سەرۆكی شارەوانی رواندز كار لەسەر بە دوو سایدكردنی رێگەی رواندز – رانیە دەكەین

سەرۆكی شارەوانی رواندز كار لەسەر بە دوو سایدكردنی رێگەی رواندز – رانیە دەكەین

دیدار- مەهدی محەممەد
سەرۆكی شارەوانی رواندز، دەڵێت " لەپێناو بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و رەخساندنی دەرفەتی زیاتری كار بۆ هاووڵاتیانی سنوورەكە، كارمان بۆ كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیجی كردووە، كە لە نێویاندا بە دوو سایدكردنی رێگەی نێوان (رواندز–رانیە) و چەند پڕۆژەیەكی دیكەی گرینگی خزمەتگوزارین.
نەجات مەجید، سەرۆكی شارەوانی رواندز، لە دیدارێك زاری كرمانجی دا، رایگەیاند " كۆمەڵێك پڕۆژەی گرینگ و ستراتیجی لەسنوورەكە كە لە پلان و بەرنامەدان كە كارییان لەسەر دەكرێت بۆ جێبەجێ‌ كردنیان، لە ئێستاشدا تەركیزی سەرەكیمان لەسەر بەگەڕخستنەوەی دوو لە پرۆژە سەرەكییەكانی قەزای رواندزە، كە زیاتر لە 700 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكرا بوو، ئەویش پڕۆژەی قیڕتاوكردنی شەقامی گەڕەكەكانی (نەورۆز، شەهیدان، بانەزێوك) لەگەڵ چارەسەر كردنی كێشەو گرفتەكانی ئاو، كە بەداخەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە 35 % كاری تێدا كراوەو ئەوەی تر وەستاوە".
گووتیشی "پڕۆژەی دووەم كۆنكریتكردنی تەواوی ئەو شەقامانەی كە لە گەڕەكە كۆنەكانی شار ماون لەگەڵ دروستكردنی ئاوەڕۆ بۆ هەندێ گەڕەك، هەروەها پڕۆژەیەكی تریشمان هەیە كە ئەویش هەر لەبەر ئەو بارودۆخە وەستاوە، كە خۆی لە قیڕتاوكردن و دیواری پاڵپشت بۆ هەر یەك لە گەڕەكانی (ئازادی ، گەردە گەرد) دەبینیتەوە كە 60 % كارەكان تەواو بووە، ئەوەی كە ماوە هەوڵمانداوە ئەویش بەكار بخرێتەوەو تەواو بكرێن".
سەرۆكی شارەوانی رواندز ئەوەشی ئاشكرا كرد " كە لەگەڵ قائیمقامی قەزای رواندز لەسەر خەت بووە و بەدواداچوونی بەردەوامی بۆ ئەو پڕۆژانە كردووە كە بە نیوە چڵی ماونەتەوە، لە هاوینی ئەمساڵدا دەست بەكارەكانیان بكرێتەوەو ئەو كێشەو گرفتانەی ماوە كە هاوشارییان بە دەستیانەوە دەناڵێنن بە كۆتا بهێن، هەروەها هەوڵەكانمان بۆ زیاتر بایەخدان بە پڕۆژەی وەبەرهێنان و گەشتیاری بەردەوام بووە، ئێستا بەشێكیان لە بواری جێبەجێكردنن و كار لەسەر پرۆژەی تریش دەكەین، تاكو رواندز لە رووی ئابووری پێش بخەین و دەرفەتی زیاتری كار بۆ هاوشارییان بڕەخسێنین".
نەجات مەجید ئەوەش دەخاتەڕوو " پێنج پرۆژەی ستراتیجی لەسنوورەكەمان لە بەرنامەدان بۆ ئەوەی لە ئایندە كاریان لەسەر بكەین، بە ئەنجام گەیاندنی ئەو پڕۆژانە، رواندز دەچێتە قۆناخێكی نوێیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا قائیمقامی رواندز داوای كۆمەڵێك پرۆژەی ستراتیجی كرد، من چوار پێنج پرۆژەم پێشكەش كرد كە خۆی لە بە دووسایدكردنی رێگەی نێوان (رواندز ،رانیە) و (بێخاڵ، رواندز) و (جوندییان، رواندز) دەبینیتەوە، هەروەها دروستكردنی پردێك لە رواندزەوە بۆ بناری هەندرێن، لەگەڵ دروستكردنی پاڵاوگەیەكی ئاوی قورس لە دەروازەی خەرەند و گەلی خاڵەڕەش، بۆ ئەوەی ئاوی پیس تێكەڵ بە ئاوی پاك نەبێ و سەرچاوەكانی ئاوی خۆمان لە پیسبوون بپارێزین".
لەدوا قسەكانیدا سەرۆكی شارەوانی رواندز ئاشكرای كرد "كە قائیمقامی رواندز ئەو پێنج پڕۆژەی پێشكەشی بە ئەنجوومەنی وەزیران كردوە، لێی ئاگادارنیم ئایا تا چەندە كاری لەسەر كراوە، بەڵام ئێمە لای خۆمان هەمیشە هەوڵ دەدەین و بەدواداچوونی بۆ دەكەین تاكوو بكەونە واری جێبەجێكردنەوە.

 

 

 

زۆرترین بینراو