د. پەریخان ئەرسەلان" فەرامۆشکردنی کلۆری ددان هۆکارە بۆ لەناو چوونی رەگی ددان

د. پەریخان ئەرسەلان" فەرامۆشکردنی کلۆری ددان هۆکارە بۆ لەناو چوونی رەگی ددان

محەمەد ئامۆکەیی ‌- زاری کرمانجی: لە دیدارێکی تایبەتی زاری کرمانجیدا د. پەریخان ئەرسەلان، پزیشکی دەم و ددان باس لە گرفتەکانی دەم و ددان هەندێ پرسی تر پەیوەست بەددان دەکات.
٭نەخۆشیە باوەکانی دەم و ددان چین؟ 
لە ئێستادا بەشێکی زۆری چارەخوازان بەهۆی کلۆری ددان، نەخۆشیەکانی پووک و هەروەها هەستیاری ددان سەردانی نۆرینگەکانی پزیشکی ددان دەکەن، فەرامۆشکردنی کلۆری ددان هۆکارە بۆ لەناوبردنی ڕەگی ددان لەوکاتەشدا بڕینی دەماری ددانی پێویستە ، هەروەها نەخۆشیەکانی پووک گەربێت و فەرامۆش بکرێن هۆکارە بۆ جوڵان و کەوتنی ددانەکان.

٭هۆکارەکانی سەرهەلدانی کلۆری ددان؟ 
جگە لە نەبوونی ئاگاداری پێویست بۆ ددانەکان و خواردنی شیرنی و خواردنەوەگازیەکان بەڵام لەهەندێ کەسدا ئەگەری توشبوون زیاترە ئەوانیش بریتین لەکەسانەی کەبری پێویست لیکیان نیە واتە دەمیان وشکە بەهۆی بەکارهێنانی هەندێ دەرمان و بوونی هەندێ نەخۆشی ، لەمنداڵانیش بەهۆی مانەوەی بوتڵی شیر بۆماوەیەکی دریژ لەکاتی خەوتن ،لە کەسانی بەتەمەنیش بەهۆی لاچوونی پووک لەسەر ڕووی ددان و زۆربوونی داخورانی ددان.

٭چارەسەرەکانی کلۆری ددان چین؟
ئەگەر ددانەکە لەقوناغە سەرەتاییەکانی کلۆری بێت ئەوا دەتوانرێت بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی فلۆراید چارەسەربکرێت، بەڵام ئەگەر کلۆری ددان زیاتربێت ئەوا بەهۆی پڕکردنەوەی ددان ، دانانی کیفی ددان ، زۆر جاریش بەهۆی کەمتەرخەمی چارەخواز کلۆری ددان دەگاتە دەماری ددان پێویست بە بڕینی دەمارەکە دەکات و پاشانیش پڕدەکرێتەوە ، بەڵام ئەگەر نەتوانرێت بەو ڕێگایانەی سەرەوە کلۆریەکە چارەبکرێت دەبێت ددانەکە هەڵبکێشرێت. 

٭هۆکارەکانی سەرەکی بۆنی ناخۆشی دەم  چیە؟
بۆنی دەم پەیدادەبێت لەئەنجامی کۆبوونەوەو گەشەکردنی بەکتریا لەناودەم کەئەمەش بەهۆی پشتگوێ خستنی هۆکارەکانی پاککردنەوەی ناودەم (شووشتنی ددان و بەکارهێنانی داوی ددان)لەلایەن چارەخواز دەبێتە هۆی گیربوون و مانەوەی خۆراک لەنێوان ددانەکان ولەنێوان چەژەگۆپکەکانی سەر ڕووی زمان کە دەبێتە هۆی پەیدابوونی بۆنی ناخۆشی دەم بەتایبەتی لەکاتی بەیانیان، هەروەها بەهۆی جگەرەونەخۆشیەکانی پووک و بەکارهێنانی هەندێ دەرمان کەدەبنە هۆی وشکی دەم.

