەروەها توانیمان بەشداری خولی تۆپی بالە بكەین لە خولی پلە دووی كوردستان، بەهۆی كۆڕۆنا و كێشەی دارایی كارەكان سستی تێكەوت، ئەگینا توانامان هەبوو لە زۆربەی پاڵەوانێتییەكان بەشداری بكەین و سەركەوتنی زیاتر بەدەست بهێنین، ئەمانە وەكو شانازییەك دەمێننەوە لە مێژووی بواری وەرزشی چۆمان، بەتایبەتی سەركەوتنەكانی تیپی فوتساڵی كچانی چۆمان.
سەبارەت بە كێشەكانیان، رایگەیاند: ئەمساڵ كێشەی دارایی زۆرمان هەبووە و ئێستاش نزیكەی 12 ملیۆن دینار قەرزدارین، تاكە كەس كە هاوكارێكی زۆرباشی ئێمە بووە قائیمقامی چۆمان بووە، زۆرجار ململانێی سیاسی وایكردووە نەمانتوانیبێت كێشەكانمان لە رووی دارایی چارەسەر بكەین و بواری وەرزش لە ناوچەكە زیاتر پێش بخەین.
سەبارەت بە پێشخستنی بواری وەرزش لە ناوچەكە سەرۆكی یانەكە دەڵێت: ئێمە هەندێك تایبەتمەندی خراپمان هەیە لە یانە، یەكەم: دوورە دەستین لە پایتەخت و دەستمان بە شوێنەكان ناگات. دووەم: كۆمپانیای بازرگانی لە ناوچەكە نین، ئەگەر هەشبن كۆمپانیای خراپن لە رووی داراییەوە بۆ یانەكەمان. ئەوەی هەیە و پێویستە كاری جددی لەسەر بكرێت، دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانە، پێویستە ساڵانە بڕێك هاوكاری، ئەگەر كەمیش بێت لەم دەروازەیە تەرخان بكرێت ئینجا بەهەر رێگایەك بێت، بۆ ئەوەی بواری وەرزش لەو ناچەیە پەرەی زیاتری پێ بدرێت و وەك ساڵانی رابردوو تیپەكانمان ناوی چۆمان و باڵەكایەتی بخەنە سەر شاشەكان و بەرنامە وەرزشییەكان و خەڵك لەم رێگایەوە ئاشنای چۆمان بێت.
سەرۆكی یانەی وەرزشی چۆمان پێشنیار دەكات: لایەنی پەیوەندیدار دەتوانێت بەجۆرێك لە جۆرەكان هاوكاری بواری وەرزش بێت، یانەی وەرزشی داهاتی سەربەخۆی هەبێت لە رێی پڕۆژەی جیاواز، بۆ نموونە لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران هێڵی گواستنەوەی تایبەتی خۆی هەبێت و داهاتەكەی بۆ بواری وەرزش بێت، چونكە ئێستاش یانەی وەرزشی هەیە مینحەی هەیە و داهاتی سەربەخۆی خۆی هەیە و حزب و دەستەڵاتی خۆجێیی ناوچەكان هاوكارن بۆ ئەوەی یانە لەسەر پێی خۆی بوەستێ، بەڵام بەداخەوە لێرە نەك هاوكاریمان ناكەن، بەڵكو دژایەتیشمان دەكرێت.
راشیگەیاند: هیوادارم ئەو ستافەی لەدوای ئێمە دێتە یانەكە بتوانێت پەرە بە بواری وەرزش بدات و ئەو قۆناغە سەختانە تێپەڕێنێت، هەر نەبێت درێژە بەو سەركەوتن و شانازییانە بدات كە ئێمە لە چەند ساڵی رابردوو بناغەمان بۆی داناوە، بەڵام ئەگەر هەر بەوجۆرە كێشەی دارایی هەبێت، ئەوەی هەشە دەپوكێتەوە و نامێنێت.

زۆرترین بینراو