٭چۆن ڕێ لە بۆنی ناخۆشی دەم بگرین ؟
1_شووشتنی ددانەکان دوای نانخواردن واباشترە ڕۆژانە دووجار ئەنجام بدرێت.
2_ئەگەر بەکارهێنەری تاخمی ددانی پێویستە شەوانە لەناو ئاودابنێرێت و ڕۆژانە جارێک پاکبکرێتەوە بەلایەنی کەمەوە.
3-وەبەکارهێنانی داوی ددان ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە جارێک ئەنجام بدرێن بۆنەهێشتنی کۆبوونەوەی خۆراک لەنێوان ددانەکان .
4-خۆت دووربخەوە لەوهۆکارانەی کەدەبنە هۆی وشکی دەم ) وەک جگەرەکێشان(، وەهەوڵبدرێت ئاو زۆر بخورێتەوەو جوینی ئەو بنێشتانەی کەشەکریان تێدانیە هۆکارە بۆ زیادبوونی لیکی ناو دەم.
5- گۆڕینی فڵچەی ددان هەر 3بۆ 4مانگ جارێک.

٭جێگرەوەکانی ددانی کێشراو چین؟ 
لەئێستادا یەکێک لە باوترین ڕێگەکان بریتیە لەچاندنەوەی ددان (implant) کە ئەویش چەند مەرج و بارودۆخی تایبەت بەخۆی هەیە ، ئەگەری سەرکەوتنی بەرزە ، بەڵام ڕێگەی تریش هەن وەکو دانانی کیف و جسری ددان ، هەروەها تاقم بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە ئێسکی شەویلاگیان توانای لەخۆ گرتنی ددانی چاندراوی نەبێت یاخود بەهۆکاری ماددی نەتوانێت چاندنی ددان ئەنجام بدات.

٭ئایا بڕینی دەماری ددان زیانی هەیە؟ 
بێگومان گشت کردارێکی چارەسەری ددان ڕێژەی سەرکەوتنی پەیوەستە بەچۆنیەتی ئەنجامدان و پەیوەستبوونی پزیشکی ددان بە ڕێنمایە زانستیەکان، بڕینی دەماری ددانیش هۆکارە بۆکەمکردنەوەی ئازاری توندو بێزارکەری ددان و جگە لەوەش هەر ددانی دەمار بڕاو بەشێوەیەکی ڕێک و پێک زانستی لەتوانای دایە بۆماوەی 8_10 ساڵ بەرگری لەمانەوەی ددانەکە بکات.

٭هۆکارەکانی خوێن هاتنی پووک چین؟ 
هۆکاری سەرەکی هەوکردنی پووکە بەهۆی بەکارنەهێنانی داوی ددان و کۆبوونەوەی خواردن لەنێوان ددانەکان و هەوکردنیان  بەڵام هۆکاری دیش هەن وەکو شۆردنی  ددانەکان بەشێوەیەکی هەڵەو بەهێزی زۆر یاخود بەکارهێنانی فڵچەی تاڵی زبر، هەروەها لەکاتی دووگیانی  بەهۆی گۆرانی هۆرمۆنەکان ، کەمی ڤیتامین C,هەروەها هەندێ جار شێرپەنجەی خوێن.

٭چارەسەری خوێن هاتنی پووک چیە؟ 

چارەسەرەکە پێویستە بەگوێرەی هۆکاری خوێن هاتنەکە بێت بۆ نموونە کەسانێ کە کەمی ڤیتامینیان هەیە پێویستە کاربکرێت بە بەدەستهێنانی بڕی گونجاو لە ڤیتامینەکان ، بۆ خانمانی دووگیان پێویستە زیاتر گرنگی بە پووک و ددانەکانیان بدەن ، بۆ ئەوانەی هەوکردنیان هەیە پێویستە شۆردنی ددان بە ڕێگەی زانستی لای پزیشکی ددان ئەنجام بدەن پەیوەست بە بەکارهێنانی غرغەرەو دەرمانەدژە هەوکردنەکان  کە پزیشکی ددان پێشنیاری دەکات.

زۆرترین بینراو